پەشمەک

مردنی راستەقینە

10:21 - 2023-02-26
ڤینۆس فایەق
439 خوێندراوەتەوە

87

کە زەمینلەرزە لە جێگەیەک دەدات، ئاسان ژمارەی مردووەکان دەزانرێ، بەڵام زۆر سەختە رادەی ئازارەکان بزانیت، چونکە ئاسەوارە دەروونییەکانی لە ئاکامی گیانلەدەستدانەکان زۆر لەوە گەورەتر و وێرانکەرترن، هەرگیز هەست بەو ئازارەش ناکەیت تەنها کە زەوی لەژێر پێتا بلەرزێ، کاتێک ئەو جوگرافیایەی لێی دەژیت لەسەر هێڵی زەمینلەرزە بێت. هەر بۆیە کە موسیبەتێک روو دەکاتە جێگەیەک، بەتایبەت رووداوێکی سروشتی وەکو زەمینلەرزە و لافاو و زۆر کارەساتی تری سروشتی، ئیتر لەبەردەم گیانلەدەستدانی هەزاران کەسی بێتاواندا، بە منداڵ و ژن و بەتەمەنەکان و کەمئەندام و ئەوانەشی بەو بەیانییە زووە لەسەر بەرماڵ بوون جێگە بۆ هیچ رق و کینەیەک نامێنێتەوە. ئەوەی روویداوە بەرگەی هیچ تەفسیر و لێکدانەوە وردکردنەوەیەکی دەرەوەی بازنە ئینسانییەکە ناگرێ. 
تەنانەت ئێمە وەکو میللەتێکی زوڵمێکراو لەسەر دەستی رژێمێکی وەکو تورکیا یان عیراق یان سوریا، ناکرێ بڵێین ئەوانە عەرەب یان تورکن شایستەی ئەو جۆرە مردنەن. چجای ئەگەر زۆرینەی قوربانییەکانی کارەساتێکی لەوجۆرە لە میللەتی خۆمان بن، لەجیاتی ئەوەی لانیکەمی هەستی ئینسانییەتمان بۆیان بوروژێت، بەدیار ئەو وێنە جەرگبڕانەوە دانیشین و بڵێین: «زەوی لەژێر پێی قەومێکا نالەرزێت تەنیا لەبەر زۆری تاوانەکانیان»، یان بڵێین: «بوومەلەرزە لەهەر شوێنێک بدات، ئەوە زینا لەو شوێنە زۆرە». ئەم جۆرە گوتارانە راچڵەکێنەرن، ئینسانییەت دەخەنە ژێر پرسیارێکی گەورەوە. 
زۆر خەتەرناکە هەموو شتێک بە لۆژیکی رەش و سپی بپێوی، و ئەوەندە متمانەت تەنها بە بیرکردنەوەی خۆت هەبێت و بەشێوەیەکی رەها رایەکی لەوجۆرە رابگەیەنیت. ئاخر لەوەتەی مرۆڤایەتی هەیە تاوان و زینا و خراپەکاری هەیە، بەڵام ئەوە ئێمەی مرۆڤ نین فەتوایەکی لەو جۆرە بدەین و پێ بەسەر هەموو پێدراوە زانستییە سەردەمییەکاندا بنێین و کرچوکاڵ بیبڕێنینەوە کە زەمینلەرزە سزایەکی ئاسمانە بۆ کۆمەڵێک ئادەمیزاد. 
تۆڵستۆی دەڵێ: «ئەوەی بیرۆکەیەکی هەڵەی لەبارەی ژیانەوە هەبێت، بێگومان بیرۆکەیەکی هەڵەی لەبارەی مردنەوە هەیە». ئەگەر قەرارە ئێمە ئادەمیزادبین و هەڵگری هەستێکی مرۆڤانە بین، دەبێت بە هەموو کارەساتێک کە منداڵ و پیر و پەککەوتە و ئادەمیزادە باشەکانی تیادا لەناودەچێ راچڵەکین و هەڵوێستێکی ئینسانییانە وەرگرین لەبری ئەوەی تەنزیر و تەفسیری بێمانا بکەین و بڕیار لەوە بدەین ئەو قوربانییانە بۆچی دەمرن و بەشێوەیەکی رەها بڕیار بدەین ئەو هەزاران قوربانییەی زەمینلەرزەکە هەر هەموو خراپەکار بوون. 
رەگوریشەی ئەمجۆرە بیرکردنەوانە لە بنەما پەروەردەییەکەوە سەریهەڵداوە کە لە گوتار و هەڵوێستەکاندا رەنگدەداتەوە و دنیابینییەکی جیاواز و ناپەسەند بەرهەمدەهێنێتەوە. لەڕاستیدا زەمینلەرزەی راستەقینە ئەوە نییە کە لە تورکیا و سوریا روویدا، مردنی راستەقینەش ئەوە نەبوو کە بە هەزاران کەسی پێچایەوە لەژێر داروپەردووی ماڵ و ساختمانەکاندا رۆحی کێشان، بەڵکو زەمینلەرزەی راستەقینە ئەو کاتە روودەدات کە کەسێک تەفسیرێکی هێندە ناماقووڵ و بە ئازار لە ئاست مردنێکی لەوجۆرەی هەزاران کەسی بێتاوان دەردەبڕێت، ئیتر هەر ئەو تەفسیرەیە کە مردنی راستەقینەی ئەوانە رادەگەیەنێت کە بەوجۆرە بیردەکەنەوە. 
خۆ ئەگەر ئایدیایەک یان هەر فەلسەفەیەک لە هەر جێگەیەک ئەمجۆرە بیرکردنەوەیە بەرهەمبهێنێت کە زەڕەیەک بەزەیی شک نەبات لەبەردەم موسیبەتی ئەوانیتردا و هاندەری چەمکی ژیاندۆستی نەبێت، ئەوا بەبێ هیچ گومانێک مرۆڤایەتی لەو جێگەیە لەبەر مەترسیی لەناوچوونێکی ئەخلاقی و ویژدانیدایە.

وتارەکانی نوسەر