لەناو رووداوەکاندا

راپەڕین و بازدانی مێژوویی

09:49 - 2023-03-06
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
270 خوێندراوەتەوە

لەدوای شۆڕشی نوێی گەلەکەمان لەساڵی 1976ەوە کە بازدانی مێژووییە بەسەر نسکۆ و ئەو دۆخە داڕوخاوەی خەباتی کوردایەتیدا، ئەوا راپەڕینی ئازادیی 1991، دووەم بازدانی مێژووییە کە نەتەوەی کورد کردوویەتی، لە دەرەوەی شۆڕشی نوێ و راپەڕینی گەلی کورد لە باشووری کوردستان، کورد نەک بازدانێکی دیکەی مێژوویی نییە، بەڵکو لە چوونەوە ناوخۆ و گەڕانەوەی مێژوودا، تا ئەندازەیەکی زۆر مەترسی لەسەر دەستکەوتەکان هەیە. 
بە مانایەکی دیکە، دەبوو ئەم راپەڕینە کوردی لەسەر ئەم جۆرە بازدانانە لە مێژووەکەیدا رابهێنایە و دەستکراوەی بکردایە بۆ هەر چرکەساتێک کە بازدانێکی مێژوویی تێدا بکات، بەڵام وادەرنەچوو، زۆرێکی پاشەکشێکانی کورد لە یەک ئیدارەیی و دیموکراسی و حکومڕانییەکی سەرکەوتوو لەدوای راپەڕین هاتنە پێش.
دوای زیاتر لە سێ دەیە، نەک رۆحی راپەڕین دەمەزەرد نەکراوەتەوە، بەڵکو چەند هەنگاوێکی کەم لەولای ئەم مێژووەوە کە پێیدەڵێن راپەڕین، واخەریکە ئەم رۆحیەتی ئازادبوون و رەتکردنەوەیەی تاکڕەویی دفن دەکرێت! 
هەڵەی گەورەی هەر حزب و حکومەتێکی کوردی لەو خاڵەدایە کە پێیوابێت راپەڕین مێژوویەک بووە و لە خاڵێکدا وەستاوە و ئیدی کورد پێویستی بە هیچ مانایەک لەماناکانی راپەڕین نییە ئیشی لەسەر بکات و لە فۆرمی نوێدا بیخاتەوە ناو دۆخە گشتییەکەی هەرێمی کوردستانەوە، بە پێچەوانەوە ئەوەی وایکردووە کورد بازدانە مێژووییەکەی بە دوانەیی بمێنێتەوە ئەوەیە کە، بزوێنەرێکی مێژووییمان نییە دۆخی گشتی بجوڵێنێت بۆ بازدانی مێژوویی نوێ.
بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی گشتی هەرێمی کوردستان، نەک هەر راپەڕینمان بە مانا و دەلالەتەکانی دیکەیەوە بۆ کایە جۆربەجۆرەکانی دیکەی وڵات نەگواستەوە و متوربەی حەقلەکانی دیکەمان نەکرد، بەڵکو ئەم رۆژگارەی ئەمڕۆ کە یەکسانە بەو پاشەڕۆژەی راپەڕینی لەپێناودا کرا، لە پاشەکشێدایە و کورد وا خەریکە دەچێتەوە ناو مێژوو، چوونەوە ناو مێژووش بە مانای «داخرانی مێژوویی»، جگە لەوەی نیشانە دانانێکی چەوتە لەبەردەم ئیختیاری ویستی پێشکەوتن و پێشکەشکردنی نموونەیەکی جوانی حکومڕانی و ئازادیی و مافی مرۆڤ و .....هتددا، هیچی دیکە نییە.
جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە، کورد لە هەردوو بازدانە مێژووییەکەیدا گەورەترین مەودای داخرانی سیاسی و دیموکراسی و مێژوویی و مافە نەتەوەییەکانی کورد و پانتایی جوگرافی بڕیوە و کاری لەسەر کردووە، کەچی ئێستا ناتوانێت هەموو ئەو پنت و کۆتانە بپچڕێنێت کە خەریکە کورد بە مێژووی رابردوویەوە دەبەستێتەوە و ناهێڵن کورد هەنگاوی دیکەی مێژوویی بهاوێت.
ئەم بازدانە مێژووییانە ئەگەر لە رابردووی دنیای کوردییدا کاریگەرییەکی گەورەیان هەبووبێت، ئەوا پێویستە کاریگەرییەکەیشی بگوازرێتەوە بۆ ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان، پێویستە لە سێبەری ئەو ویستەدا کە بۆ پاشەڕۆژی راپەڕین هەبووە، راپەڕین نەوەستێت و کار بە هەموو ئەو لێکەوتە ئەرێنیانە بکرێت کە هەموو راپەڕین و شۆڕشێک لە هەناوی خۆیدا هەڵیدەگرێت.
ئەمڕۆ کە قسە لەسەر راپەڕین دەکەین وەک بازدانێکی مێژوویی بۆ کورد، پێویستە بەرهەمەکانی راپەڕین زیاتر و زۆرتر هەڵگری ئاماژە بێت لە هەموو ئەو وشە و دروشم و وتارانەی کە لە بارەی راپەڕینەوە دەوترێت.

وتارەکانی نوسەر