زووم

فیلمە ترسناکەکان

10:15 - 2023-03-06
رۆزا دڵشاد مەریوانی
156 خوێندراوەتەوە

ئەو فیلمانەی هەواداریان نیم و زۆر بە دەگمەن تەماشایان دەکەم فیلمە ترسناکەکانن بەتایبەتی ئەو جۆرەی باس لە هێزەکانی ئەودیو سروشت دەکەن، چونکە بە رای من ژیان لەوە ترسناکترە تەماشای ئەو فیلمانە بکەین و هەر یەکێکمان بە رووداوی وادا تێپەڕیوین بە تایبەتی نەوەکانی پێش راپەڕین کە بۆ ئەبەد وەکو گرێیەک لە ناخماندا ماوە و دەروونی ئاڵۆز کردووین و شتێکی باش نییە کاتی بەتاڵت هەبوو و بتوانیت بە تەماشاکردنی فیلمێکەوە بەسەری بەریت بچیت لە خۆڕا خۆت بترسێنیت، هاوکات ئەو فیلمانە و تەنانەت فیلمەکانی باسی جەنگ و کوشتار دەکەن کاتێک درەنگانی شەو تەماشایان دەکەیت مێشکت ئاڵۆز دەکەن و ئاستی ئەدریناڵین لە لەشدا بەرزدەکەنەوە و خەوت دەزڕێنن، جگەلەوەی تا گەنجتر بیت زیاتر بەرگەی ئەو جۆرە فیلمانە دەگریت و وردە وردە لەگەڵ تەمەن و ژیاندا فێردەبیت پێویست ناکات لەوە زیاتر خۆت تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بکەیت، هەروەها ئەو فیلمانەی باسی تاوان و کاری تاوانکاری و بکوژی زنجیرەیی دەکەن بە رای من ترسناکترن و مانادارترن، چونکە ئەگەری روودانیان هەیە و چێژبەخشیشن، یەکێک لەو جۆرە فیلمانە ساڵی پار تەماشام کرد فیلمی Hush بوو باسی تاوانبارێکی زنجیرەیی دەکات و ترسناکیی ئەو فیلمە لەوەدایە پاڵەوانەکە ژنە نووسەرێکی نابیستە و بەتەنیا لە دارستانێکدا دەژی و بەو حاڵەتەی خۆیەوە تاوانبارێکی لەو جۆرەی بۆ دێت کە تەنیا مەبەستی کوشتن و ئەشکەنجەدانێتی و وەکو راوچییەک لەبری ئاژەڵ چێژ لە کوشتنی خەڵک دەبینێت، بێگومان جوانیی ئەو فیلمە ترسناکە لەوەدایە کۆتاییەکی چاوەڕواننەکراوی هەیە، جگەلەوەی نموونەی ژنێکی ئازا و چاونەترس پێشکەش دەکات.
بەڵام فیلمی ترسناکی دیکە هەیە ئەوانەی هیچ جۆرە مانایەک لە پشت ترسناکییەکەیانەوە نییە، ئەو جۆرە حەزیان پێناکەم بۆ نموونە بەلامەوە گرنگ نییە تەماشای خێزانێک یان کۆمەڵە کەسێک بکەم یەک لەدوای یەک لەلایەن هێزێکی سەروو سروشتییەوە دەکوژرێن و ژمارەیەک گرتەیان تێدایە ئامانجیان تۆقاندنی بینەرە، تەنانەت کاتێک زۆرم لەخۆم کرد و تەماشای فیلمی IT م کرد، کە قەرەقۆزێکی ناشیرین منداڵان و هەرزەکاران دەکوژێت و دەیانخوات بەشی یەکەمی ترسناک بوو، بەڵام کاتێک بەشی دووەمم لە سینەما بینی و تێگەیشتم مەخلوقێکی ئاسمانییە چیتر ترسناک نەما، چونکە بیرۆکەکەی خەیاڵییە، دواجار رەنگە ترسنۆکی بێت حەز لەو فیلمانە نەکەم، بەڵام تەماشاکردنی فیلمێکی ترسناک کە پڕە لە گرتە و ئەو دیمەنانەی راتدەچڵەکێنن و لە کۆتایشیدا هیچ چێژ و سوودێکی دەروونیت پێناگەیەنن، تەنیا بۆ ماوەی چەند سەعاتێک دەترسێنن و هیچی تر، دەڵێم ژیان زۆر لەوە کورتترە ئەوە بکەیت.

وتارەکانی نوسەر