كێ ژنەكان دەكوژێت؟

11:02 - 2023-06-25
شاناز هیرانی‌
374 خوێندراوەتەوە

ترسی ژن كوشتن و سەرهەڵدانی و بوونی بە دیاردەیەكی مەترسیدار، ئێستا بۆتە سێبەرێكی گەورە لەسەرمان و رۆژانە لە هەڵكشاندایە دیاردەیەك خەریكە دەبێتە سەردێڕ و مانشێتی هەواڵە گەرمەكانی رۆژ و سۆشیال میدیا و بە چڕی هەموو كونج و كەلەبەرێكی تەنیوە. 
ئایا ئەوانەی رەوایەتی بە خۆیان دەدەن و ژنێک دەکوژن و مافی ژیانی لێدەستێننەوە کێن؟

بڕیاردان لەسەر چارەنووسی مرۆڤ بە (كوشتن) هەروا سانا نییە و كەسی ئاسایی ناتوانێت ئەم بڕیارە قورسە بدات، ئەگەر لەناو خودی خۆیدا لە جەنگێكی دژواردا نەبێت!

هەرگیز لەخۆمان پرسیوە ئەوانە كێن؟ باوك و براو هاوسەر و...هتد ن یان هەموو كۆمەڵگەكە بۆتە كۆمەڵگەی ژنكوژەكان؟ چونكە سەرەتا ژنەكە بە دەستی كەسێكی نزیكی دەكوژرێت و دواتر دەكرێتە بابەتێكی كۆمەڵایەتی و پەردەپۆش دەكرێت بە بیانوو و پاساوی جیاجیا. 
هەر ئەوەشە وا دەكات بابەتەكە ببێتە راگوزەر و زوو كپ بكرێتەوە و بە پاساوی بابەتی (كۆمەڵایەتی) بوونی، بێ دەنگی لێبكرێت. 
كێشەكە هەر ئەوەش نییە، بەڵكو دەگەرێتەوە بۆ تێنەگەیشتنی مرۆڤ لەخۆی و تێنەگەیشتن لە بەهای كەسی بەرامبەر، كە تا ئێستا وەك مرۆڤ سەیری ئەوی تر ناكات، بەڵكو كائینێكی لاوازتر و بن دەستە و بۆی هەیە چارەنووسی یەكلابكاتەوە بەوەی خۆی دەیبینێ، بەڵام ژنكوژەكان تەنیا باوك براو هاوسەرەكان نین، زۆرینەی ئەو خەڵكەن كە رەوایەتی دەدەن بە ژنكوشتن و لە كەلتووری كۆمەڵگەوە ئەو دیدە هەڵدەقوڵێ و سەرچاوەكەشی ئەو نا تێنەگەیشتنەیە كە بۆ خودی مرۆڤبوون هەیە. 
هەرگیز بڕیاردان لەسەر چارەنووسی مرۆڤ بە (كوشتن) هەروا سانا نییە و كەسی ئاسایی ناتوانێت ئەم بڕیارە قورسە بدات، ئەگەر لەناو خودی خۆیدا لە جەنگێكی دژواردا نەبێت! بێگومان هۆكار زۆرن و زۆریش باس دەكرێن، كە ئاخۆ ئەو مرۆڤە بۆ گەیشتۆتە ئەو جۆرە بڕیارە، هەڵەكە و هۆكارەكە و عەقڵەیەتەكەش دیارە، ئەی میكانیزم چییە بۆ رێگری كردن؟
من هەمیشە بیر لەوە دەكەمەوە ئاخۆ ئەو كەسەی دەستی دەچێتە خوێنی كەسێكی هەرە نزیك لە رۆح و جەستە و ژیانی، لەو ساتەدا هەست بەچی دەكات؟
بە شەرەفمەندی و ئازایەتی و ئاسودەیی؟ چونكە ئەو هەستانە كاتێك لای مرۆڤێكی ئاسایی دروستدەبن كە كارێكی مەزنی ئەنجام دابێت، بەڵام بڕیاری كوشتنی مرۆڤێك چ شەرەفێك و ئازایەتی و ئاسودەییەك دەبەخشێت؟
 لێسەندنەوەی ژیان و بێبەشكردنی مرۆڤێك لە ژیانكردن بەهەموو پێوەرێك كاری خودای گەورە و قەدەر و چارەنووسە، هیچ رۆح لەبەرێك ئەو مافەی نییە بڕیار لەسەر مانەوە یان نەمان لەژیاندا بۆ كەسێكی تر بدات. هەموو عورف و یاسا و رێسا و تەنانەت ئایینەكانیش جەختیان لەوە كردۆتەوە. 
تاكی ئێمە وا فێركراوە یاخود وا پەروەردە كراوە كە خۆی بە فلتەری هەڵە و كەموكووڕی و نەنگییەكانی رەگەزی مێ داناوە و رەوایەتی بەخۆی دەدات، مادام تۆ نێریت كەوایە حاكم و بڕیار بەدەستی، ئەو عەقڵەیەتە وا لە تاكی ئێمە دەكات لەهەر بارودۆخێكدا ببن بە كەسی پاڵەوان، بۆیە تا ئەو جۆرە بیركردنەوە و ئایدیایە بنبڕ نەكرێت، هەموو رۆژێك پاڵەوانێكی (نێر) دەبێتە بكوژێكی پاڵەوان..

وتارەکانی نوسەر