بەبۆنەی 8ی مارسەوە

02:20 - 2023-03-08
وتار
216 خوێندراوەتەوە

گەلاوێژ 
بەبۆنەی 8ی مارس، رۆژی جیهانیی ژنانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم ژنانی جیهان بەگشتی و ژنانی كوردستان بەتایبەتی دەكەم و بەتایبەتتریش دایك و هاوسەر و كچانی شەهیدانی گەل و نیشتمانەكەم.
ئەم رۆژە سەلماندنی ئەو حەقیقەتەیە كە ژنان سەنگ و قورسایی و رۆڵی سەرەكییان هەبووە و هەیە و دەبێت لە پێشخستنی ژیان و پەرەپێدانی هەموو كایە و بوارەكان لە سەرانسەری جیهاندا، ئەوە خەباتی ژنان بوو كە ئەم رۆژەی كردە بۆنەیەكی جیهانی و ساڵانەیش ژنانی كورد بەسەربەرزییەوە یادی دەكەنەوە.
ژنانی كورد هەر لە دێر زەمانەوە رۆڵی بەرچاویان هەبووە و ئەمەی ئێستایش درێژەپێدەری ئەو رۆڵ و پێشڕەوایەتییەیە كە داپیرە مەزنەكانمان گێڕاویانە و ناویان بە پیتی زێڕین لە مێژووماندا تۆماركراوە.
ژنی كورد لە خەباتی رزگاریخوازیی نەتەوەكەیدا شانبەشانی پیاوان لە سەنگەری بەرگری و پاراستنی بەهابەرزەكانی كوردەواریدا بووە و بە چەك و بیر و پەروەردە و پێگەیاندن تێكۆشاوە.
ژمارەی ئەو ژنە تێكۆشەرانە كەم نین كە لە سەنگەرەكانی پێشمەرگایەتیدا خوێنی گەشیان رژاوە و بووەتە گوڵاڵەسوورەی نیشتیمانەكەمان بۆیە لە مڕۆژەدا پێش هەموو كەس دەستی گەورەیی و میهرەبانیی بۆ ئەوان بە سنگەوە دەگرین.
ئێستا خەباتی ژنان، بەتایبەتی لەم بەشەی نیشتماندا گۆڕاوە بۆ خەباتی مەدەنی و ئەركی ئیداری و پێشخستنی بەها بەرزە كۆمەڵایەتییەكانی كوردەواری كە چاكی مەردانەیان لێكردووە بەلادا و هیچ بوارێكی سیاسی و رێكخراوەیی و ئیداری و پەروەردەیی و حكومیی نابینین كە دەیان و سەدان ژنی رووسووری كورد گەورەیی خۆیی تێدا نەسەلماندبێت.
ئێوە كچان و ژنانی میهرەبان و ڕووسوور و سەنگین و سەلاری كۆمەڵی كوردەواری، ئەركی ئەمڕۆتان یەكجار قورس و زەحمەتە بەڵام دڵنیاین شانی بەشكۆی ئێوە و خۆڕاگریی و دڵنەرمی و سۆز و وەفاداریتان هەموو ئەركێكتان بەلاوە ئاسان دەكات و سەربەرزانە هەر یەكەتان لە بواری خۆیدا درێژە بە خەباتی ژنانەی خۆتان دەدەن.
سڵاو بۆ تەوارە شەهیدەكان.. سڵاو بۆ ئەو دایكە میهرەبانانەی كچ و كوڕی خۆیان بە بیری پێشكەوتووخوازیی پەروەردە دەكەن.. سڵاو بۆ ژنانی جیهان.

وتارەکانی نوسەر