شەن و کەو

کەمبوونەوەی ئاو قەیرانە گەورەکەی عیراق

09:34 - 2023-03-02
مستەفا محەمەد
353 خوێندراوەتەوە

کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان و تەواوی عیراقدا بەهۆی گلدانەوە و دروستکردنی بەنداو و بەربەست لەلایەن وڵاتانی دراوسێی عیراقەوە لەلایەک و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمیی باران لەلایەکی ترەوە، یەکێک لەو گرفت و قەیرانە  گەورانەیە کە کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەم چەند ساڵەی دواییدا زۆرتر دەرکەوتوون و بوونەتە مایەی کەمبوونەوەی نیوە زیاتری رێژەی ئاوی رووبار و دەریاچەکان.
قەیرانی ئاو لەعیراقدا، بەدەر لە هەر قەیرانێکی تر، یەکێکە لەو دۆسێیانەی کە هەم لە ئاستی ناوخۆیی و هەمیش لەڕێی دیپلۆماسییەوە لەئاستی وڵاتانی دراوسێ هەنگاوی کردەیی بۆ چارەسەکردنی نەنراوە و لە رێکەوتن و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکانیشدا کە ساڵانە لەبارەی ئاوەوە سازدەکرێن، عیراق نەیتوانیوە پلانی درێژخایەن و مامناوەندی بۆ چارەسەرکردنی بهاوێژێت، هەربۆیە ساڵ لە دوای ساڵ، بەتایبەتیش لەو پێنج ساڵەی رابردوودا ئاست و قەبارەی قەیرانەکە زیاتر بەدەرکەوتوون و مەترسییەکانی بەبیابان بوون و بەرفرەبوونی زۆنی وشکەساڵی زیاتر  دەبێت.
لە راستیدا داتا و ئامارەکان لەبارەی کەمبوونەوە و دابەزینی ئاستی ئاو لە بەنداوەکانیشدا زەنگێکی مەترسیدارن، بەجۆرێک ئێستا کە لە وەرزی باران بارینیشداین،  رێژەیەکی باشیش باران باریوە، بەڵام کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەکردۆتە سەر کۆکردنەوەیان لەناو بەنداوەکاندا، ئەویش بەهۆی بوونی بەنداوی گەورە و زەبەلاح، بەتایبەتیش لە تورکیادا کە ئەگەر بەنموونە بەنداوی «ئەلیسۆ» وەربگرین، ساڵێک زیاترە نیوەی ئاوی رووباری فورات تیایدا ئەمبار دەکرێت و ناهێڵڕێت بێتە ناو خاکی عیراقەوە!
بەداخەوە دەیڵێین ئەگەرچی دراوسێکانی عیراق «ئاو» وەک چەکێکی ستراتیژیی بەکاردەهێنن، بەڵام عیراق خۆشی بەهۆی نەبوونی پلانێکی ستراتیژییەوە بۆ وەبەرهێنان لە ئاو و گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەکان و دروستکردنی بەنداوی نوێدا لەسەر رووبار و زێ و دەریاچەکان، هەروەها بەکارهێنانی شێوازی تەقلیدیی بۆ ئاودێرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان ئاوێکی زۆر بەفیڕۆ دەڕوات، کە دەکرا بە بەکارهێنانی تەکنیک و رێککارە سەردەمییەکان رێژە و قەبارەی بەهەدەرچوونی ئاو زۆر کەمتر بکاتەوە.
ئەم قەیرانە چەندین رەهەندی جیاوازی هەیە و رێگەکانی چارەسەریشی زۆرن، بەڵام لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە کە لەسەر ئاستی هەرێم و بەغدا هەماهەنگی بکرێت و ئەولەوییەت بە چارەسەری قەیرانی ئاو بدرێت، ئەو بەنداوانەی بڕیاری دروستکردنیان دراوە بەپەلە کاریان تێدا دەستپێبکاتەوە و بودجەیەکی زۆر بۆ ئەو سێکتەرەش تەرخان بکرێت، هەروەها لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسیشەوە لەئاستی باڵادا پێویستە عیراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ «تورکیا و ئێران»دا، بەدوای رێکەوتنێکی جێگیردا بگەڕێت، تا لە وەرزی هاویندا ئاستی بەکارهێنانی ئاوی بەنداوەکان لە مەترسی دابەزینی زیاتر بپارێزێت و زیان و کاریگەرییەکانی وشکەساڵی کەمتر ببێتەوە.

وتارەکانی نوسەر