لە پەنجەرەی پەروەردەوە

پەروەردەی رق

10:23 - 2023-03-07
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
357 خوێندراوەتەوە

رق، سیفەتێکی وەرگیراوە و مرۆڤ لە ژیانیدا بە رقاوی و ئیرەییەوە لەدایک نابێت، بەڵکو ئامادەیی وەرگرتن و لەسەر راهاتنی هەیە، ئەوەی لە ناخی مرۆڤدا دەیچێنێت و پەرەی پێدەدات جۆری پەروەردە و ئەو ناوەندە تیا ژیاوەیە منداڵ تێیدا گەشە دەکات و پێدەگات.
جێگەی سەرنجە رۆژانە سەردێڕی هەواڵ لە راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبینرێت کە هەواڵی کوشتن و توندوتیژیی و دەستدرێژیی جۆربەجۆر بەشێکی زۆری لەنێوان کەسە نزیک و خزمەکانیشدایە بەجۆرێک مرۆڤ دووچاری راچڵەکین دەبێت بەوەی چۆن لەنێوان ئەو کەسانەدا رەفتاری بەوجۆرە دروستدەبێت لە کاتێکدا ئەو رەفتارە توندوتیژی و کوشتنانە دەبێت لەنێو دوژمنیشدا ئەستەم بێت، چی وادەکات مرۆڤ هێندە نامرۆڤانە رەفتار بکات؟ بەداخەوە کەلتوری پەروەردە و ئەو رابردووە پڕ لە ناجێگیری دەروونییەی تاکی پێدا تێپەڕدەبێت پاڵپشتییەکی گەلێ بەهێزی بەدیهاتنی توندوتیژییە، پەروەردەیەک لەسەر بنەمای رق و ئیرەیی و نالێبوردەیی بنیادنراوە.
خێزان بنەڕەتی دەستپێکردنی چاندن و گەشەپێدانی رق و کینە و نا لێبووردەییە لە دەروونی منداڵدا، بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست، زۆر هۆکار هەن یارمەتیدەر و هۆکارن بۆ بەدیهێنانی خوی توندوتیژی و رق و کینەو بوغزاندن، رەنگە خێزان هەستی پێ نەکات یان بەگرنگی نەزانێت، بۆ نموونە جیاکاری لەنێوان منداڵاندا لە خێزاندا، هەست بە کەمیکردن و پشتگوێخستن و لێتوڕەبوون و ئازاردان و چەوساندنەوەی جۆربەجۆر و پێدانی نازی زیاد یان هەڵچوون، شێوازی وەڵامدانەوەی توند و رێزنەگرتن لە یەکدی و چەندین هۆکاری تر وا لە منداڵ دەکەن بنەماکانی رق و کاردانەوەی زبری لا بنیاتبنێن و لە ناخیدا بچەسپێ و بە خەفەکراوی بمێنێتەوە و هەرکات دەرفەت هەبێت و توانای بەسەریدا هەبێت دەریپەڕێنێت و لێکەوتەی لێ بکەوێتەوە.
 بەداخەوە بەشێک لە خێزانەکان لەبری لێبووردەیی گیانی تۆڵە و کاردانەوەی نەرێنی لای منداڵ دروست دەکەن و هانی دەدەن لە هاوڕێکەی خۆشنەبێت و لێی نەبورێت، هەر لە منداڵییەوە بێ سانسۆر دەخزێنرێنە نێو یارییە ئەلیکترۆنییەکان و بەکارهێنانی چەک و جەنگ و بەرپەرچدانەوەی بێ بیرکردنەوەی کەسەکان.
ئەم بنەڕەتانە هەوێنی دەرکەوتەی زۆر رەفتاری رقاویی و کاردانەوەی توندوتیژین، بێگومان مرۆڤ ئەگەر دەروونێکی ئارام و میهرەبان و لێبووردەی نەبێت پێچەوانەکەی دروست دەبێت، شڵەژاوی باری دەروونی لەکاتی رق و توڕەییدا بڕیاری پەلە و بێ بیرکردنەوە و بێ گوێدانە ئاکام و ئەنجام بەرهەم دەهێنێت، خێزان دەتوانێت بەشێکی گەورەی ئەم رقە کۆنترۆڵ بکات بە پەروەردەیەکی هاوسەنگ و دروست، بە دروستکردنی هەستی میهرەبانی و لێبوردەیی، بە چارەکردنی گرفتەکان بە هێمنی و بیرکردنەوەی ئەرێنی، کاریگەرییە دەرەکییەکانی تر بە هێندەی خێزان کاریگەر نین ئەگەر بنیادێکی ئەرێنی کەسێتی منداڵ لە خێزاندا بنرێت، بنیادنانی تاکی دروست دەروون و بڕوا بەخۆبوو ناکەوێتە ژێر رکێفی کاردانەوەی توند و نا لۆژیکی، دەرئەنجام هەموو تاکەکانی نێو کۆمەڵگە لە خێزانەکانەوە دێنە نێو کۆمەڵگە، خێزان پێویستە ئەو بەرپرسیارییە لەیاد نەکات.

وتارەکانی نوسەر