لە پەنجەرەی پەروەردەوە

گرنگی پلەبەندی کارگێڕی لە پەروەردەدا

09:50 - 2023-02-28
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
746 خوێندراوەتەوە

پلەبەندی کارگێڕیی لە هەر دەزگا و دامەزراوەیەکدا، لە پێکهاتەی رێکخراوەیی و پەیڕەوی پەسەندکراوەوە وەرگیراوە، بە واتایەکی تر رێکخەری جووڵەی کارە لەناو دامەزراوەکەدا لەڕووی ئاڵوگۆڕی بڕو تیراژی بەڵگەنامەوە، پێی دەوترێت سوڕانی بەڵگەنامەیی نێوان بەش و بەڕێوەبەرێتییەکان، هەروەک رێکخستنی دەسەڵاتی پێدراو و تەرخانکراوە بۆ بەڕێوەبەرە گشتییەکان، بەڕێوەبەران و سەرۆکی بەشەکان، لق و کەرتەکان، ئەندامانی دامەزراوەکە بەگشتی، پلەبەندی کارگێڕی بەپێی ئەزموونی خۆی و پسپۆڕیی خوێندن و ئەو بڕوانامەی ئەکادیمییەی بەدەستیهێناوە، هەلی کار دەدات بە هەر کەسێک لە دامەزراوەکەدا، پەیوەندی نێوان فەرمانبەران دیاری دەکات، بەو پێیەی هەر فەرمانبەرێک ئەرک و دەسەڵاتەکانی خۆی دەزانێت، دەرفەت دەدات بە هەموو کارمەندان بۆ بەدەستهێنانی ئەزموون، ئاڵوگۆڕی داتا و زانیاری لەنێوان ئەو کارمەندانەی چەندین پسپۆڕییان هەیە، لە دامەزراوە حکومیی و فەرمییەکاندا ئەم پلەبەندییە بەشێکی گرنگی رێکخستنی کارگێڕیی و پیشەییە و بەپێی سیستم و بڕیار و رێنمایی رێکخراون و تێپەڕاندنیان یاخود گوێپێنەدانیان لە هەر ئاستێکی سەرەوە بۆ خوارەوە یان بەپێچەوانەوە کۆی سیستمە کارگێڕییەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە و تێبینی لەسەر دروستدەکات، گەرچی بەپێی دابەشکردنی دەسەڵاتەکانیش ئاستی سەروو توانای بڕیاردان و دەستتێوەردانی خوارووی خۆی هەبێت، هەردەبێت لەڕێی فەرمی و کارگێڕییەوە دەسەڵاتەکەی بگەیەنێت بە خوارووی خۆی، بەڵام کاتێک ئەم پلەبەندی کارگێڕییە دەبەزێنرێت بەهەر هۆیەکی کەسی یان پەیوەندی تایبەت یان ناسراوی یان هەر هۆیەکی ترەوە بێت، بێگومان جیاکارییەکی روون لە پێدانی ماف و شایستە جۆر بەجۆرەکاندا دێتەدی، چونکە ئەوکات هێزی کەسیی لەڕووی کۆمەڵایەتی و لایەندارییەوە حوکم دەکات نەک هێزی کار و پیشەیی، رۆڵ و پێگەی دەسەڵاتەکانی نێوەندی ئەو دوو جەمسەرە پەیوەندییەی دەکەوێتە نێوان وەرگر و پێدەرەوە دەکەونە بازنەی نەبوونەوە و بوونیان بێ رۆڵ و کاریگەری دەمێنێتەوە، لەم روانگەیەوە بەشێکی زۆر دەبن بە قوربانی بەشێکی کەمی پێڕاگەیشتوو.
بۆچی تێپەڕاندنی پلەبەندی کارگێڕی  دروست دەبێت؟
ئاشکرایە کاتێک دامەزراوەیەک کاریگەری لایەنداری و کەسی و مەبەستداری تێدەکەوێت، بەشێکی بنەڕەتی متمانەی پیشەیی خۆی لەدەست دەدات و لە بڕیار و گەڕانەوەکانیدا راپەرموون دەکاتە سەر کەسە مەبەستدار و بڕواپێکراوە خودییەکان نەک پلەبەندی کارگێڕی و وەزیفییەکان، ئەم جۆرە ململانێیە هەمیشە بە قازانجی نزیکترینەکان دەشکێتەوە و براوە دەبن، لەم هەلومەرجەدا بڕیارەکان دادوەرانە نابن و هەڵسەنگاندنەکانیش بێ بەڵگەو بێ ریزبەندی و تاوتوێ دێنە بەرهەم، نیگەرانی و ساردبوونەوە و پشتهەڵکردنی ئەوانەشی لێ دێتەبوون دەنگیان بەگوێی سەروو ناگات و هەوڵەکانیان رەنج بەخەسار دەمێنێتەوە.
گرنگی پلەبەندی کارگێڕی لە پەروەردەدا
لەهەر دامودەزگایەکدا پلەبەندی گرنگ بێت، لە دەزگا پەروەردەییەکاندا چەندینجار گرنگترە، چونکە ئاڕاستەکردنی پەروەردەیی ئاڕاستەکردنی مرۆڤە بۆ وەبەرهەمهێنانی مرۆڤ، ئەگەر لەسەر بنەڕەتی ماف و رەوایەتی و شایستەیی نەبێت، خودی بەرهەمهێنانەکەش ئامانج ناپێکێت و ئەگەر لەڕووی شێوەشەوە تەواوبێت لەڕووی ناوەڕۆکەوە بێ بنەما دەمێنێتەوە، پلەبەندی کارگێڕی ئەمانەتێکی گرانە و دەبێت بپارێزرێت.

وتارەکانی نوسەر