هۆیەکانی فێرکردن لە پیشانگایەکدا

10:13 - 2023-03-08
وتار
325 خوێندراوەتەوە

ئا: عەلی حەمەڕەشید*

هەر چالاکییەک بکرێت مەبەستی تایبەتی و گرنگی  خۆی هەیە، چونکە کۆمەڵێک بەشداریی تێدا دەکەن و کار و چالاکییەکانیان دەخەنە ڕوو، ئەمەش خۆی لە خۆیدا لە هەندێک لایەنەوە سودبەخشە و مایەی خۆشحاڵییە. کاتێک دەچیتە ناوی و سەردانی دەکەیت هەست بە ئاسودەیی دەکەیت، هەست دەکەیت بە گرنگییەکی زۆرەوە لە کارەکانی خۆیان دەڕوانن و لەو رووەوە هەست بە بەرپرسیارێتییەکی تەواویش دەکەن. بۆیە ناکرێت بە سانایی لەو پیشانگایانە بڕوانین چونکە دوای ماندووبوونێکی زۆر هاتۆتە بەرهەم، چ  لە لایەن  ئامادەکارانی سەرەکییەوە، چ لەلایەن ئەو شوێنەی پیشانگاکەی تێدا دەکرێتەوە، چ لەلایەن بەشداربووانەوە، ئەمەش جێگەی دەستخۆشییە.
 هۆیەکانی فێرکردنی پرۆگرامی خوێندنی باخچەکانی منداڵان ناونیشانی ئەو پیشانگایە بوو کە لە ماوەی رابردوودا لە باخچەی منداڵانی ئەستێرەی حکومی کرایەوە بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵات و سەرپەرشتیاری یەکەم لە یەکەی سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی رۆژهەڵات و کۆمەڵێک سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و بەڕێوەبەری باخچەکان، دەستخۆشی لە سەرپەرشتیارانی باخچەکان و کارگێڕی باخچەی منداڵانی ئەستێرە دەکەین بۆ سازدانی ئەم چالاکییە کە بە بەشداری (١٤) باخچە و هەر باخچەیەک هۆی فێرکردنی تایبەت بە یەکێک لە یەکەکانی پرۆگرام ئامادەی کردبوو، یەکەکانیش بریتیبوون لە (وەرزەکان، من و هاوڕێکانم، هاتوچۆ، وەرزش، وڵاتەکەم، جەستەمان، ئیشی دەست و وێنە، چیرۆک و کتێبخانە، ئاژەڵان، ئاو و ژینگە، کەش و هەوا، خێزان) کە بەشێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش زۆربەیان خۆیان دروستیان کردبوو، بەشێکیش منداڵان خۆیان دروستیان کردبوو بە هاوکاری مامۆستایان. کاری جوان و باش و سەرنجڕاکێشی تێدابوو، ئەم پیشانگایە چالاکییەکی گرنگ بوو، بووە هۆی ئەوەی بەشداربووان ئاڵوگۆڕی  ئەزمون و زانیارییەکانیان بکەن و سودیش لەیەکتر وەربگرن و  بتوانن لە باخچەکانیاندا ئەوانیش بەکاری بهێنن. لە راستیدا مەرجەکانی فێرکردن لە چەند خاڵێکدا خۆی دەبینێتەوە، گرنگترینیان ئەوەیە تێچووی کەم بێت، سادە و ساکار بێت، لە ژینگەی منداڵەکەوە نزیک بێت، مەترسی لەسەر منداڵ دروست نەکات، هەروەها منداڵ بە ئاسانی بتوانێت هەم بەکاری بهێنێت هەم چێژی لێوەربگرێت. بۆیە پێویستە گرنگی زیاتر بدرێت بە کردنی ئەم جۆرە چالاکییانە .دەبێت ئاگاداری ئەوەش بین وانەوتنەوە لە باخچەی منداڵاندا زۆر جیاوازترە لە قوتابخانە و یاری پشکی هەرە زۆری بەردەکەوێت و گۆرانی و چیرۆکی تایبەت بە منداڵانی باخچە کە مامۆستایان لە ژوورەکاندا دەیکەن، هەموو وانەکان دەبێت یاری ئامێز بن و بە یارییەوە بوترێنەوە تا منداڵ زیاتر چێژ وەربگرێت و خۆشەویستی زۆرتری  بۆ باخچە و بۆ مامۆستاکانیشی هەبێت. وا باشە باخچەی منداڵان وەک باخچەی یاری بێت و هەر کارێک تێیدا بکرێت بەشێوەی یاری بێت چونکە منداڵ بەو شێوەیە حەزی زیاتری بۆ بابەتەکە دەبێت و بیری ناچێتەوە و بە باشی لێی تێدەگات.
*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

وتارەکانی نوسەر