سەردانێكی‌ كورت بۆ بەغدا و چەند سەرنج و بەراوردێك

07:11 - 2022-03-13
پ.د. وەلی‌ مەحمود حەمەد
725 خوێندراوەتەوە

من خۆم ماوەیەكی‌ زۆرە نەچوومەتە بەغدا و شارەكانی‌ عیراق بۆ ئیشوكار و پێویستی. خۆ ئەگەر چووبێتیشم، ئەوا سەردانێكی‌ خێرا و پڕۆتۆكۆڵی‌ و پیرۆزبایی‌ و كارێكی‌ سەرپێیی‌ و كورت ماوە بووە. بۆیە زۆر ئاگاداری‌ وردەكارییەكانی‌ ژیانی‌ خەڵك و چۆنێتی‌ ئیدارەی‌ دەوڵەت و حكومڕانیی نەبووم، بەڵام لە چەند رۆژی‌ رابردوودا سەردانێكی‌ بەغدام كرد بۆ هەندێك ئیشوكاری‌ تایبەت بە خوێندنی‌ باڵا و زانكۆی‌ كۆیە و وەزارەتی‌ خوێندنی باڵای بەغدا. بەم ماوە كورتە لە بەغدای‌ پایتەخت ئەم زانیاری‌ و تێبینیانەم وەرگرت و سەرنجم دا.

لایەنی‌ ژیانی‌ سەر شەقامەكان و پیسی‌ و پۆخڵی‌ و ناڕێكی‌ وام هەرگیز لە پێشووتردا لەو بەغدایە نەبینیبوو من لە ساڵی‌ 1983-دا سەردانی‌ بەغدام كردووە، جار هەبووە (15) رۆژ ماومەتەوە. راستە قەرەباڵغی‌ لە هەندێك كاتدا و لە هەندێك شوێن هەبووە و خاشاك و پۆخڵیش لە هەندێك شوێن هەر هەبووە، بەڵام ئەمەی‌ لەم گەشتەمدا بینیم، ئەو دیاردەیە زۆر گشتگیر بووە و هەست دەكەیت ئیتر خەریكە حكومەت دەستبەرداری‌ دەبێت.

لەناو بەغدا و لە زۆر شوێنی‌ كە پێشتر بەغدا پێی‌ دەناسراو بەناوبانگ بووە، پڕبووە لە كەلاوە و خەراپگە و وێرانە. شەقام و رێڕەوەكانی‌ بەهیچ شێوەیەك بەرگەی‌ ئەو قەرەباڵغییە ناگرن، چونكە (بەغدا ژمارەی‌ دانیشتوانەکەی بەرەو هەشت ملیۆن هەڵكشاوە، بەڵام شەقامەكانی‌ هەر شەقامە كۆنەکانن و هۆیەكانی‌ گواستنەوەی‌ گشتی‌ بە جارێك پەكیان كەوتووە.
كاروباری‌ فەرمانگەكانی‌ حكومەت بەجارێك سست بووە و ئەو كارانەش کە بە باشی‌ دەڕۆن كە بەرتیلیان لەسەر وەرگیراوە.
لەسەر شەقامەكانی‌ بەغدای‌ پایتەخت ئەم چەند دیاردەیەش بە روونی‌ دەبینرێت: سواڵكردن ئەگەرچی پێشتریش هەر هەبووە، بەڵام هەرگیز بەم بەربڵاوییەی ئێستا نەبووە، زۆربوونی‌ نەخۆشی دەروون ناساغ کە بە زاراوەی‌ گشتی‌ پێیان دەوترێت (شێت) کە لە هیچ شەقامێك نییە نەبینرێن. هەروەک كاسبی‌ زۆر سادە (وەك فرۆشتنی‌ كلینێكس ، بنێشت ، ئاو ، چا…..هتد) لەلایەن مێرمنداڵان و خەڵكی‌ بەتەمەنەوە كە ئەوە پێت دەڵێت ژیان چەندە بە قورسی‌ دەگوزەرێت و داهاتی‌ مانگانەی‌ ئەم كەسانە دەبێت چەندبێ؟!

بوونی‌ ژمارەیەكی‌ زۆر لە پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان و ئۆتۆمبێل لە شەقامەكانی‌ بەغدادا بەزۆری‌ و بە بەردەوامی‌ كە سیمای‌ شارستانی‌ و جوانیی‌ بەغدای‌ جارانی ناشیرین كردووە و گرفتەكانیش رۆژبەڕۆژ لە زیادبووندان.
هەرگیز نە پێشتر و نە لە هیچ پایتەختێكی‌ جیهاندا بەم ژمارەیە و بەم شێوەیە پۆلیس و پۆلیسی‌ هاتوچۆ و پلەداری‌ ئەم هێزانە لەسەر شەقام و لە فولكەكان نابینرێت، كەچی‌ لەولاوە بە روونی‌ بێ پلانی‌ و پابەندنەبوون بە یاساكان دەبینرێت و بەمەش بەشی‌ زۆری‌ بودجە و پارە بۆ ئەم بابەتە دەڕوات.
پارك و سەوزاییەكانی‌ بەغدا بەرەو لەناوچوون و پیسی‌ و پۆخڵی‌ و وشكبوون چوون، لەو لاوەشەوە خاشاك و گەرم بوون و كاولبوون بە باشی‌ هەستی‌ پێ دەكرێت.

بۆ من ئەم بەراوردە زۆر بەڕوونی‌ دەردەكەوت و ئەگەر بەراوردی‌ بكەین لەگەڵ هەولێر و سلێمانی‌ و دهۆك، زۆر بەباشی‌ دەردەكەوێت كە حكومەت لە كوردستان زۆر باشتر چارەسەری‌ ئەم بابەتانەی‌ كردووە، تەنیا شتێك كە جیاواز بوو، لەوێ كارمەندانی‌ حكومەت مووچەكانیان بێ گرفت وەردەگرن، بەڵام لە كوردستان گرفتی‌ مووچەمان هەیە، بۆیە بە بۆچوونی‌ من لە كوردستان ململانێی‌ حزبەكان نەمێنێت لەسەر دەستتێوەردانی‌ هەندێك ئیشوكاری‌ حكومەت، ئەوا ستایلی‌ بەڕێوەچوونی‌ دەوڵەتی‌ و پابەندبوون بە یاساكانی‌ هاتوچۆ و هەندێك خۆكۆكردنەوە و چارەسەركردنی‌ مووچە و كارەبا و هەندێك خزمەتگوزاریی‌ دیکە. هۆكارەكانی‌ سەقامگیریی‌ و مانەوەی‌ لە بەغدا زیاترە.
من وایدەبینم ئەم دۆخەی‌ ژیانی‌ خەڵك لە بەغدا کە هەیە و من بینیم، ئەو بەهەشتە نییە كە ئێمە پێمان وابێ مادام لە عیراق مووچە و دەرماڵەكان گرفتیان نییە، ئیدی ژیانی‌ خەڵك باشە، بەڵكو لەوپەڕی‌ بێ متمانەیی‌ دایە و خەڵك و گەنج بە گشتی‌ هێندە بێزارن کە لە تەقینەوەیەكی‌ گەورە نزیكن و کۆنترۆڵکردنیشی زەحمەتیش دەبێت، بۆیە تكایە ململانێی‌ حزبی‌ و دەستوەردان لە گیرفانی‌ حكومەتی‌ هەرێم رابگرن، ئەو گرفتانەی‌ كە هەن بە ئاسانی‌ كۆنتڕۆڵ دەكرێن.

هیوادارم بەرپرسانی‌ باڵای‌ حكومەت و حزبەكانی‌ حکومڕان لە هەرێم، ئەم بابەتە بەهەند وەربگرن، با خەڵكی‌ هەرێم خۆزگە بە ژیانی‌ ژێردەستەیی نەخوازن، چونكە وانییە و هیچ بەهەشتێكیان بۆ خەڵك نەهێناوە.

*سەرۆكی‌ زانكۆی‌ كۆیە

وتارەکانی نوسەر