شاناز هیرانی
لە چەند رۆژی داهاتوودا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دووەم دیداری خۆی لەژێر دروشمی (دیدگایەکی نوێ، بەهێزی و بەرەوپێشچوون و خزمەتگوزاری) ساز دەكات و لە شاری موسڵەوە دیدار دەست بەكارەكانی دەكات. لە راستیدا من نامەوێ لێرەدا بچمەوە سەر مێژووی ئەو حزبە و چۆنییەتی دروستبوونی و شێوازی خەبات و بەڕێوەبردن و ئەو قۆناغە هەستیارانەی پێیدا تێپەڕیووە، چونكە لای زۆربەمان ئەو مێژووە بەیان كراوە و ئاشکرایە. لێرەدا ئەوەی گرنگە تیشكی بخرێتە سەرو قسەی جددی لە بارەوە بكرێت، ئەوەیە : ( بۆچی یەكێتی دیدار سازدەكات)؟ ئامانج لەو دیدارە چییە؟ ئایا دیدار دەتوانێت چ جۆرە گۆڕانكارییەك لە بەرنامە و دیدی یەكێتیدا دروست بكات بۆ دۆخی ئێستای خۆی وەكو حزب و هەروەها تێڕوانین و ستراتیژی ئەو حزبە بۆ كۆی رووداو و پێشهاتەكان بەگشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی چۆن دەبێت؟
دیارە دوابەدوای ئەنجامدانی پێنجەمین كۆنگرە و نووسینەوە و داڕشتنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی حزب، (لە ماددەی 20) ی پەیڕەوەی ناوخۆی یەكێتیدا بە پێنج خاڵ، دیداری گشتی یەكێكە لەو كارانەی كە لەناو پەیڕەوا هاتووە و پەسەندكراوە (یەكێتی ساڵانە دیدار ئەنجامدەدات) و سەرجەم ئۆرگان و دەزگاكانی ناو حزب و كادر و هەوادار و پشتیوانانی ئەو حزبە بە پێشنیاز و رەخنە و سەرنجەكانیان بەشداردەبن، واتە روئیای كادر بۆ كۆی پرسەكان و لە سەرجەم بوارەكاندا گەڵاڵە دەكرێن. لە دیداری رابردوودا كە لە ( 12 ئازاری ساڵی 2022 )سازكرا، ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە كادر و جەماوەر بەشدارییان كرد و چەندین لیژنەی جۆراوجۆر پێكهێنرا (كە ژمارەیان 14 لیژنە بوو)، دواجار راسپاردەكانی دیدار رادەستی لیژنەی باڵای دیداركران. بەشێكی ئەو راسپاردانە لە كار و چالاكییەكانی ئۆرگانەكاندا رەنگی دایەوە و تا ئاستێكی باش هەستكردن بە بە كرداركردنی راسپاردەكان دەكرا، بەو پێیە زۆرترین بۆچوون و راو رەخنە و سەرنجیان لە خۆیان گرتبوو، چونكە رەخنە باشترین چەمك و ئامرازە بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و دەستنیشانكردنی هەڵەكانی تێكستی كۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیرییە، بەڵام دیداری ئەم جارە پێویستە جیاوازتر بێت ( بۆ؟)، چونكە دیداری دوای زنجیرەیەك گۆڕانكاریی گەورە لە حزب و (دوای پێننجەمین كۆنگرە ) و پاش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان (كەركوك) بە تایبەتی كە یەكێتی توانیی سەركەوتنی گەورە تۆماربكات، جارێكی تر توانیی بیسەلمێنێت كە كەركوك و جەماوەرەكەی روویان لە حزبی شەهیدانە، دواتر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە جارێكی تر لەوێش یەكێتی توانیی گۆڕانێكی ئەوتۆ بكات لە ژمارەی كورسی و رێژەی دەنگەكانی زیاتربكات لە زۆربەی ناوچە و دەڤەر و شارە گەورەكانیش، ئەمە سەرباری ئەو گۆڕانكارییە گەورانەی بەردەوام لە عیراق و ناوچەكە روودەدەن و هاتنە پێشەوەی کەیسی (كوردانی رۆژئاوای كوردستان) كە یەكێكە لە بابەتە هەرە گرنگ و چارەنووسسازەكان بۆ گەلی كورد بەگشتی. چونكە وا چاوەڕوان دەكرێت ئەمجارە كورد بگات بە بەشێك لەو ئامانجە گەورانەی کە خەباتی بۆ دەكات. ئەم رووداوە گرنگ و هەستیارانە وامان لێدەكات كە بەرپرسیارانەتر مامەڵە لەگەڵ دیداری ئەمجارە بكرێت، چونكە دیدار دەبێت روئیایەكی گشتگیر تر و روونتر بۆ یەكێتی دابڕێژێت و ستراتیژی كاری حزبی بەجۆرێك گۆڕانكاریی بەسەردا بێت كە لەگەڵ ئەم گۆڕانكارییانەدا خۆی بگونجێنێت و بڕوات، بەو پێیەی گۆڕانكاری و پێشهاتە خێراكانی جیهان دەریدەخەن كە جیهان بەگشتی بەرەو داڕشتنەوەی هاوسەنگییەكانی هێز هەنگاو دەنێت. بەپێی سروشتی گەشەكردنی سیاسی و ئاڕاستەكردنی ناوەندە هەژموندارەكانی جیهان لە رووی هۆكارو پاڵنەرە سیاسیەكان و دامەزراوەكان شێوەو كاریگەری كارلێكی سیاسیانەوە، بۆیە گرنگە ستراتیژیەتی سیاسی گۆڕانی بەسەردا بێت. واتا گرنگە ئاكارو مۆڕاڵی سیاسی هەر پارت قەوارەیەكی سیاسی گۆڕانكاری بەسەردا بێت و گونجان وسازان بكاتە بنچینەی بەدیهێنانی ئامانجە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابورییەكان. بۆیە دیداری یەكێتی لەم سەردەمەدا دەبێت جیاوازتر بێت، سیاسەت و گۆڕانكاری سیاسی حزب بە ئاڕاستەی بەدی هێنانی ئامانجی گەورەتربێت . خۆڕێكخستنەوە و خۆسازدانەوە و خۆئامادەكردن سێ پایەی گرنگی دیداربێت (چێ بكەین؟ چۆن بكەین) دوو پرسیاری جەوهەری دیداربن!
-یەكێتی و سیاسەتی ئیقلیمی .
- یەكێتی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان .
- یەكێتی و پێگەی لە حكومەتی داهاتووی كوردستان .
- یەكێتی و مامەڵەی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی .
- یەكێتی و حزبە كوردستانییەكان .
- یەكێتی و گوڕانكارییە ناوچەییەكان .
-یەكێتی و دبلۆماسیەتی دەرەوە و پەیوەندیەكانی .
- یەكێتی و ڕێكخستنەوەی ناوخۆی حزب .
- ڕنگدانەوەی بەرنامەو سیاسەتی یەكێتی لەناو حكومەت .
- یەكێتی و ناوچە كوردستانیە دابڕێندراوەكان .
ئەمانە سەرجەمیان پرسیاری گرنگن و پێویستە لە دیدار بە وەرگرتنی ڕاوبۆچون و دیدی جەماوەری یەكێتی و كادرەكانی، كە یارمەتیدەردەبن لە داڕشتنی بەرنامەو سیاسەت و ستراتیژی یەكێتی گفتوگۆی جیدییان لەسەر بكرێت، دواجار هەموان چاویان لەسەر دیداری ئەمجارە دەبێت تا بتوانرێت بە كۆمەڵێك ڕاسپاردەی گرنگ و كۆدەنگی جەماوەرو كادرو سەركردایەتی ئەم حزب پێكەوە دیدار بگاتە ئەو ئامانجەی لە پێناویدا سازدەكرێت. پەنجە بخرێتە سەر هەموو كەموكورتییەكان . ئەو بۆشاییانەی تا ئێستا نەتوانراوە پڕبكرێنەوە، ئەو هەڵانە نابێت جارێكی تر دووبارە بكرێنەوە لەو پڕۆسانەی وەكو (پەرلەمانی عێراق ، پەرلەمانی كوردستان ، ئەنجومەنی پارێزگاكان ، بەشداری كردن لە حكومەت، گوتاری یەكێتی ، سیاسەتی یەكێتی) كە خاڵی جەوهەرین بۆ بەردەوامی هەر حزبێك و سەنگی مەحكن بۆ مانەوەو درێژەدان بەكاری حزبی و هێشتنەوەی حزب بە پێگەی بەهێزو كاریگەر لەناو دنیای سیاسەتدا . جگە لە بەشداری پێكردنی كادری حزبی پێویستە كەسانی شارەزاو پسپۆر و ئەكادیمی لە سەرجەم بوارەكاندا بۆ دەوڵەمەندكردنی ڕاسپاردەكان و جێكردنەوەی ئەو دیدگا جیاوازانە لەناو سیاسەتی حزبدا بكرێت .