گەشە و سەرکەوتن *

خۆشەویستی و تەمەن

09:58 - 2023-02-26
ئەرشەد تەحسین
544 خوێندراوەتەوە

خۆشەویستی و تەمەن

تەمەن پڕ بكە لە خۆشەویستی، هەمیشە خۆشەویستی ببەخشە و تەمەنت بە كردار و رەفتارەكانت بكە بە ئاوێنەیەك بۆ رەنگدانەوەی خۆشەویستی، ئەوە خۆشەویستی نییە ئەو كەس و شتەی خۆشتدەوێت لە ئەندازەی خۆشەویستی خۆت كەمتر بێت، خۆشەویستی هەمیشە بەندە بە ئەو ئەندازەیەی پەخشی دەكەیت و دەیبەخشیت.
 تەمەن راگوزەرێكە، دێت و دەبڕێتەوە، گەر بە وردی تێبفكرین هێندە نییە بەشی خۆشەویستی بكات بە واتا فراوانەكەی، چ جای ئەوەی بگات بەرق و كینە و بە ناخۆشی بە سەری بەریت، بریا دەكرا هەمووان لەبری درووستكردنی ناكۆكی و شەڕ پردێكمان دروست دەكرد بۆ پەڕینەوە لە جۆباری رق و تووڕەیی و گەیشتن بە كەناری خۆشەویستی و پێكەوە ژیان، تەمەنت بە خۆشەویستییەوە بەسەر بەرە، خۆشەویستی بكە بە سەرمەشقی ژیانت، لەهەر شوێنێك و لەهەر بارودۆخێكدایت بە خۆشەویستییەوە خۆت بگونجێنە، كاتێك باران سەراپا جەستەت ئاودامانی تنۆكەكانی خۆی دەكات خۆشەویستی بە دڵۆپەكانی ببەخشە، خەم و ناسۆر و رق و تووڕەیی ژیان بە خۆشەویستی دەتوێتەوە، نهێنی مانەوەی مرۆڤایەتی بوونی خۆشەویستیە.
 هەمیشە لەبری هەڵاتن لە چەمی خەم و تووڕەیی و رق و كێشەكان، بەردە بازێك بنیاتبنێ بۆ پەڕینەوە و هەمیشە لە بری رق بەچاوی خۆشەویستییەوە لە دەوروبەر بڕوانە، ئارەزووی ماڵ و سامان لە ژیان مەكە بە بێ دڵخۆشی و خۆشەویستی، داوای خۆشەویستی و لەش ساغی بكە و هەوڵی بۆ بدە، ئەوە گەورەترین سامانە ژیان پێتی بدات.
 تەمەن بە خۆشەویستییەوە جوانە، كاتێك ژیان ئاودامانی خۆشەویستی دەكەین ئەوا خۆشبەختی لە تەواوی كایەكانی ژیان دا رەنگ دەداتەوە، كاتێك خۆشەویستی دەكەیتە بنەمای ژیانت، تەمەنت بەهاری دەبێت بە گوڵاڵە سوورەی بەختەوەریی دەڕازێتەوە و پەپوولەی خۆشبەختی لە باخی ژیانت سەما دەكات، بەختەوەریی و خۆشبەختی تۆ پێشوەختە خۆت بڕیارت لێداوە، رق و كینە لە ژیانت وەدەرنێ و بە خۆشەویستییەوە هەنگاو بنێ، هێزی خۆت پیشان بدە و  كۆشكی پڕ لە كێشە و رق و تووڕەیی  بیركردنەوەت بڕوخێنە و كۆشكی پڕ لە خۆشەویستی بنیات بنێ.
* گۆشەیەکی هەفتانەیە

وتارەکانی نوسەر