به‌ده‌ر له جیاوازییه سیاسی و ئایینی و فیكرییه‌كان، 8 ی مارس رۆژێكی تایبه‌تی ژنانه. رۆژێكه بۆ ئه‌وه‌ی ئێمەی ژنان به‌گشتی بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژووی خوێناوی و خه‌بات و ماندبوونی خۆمان و تێبگه‌ین كه ژن خه‌باتێكی زۆر و ره‌نجێكی زۆریان داوه تا رۆژی كاره‌ساتی سووتانی كۆمه‌ڵێک ژن وه‌ك رۆژی ژنان له رۆژژمێره‌كاندا تۆمار بكرێ. ئەمەش بووه هۆی ئه‌وه‌ی له‌وڵاتانی پێشكه‌وتوودا وێڕای بیركردنه‌وه له قازانج و ده‌ستكه‌وته ئابوورییه‌كان، له‌هه‌مان كاتدا مافی كرێكارانیش له‌بیر نه‌كرێت و زۆربه‌ی ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته نامرۆڤانه و نادیده‌گرتنانه‌ی به‌رامبه‌ر به ژنان ده‌كرێت، ببێته كارێكی نایاسایی.
نه‌ماتوانیوه ژن وه‌ك بوونەوەرێكی خاوه‌ن پێگه و سه‌نگ و بڕیار و ئازاد له بیركردنه‌وه، بۆ منداڵه‌كانمان وێنا بكه‌ین، ده‌ركه‌وت ئه‌و فۆرمه‌ی كاری له‌سه‌ر كراوه، فۆرمێكی بێکاریگەر و به‌سه‌رچووە
جەخت لەسەر هێنانەدی مافەکانیان دەکەنەوە
له هه‌شتی مارسی هه‌موو ساڵێك ژنان ئه‌و خاڵه وه‌بیردێنینه‌وه كه پێویسته بۆ گه‌یشتن به مافه به‌دینه‌هاتووه‌كان خه‌باتی زیاتر و قوربانیی زیاتر بده‌ن.
8 ی مارس بۆنه‌ی ئه‌و ده‌ستكه‌وته كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و كەلتوری و سیاسییه‌یە، كه به‌درێژایی زیاتر له سه‌ده‌یه‌ك كاری له‌سه‌ر كراوه و ئامانجیش له‌و یادكردنه‌وه‌یه كاركردنه بۆ به‌دیهێنانی یه‌كسانیی نێوان ژن و پیاو.
چه‌وساندنه‌وه‌ی ژن له دونیای پیشه‌سازیدا بووه هۆی دروستكردنی چه‌ندین كه‌مپین و گردبوونه‌وه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاتی كاركردن و زیادكردنی كرێی كار و مافی ده‌نگدان بۆ ژنان.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له ساڵی 1908 له نیۆیۆرك 15000 ژن خۆپیشاندانیان كرد. ساڵی 1910 دووه‌مین كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تیی ژنانی كرێكار له كۆبنهاگن کرا و له‌وێدا (كلارا زیتكین)ی سه‌رۆكی نووسینگه‌ی كاروباری ژنان له ئه‌ڵمانیا بیرۆكه‌ی رۆژی جیهانیی ژنانی پێشنیاز كرد، به مەبە‌ستی گوشار خستنه سه‌ر ده‌سه‌ڵات بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان.
دوا به‌دوای رێكه‌وتنه‌كه‌ی ساڵی 1911 ی كۆبنهاگن، له نه‌مسا و دانیمارك و ئه‌ڵمانیا و سویسرا ئه‌و یاده كرایه‌وه و زیاتر له یه‌ك ملیۆن ژن و پیاو به‌شدارییان كرد و كه‌مپینی پاڵپشتیكردن له مافه‌كانی ژنانیان راگه‌یاند، له‌وانه‌ش مافی ده‌نگدان، كاركردن، راهێنان، به‌ڵام دوای كه‌متر له هه‌فته‌یه‌ك كاره‌ساتی (سێگۆشه‌ی ئاگر) له‌شاری نیۆیۆرك روویدا و زیاتر له 140 كرێكاری ژن گیانیان له‌ده‌ستدا.
ئه‌م كاره‌ساته‌ش بووه هۆی بایه‌خدان به بابه‌تی كار و دانانی یاسای كار له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان و هه‌روه‌ها له هه‌مان ساڵدا كه‌مپینی (نان و گوڵ) راگه‌یه‌نرا.
گەیشتن بە رێگاکە هەوڵی زیاتری دەوێت
ئێستاش به‌شێك له مافه‌كانی ژنان بەتایبەتی له وڵاتانی خۆرئاوا هاتوونه‌ته‌دی و ژنان به‌شێكی كاریگه‌رن له‌ناو كۆمه‌ڵگەكانی خۆیاندا.
ده‌شتوانن له بواری ئابورییه‌وه سه‌ربه‌خۆ بن و وابه‌سته نه‌بن به پیاوان و ده‌توانن له بڕیاری سیاسی رۆڵ و پێگه‌ی به‌هێز ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، به‌ڵام هێشتاش رێگاكه هه‌وڵی زیاتری پێویسته، چونكه له سووچێكی تری جیهان ژنان هێشتا به مۆمێكه‌وه عه‌وداڵی ئازادین و هێشتا ژنان ده‌بنه قوربانیی بیری ته‌سك و به‌ها و نەریتە كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و هێشتا ژنان ده‌بنه قوربانیی شه‌ڕ و ئاشووبه‌كان و وه‌كو كه‌ره‌سته‌یه‌كی یه‌كلاكه‌رەوە سه‌یر ده‌كرێن.
هه‌رچه‌نده دوای ئه‌و خه‌باته دوورودرێژه‌ش كه گۆڕانكاری به‌سه‌ر دیدگا و تێڕوانین و هه‌ڵوێستی ژنان و بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌دا هات سه‌باره‌ت به یه‌كسانی و ئازادیی ژنان و به‌شداریكردنیان له كاری به‌ڕێوه‌بردن و گۆڕانكاری له مافە یاساییه‌كان و ده‌ركه‌وتنیان له هه‌موو بواره‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا ژنان رووبه‌ڕووی كێشه‌ی سه‌خت ده‌بنه‌وه، توندوتیژی دژ بەژنان یه‌كێكه له كێشه چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌كان له‌سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان. ته‌نانه‌ت له‌و وڵاتانه‌شدا کە ژنان به راده‌یه‌كی زۆر توانیویانه رۆڵی خۆیان بسه‌لمێنن، تا ئێستاش نه‌توانراوه به فۆرمی جیاواز و میكانیزمی سه‌رده‌میانه چاره‌سه‌ر بكرێت، هێشتا نا ئاگایانه پرسی ژنمان كردۆته کەرەستەی ده‌یان كاری لاوازی میدیایی كه جگه له تۆخكردنه‌وه‌ی ده‌رخستنی لاوازیی ژن و باڵاده‌ستیی ره‌گه‌زێكی تر هیچیتر نییه.
وێنای هەڵە بۆ رۆڵی ژن دەکرێت
هه‌ر له رێگه‌ی میدیاكانه‌وه چه‌ندین كاره‌كته‌ری لاوازمان كردۆته پاڵه‌وانی سه‌ر دیمه‌نی شانۆكان، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ پێوه‌رێكی مه‌عریفی و كۆمه‌ڵایه‌تی و زانستی بۆ په‌یام و گوتار و كرداری راسته‌قینه بۆ هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له ره‌وشی ژناندا هەبێت.
ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه كاری له‌سه‌ر بكرێت، ئەوەیە ده‌بێت ژن وه‌ك كاره‌كته‌رێكی به‌هێز و به‌هره‌دار بناسرێته‌وه، چونكه تا ئه‌م ساته‌ش ژنمان به كوژراوی و لێدراوی و ملكه‌چ خستۆتەڕوو، وێنایه‌كمان له زه‌ینی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگەدا دروستكردووه، كه ئه‌وه سروشت و پێناسه‌ی ژنه. ئه‌و وێناكردنه هه‌ڵه‌یه، كاریگه‌ریی ته‌واوی له‌سه‌ر بیر و ئایدیای منداڵه‌كانمان داناوه به‌تایبه‌تی كوڕه‌كانمان كه هه‌میشه ئاماده‌ییان تێدایه خوشك و دایك و هاوسه‌ر و كچه‌كانیان بچەوسێننەوە.
كاتی ئه‌وه‌یه، نه‌وه‌كانی ئاینده‌مان له چه‌مكی راسته‌قینه‌ی یه‌كسانی تێبگه‌یه‌نین، بەداخەوە نه‌ماتوانیوه هێزی ژن و هێزی پیاو، وه‌ك دوو تای ته‌رازووی یه‌كسان له رووی ئه‌رك و مافەوە به دروستی به كۆمه‌ڵگه بگه‌یه‌نین. نه‌ماتوانیوه ژن وه‌ك بوونەوەرێكی خاوه‌ن پێگه و سه‌نگ و بڕیار و ئازاد له بیركردنه‌وه، بۆ منداڵه‌كانمان وێنا بكه‌ین، ده‌ركه‌وت ئه‌و فۆرمه‌ی كاری له‌سه‌ر كراوه، فۆرمێكی بێکاریگەر و به‌سه‌رچووە.
ژنیش وەک پیاو، کێشەی دارایی ناچار بە کارکردنی دەکات