ساڵێك دوای جەنگی ئۆكرانیا - روسیا و تارمایی جەنگی ئەتۆمی

09:16 - 2023-02-23
بورهان شێخ رەئوف
250 خوێندراوەتەوە

جاران لە ئەمریكا و یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو  راهێنان بە منداڵان دەكرا بۆ چۆنیەتی هەڵسوكەوت و بەرەنگاربوونەوە، لەكاتی بەكارهێنان چەكی ئەتۆمیدا، ئێستاش دوای ساڵێك لە جەنگی روسیا و ئۆكرانیا جارێكی تر  تارمایی جەنگی ئەتۆمی و بەكارهێنانی سەر لەنوێی ئەتۆم سەری هەڵداوەتەوە و بۆتە مۆتەكە بۆ نەوەی نوێ لە جیهاندا و بەتایبەتی لەئەوروپا ئەمریكا.

چەكی ئەتۆمی روسیا
هەر لەدوای پەلاماردانی خاكی ئۆكرانیاش لە لایەن روسیاوە، سەرۆك پوتین رایگەیاند كە هێزی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی وڵاتەكەی لە دۆخی ئامادەباشی تەواو دایە بۆ هەر ئەگەرێك، لە بەرامبەریشدا ئیدارەی ئەمریكا رایگەیاند ئەم هەڵوێستەی روسیا سامناكە و نابەرپرسیارانەیە و شایانی قبوڵ كردن نییە، واشنتۆن هۆشداری توندیشی بە مۆسكۆ دا، لەوەی ئەم هەڵوێستە ئاكامی كارەساتباری لێ دەكەوێتەوە، بەڵام مۆسكۆ گوێی بەو هۆشدارییانە نەداو هەر دووبارەی دەكردەوە، ئەمەش بووە مایەی نیگەرانی بۆ هەموو وڵاتانی جیهان كە بە دووری نازانن لە هەر كات و ساتێكدا بێت مۆسكۆ پەنا بۆ بەكارهێنانی ئەو چەكە ماڵوێرانكەرە ببات .
لەلایەكی ترەوە جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا لە 1/10/2022 هۆشداری توندی دا لە ترسناكی دۆخەكەو وتی: ئەمە یەكەمجارە لە دوای كێشەی رۆكێتەكانی كوباوە لە ساڵی 1962 كە وا بەئاشكرا مرۆڤایەتی هەڕەشەی كۆتایی هاتنی لەسەر بێت، هەروەها بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری نیشتمانی ئەمریكاش خاتوو (ئەفریل هاینز) رایگەیاند لە شەستەكانی سەدەی پێشووەوە تا ئێستا روسیا هەڕەشەی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی نەكردووە .

داگیركردنی چوار ناوچەی ئۆكرانیا
دواتر كاربەدەستە روسەكان روونكردنەوەی زیاتریان لەسەر راگەیاندن و لێدوانەكانیان داو وتیان، چەكی ئەتۆمی بەكار ناهێنن لە دۆخێكدا نەبێت، كە بوون و مانەوەی روسیا هەڕەشەی جدی لەسەربێت ، بەڵام  روسەكان ئەوەشیان دیاری نەكردووە  كە ئەو چوار ناوچەیەی ئۆكرانیا كە روسیا داگیری كردووە و لكاندوونی بە خاكەكەیە لەو چوار چێوەدایە یان نا ؟
لەم هەڕەشەو لێدوانە توندانەی روسیادا ئەوەمان بۆ ئاشكرا دەبێت، كە روودانی هەر هەڵەو هەڵكشانێك لەم جەنگەدا جا بە دەستی ئەنقەست بێت یان بە هەڵە، بۆی هەیە  دۆخەكە لە كۆنترۆڵ دەركات و كارەساتی سامناكی لێ بكەوێتەوە .

كاریگەری جەنگی ئۆكرانیا لەسەر رێكەوتننامە جیهانییەكان
لە هەمانكاتدا ئەم جەنگە كۆتایی بە زۆرێك لە رێكەوتننامە جیهانییەكانی تایبەت بە كێبڕكێی پڕچەكردن  هێنا، بە تایبەتی لە نێوان روسیا و ئەمریكادا لە دوای جەنگی سارد، كە رۆڵیان هەبوو لە كەمكردنەوەی ناكۆكی و ململانێكان لەجیهانیشدا.
ناڕەزایی و پەرپەرچدانەوە لەسەر ئاستی جیهان دژ  بە  لێدوانەكانی مۆسكۆ، بۆ بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی لە جەنگی ئۆكرانیادا، بە تایبەتی لەلایەن هاوپەیمانەكانی روسیاوە (هیندستان و چین)، لەم رووەشەوە لە مانگی ئەیلولی 2022 سەرۆك وەزیرانی هیندستان (ناریندرا مودی) بە ڕەسمی دژایەتی هیندستانی بۆ بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی لەلایەن روسیاوە بە پوتین راگەیاند، هەروەها لە مانگی تشرینی دووەمی 2022 كۆمەڵەی بیست لە كۆتایی كۆبوونەوەی  لووتكەكەیاندا لە بالی لە ئەندۆنیسیا، كە روسیا خۆیشی بەشدار بوو، پێیان راگەیاند كەوا بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی یان ئاماژە دان بە بەكارهێنانی كارێكی نەكردەیە و شایانی قبوڵكردن نییە.

ساڵێک بەسەر جەنگی روسیا و ئۆکرانیادا تێدەپەڕێت

وتارەکانی نوسەر