لەسەر چی ململانێ دەکەین؟

09:45 - 2023-02-23
فەیسەڵ عەلی
378 خوێندراوەتەوە

پەیوەندییەکی بەهێز و پتەو لە نێوان دەوڵەتە هەرە پێشکەوتووەکان و ژمارەی داهێناننامە (برا‌وه‌ الاختراع) هەیە کە ساڵانە تۆماری دەکەن، با بە نموونە ژمارەی ئەو داهێناننامانەی لە کۆتایی ساڵی رابردوو لە نوسینگەی ئەوروپا بۆ داهێناننامە تۆمار کراون، وەربگرین. ئەمریکا پلەی یەکەمی هەیە بە 46 هەزار و 533 داهێنانامە گرتووە، بەدوایدا ئەڵمانیا بە پلەی دووەم دێت بە 25 هەزار و 969، پاشان ژاپۆن بە 21 هەزار و 681 داهێنانامە لە پلەی سێیەمدایە، دوای ئەویش چین دێت بە 16 هەزار و 665 و لە پلەی چوارەمدا و فەرەنساش بە 10 هەزار و 537 داهێناننامەی نوێوە بە پلەی پێنجەم دێت.
ئەو ریزبەندییە، تا رادەیەکی زۆر هەمان ریزبەندیی دەوڵەتە هەرە پێشکەوتووەکانی پیشەسازییە لە جیهاندا، بە ئاستی ئەو داهێناننامانەی تۆماری دەکەن، بە ئاستی بەرهەمە نوێیە پیشەسازییەکانیان کە هەناردەی دەکەن، بە ئاستی سەرکەوتنی دەوڵەت لە هەناردەکردنی بەرهەمی نوێ، بە ئاستی ئەو داهاتەی بۆ دەوڵەتەکانیان دەگەڕێتەوە و گەلانیان دەستکەوتی زیاتریان لێ چنگ دەکەوێت.
هەمان بەراورد دەشێ بۆ کۆمپانیاکانیش راست بێت، تێبینی ئەوە دەکرێ کۆمپانیا گەورەکانی جیهان، ئەو کۆمپانیایانەن کە زۆرترین داهێناننامەیان تۆمار کردووە. کۆمپانیا ئەمریکی و کۆری و ژاپۆنییەکان، بەردەوام ریزبەندیی یەکەمیان لە رووی ژمارەی داهێنان و تۆمارکردنی داهێناننامەوە کۆنتڕۆڵ کردووە. بۆ نموونە ساڵی رابردوو کۆمپانیای (ئای بی ئێم) ئەمریکایی پلەی یەکەمی لە ناو ئەمریکا هەبوو، بە دوایدا (سامسۆنگ)ی کۆریای باشوور دێت، پاشان کۆمپانیای (هواوی) چینی دێت، دوای ئەوانیش هەردوو کۆمپانیای (ئەنتل) و (ئەپڵ)ی ئەمریکایی، لە پلەی شەشەم و حەوتەمدا بەدوای یەکدا دێن.
لەسەر ئاستی جیهان، کۆمپانیای سامسۆنگ پلەی یەکەمی لە تۆمارکردنی 90 هەزار و 416 داهێناننامە گرتووە، لەوانە شەش هەزار و 366 داهێنانیان لە ناو ئەمریکا تۆمار کراون، بەم ژمارەیەی نەک هەر بەسەر کۆمپانیا ئەمریکایی و ژاپۆنییەکاندا سەرکەوتووە، بەڵکو بەسەر کۆی داهێناننامەی دەوڵەتە ئیسلامی و عەرەبییەکانیشدا زاڵە.
دەوڵەتانی عەرەبیش زۆربەی داهێناننامەکانی لەناو چەکمەجە و رەفەی کتێبخانەکانی زانکۆکاندا دانراون و تۆزیان لێنیشتوە، چونکە بونیادێکی پیشەسازیی لەباریان نییە بۆ پراکتیزەکردن. زۆربەی داهێنانەکانمان هەوڵی تاکەکەسییە و ناگاتە ئاستی پیشەسازی و کێبڕکێ، لە ژێر ناوی خانەی توێژینەوەی زانستی و تەکنۆلۆجیای زیرەک پۆلێن ناکرێن، کە وڵاتە پێشکەوتووەکان کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
لە دەوڵەتە پێشکەوتووەکاندا داهێناننامەکان قۆناغی پیشەسازییان تێپەڕاندووە و بەرەو کێبڕکێی قۆرغکاری رۆیشتوون کە کۆمپانیا یاساییە زەبەلاحەکان ئیدارەیان دەدات. تۆمارکردنی زۆرترین ژمارەی داهێناننامە و مافی پیشەسازییکردن، بەبێ ماندووبوونی زۆر سەدان ملیۆن دۆلار قازانج بە ئەپڵ و سامسۆنگ و هواوی دەگەیەنێت. کۆمپانیای خاوەن داهێناننامە، یان ئەو داهێنانە بۆ کۆمپانیاکەی خۆی قۆرغدەکات، یان لە کۆمپانیا رکابەرەکانی قەدەغە دەکات، یان ئەوەتا مافی بەپیشەسازیی کردنی بەرامبەر بە رێژەیەک بەوانیتر دەفرۆشێتەوە، یان لە خراپترین حاڵەتدا، بە یاسا داوای قەرەبووکردنەوە لە هەموو ئەوانە دەکات، کە لاسایی بەرهەمەکەی دەکەنەوە، بەوەش چەندین ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیای خاوەن داهێنان و پیشەسازییەکە دەستەبەر دەکات. 

وتارەکانی نوسەر