وشەدان*

وشەی هەوێز

10:42 - 2023-03-20
جومعە كانی لەلەیی
469 خوێندراوەتەوە

لەم رۆژانەی پێشوودا سەردانی گوندی ئۆمەرگومبەت-م كرد بەمەبەستی  بەدواداچوونی  بابەتێكی  رۆژنامەوانی، گوندی  ئۆمەرگومبەت  بە دوانزە  كیلۆمەتر  كەوتۆتە  خۆرئاوای  ناحیەی  تەق تەقەوە و سەر بە ناحیەی  سێگردكانە، دووەم  گوندە  لە دوای  حەمك   گەورەترین  داستانی  پێشمەرگایەتی  تیا  تۆماركرابێت  لە شۆڕشی نوێدا، دانیشتوانی  گوندەكە  شێوەی  ئاخاوتنیان  جیایە  لە دەوروبەریان و  شێوەزاریان   دەچێتەوە  سەر  خێزانی  لوڕی،  كاتێك  بتەوێ  هەر  وشەیەكی  رەسەنی  كوردیت  دەستبكەوێت   دەبێت  سەردانی  گوندی  ئۆمەرگومبەت  بكەیت و گوێ  لە ژن و پیاوە  بەتەمەنەكانیان   بگریت  كە  لەناوخۆیاندا  لەكاتی  راییكردنی  كاروباری  رۆژانەیان  پێی  دەئاخڤن  چونكە  ئێستاش  كەسە  بەتەمەنەكانیان  بەهەمان  زاری  جارانیان  دەدوێن و  زۆربەی  ئەو  وشەو  دەستەواژە و   چەمكە  رەسەنانە ‌ بەكاردەهێنن  كە ئێستا  لەبیرچوونەتەوە  یان  باشتر  بڵێم  خەریكە  نامێنن و  لەناودەچن.
لە كاتی  نووسینەوەی  راپۆرتە  رۆژنامەوانییەكەم  بەدەم  چا خواردنەوە  لە ماڵی  جووتیارێك  گوێم  لە كەیبانووی  ماڵەكە  بوو  بەكچێكی  خۆی  گوت  دوێتم  هەوێزەكە  ماڵیویت؟ واتە  كچم  هەوێزەكەت  ماڵیوە.
وشەی  هەوێز  بۆ  من  نوێ  نەبوو  تا  بیكەمە  بابەتی  ئەمجارەی   گۆشەكەم   بەڵكو  بەبیری  هێنامەوە كە لای   زۆربەی  نەوەی  ئێستا  نەك  هەر  نوێیە  بەڵكو  ماناكەیشی  نازانن و  كات و جێگای  بەكارهێنانی  وشەكەیان  لێدیار نییە، بۆیە  بەپێویستم  زانی  گۆشەی  ئەم  مانگەمان  لەسەر  وشەی  هەوێز  بێت.
هەوێز  شوێنی  خەوتن و پشوودان و حەوانەوەی مەڕ و ماڵاتە و  تەنها  بۆ  مەڕو بزن  بەكاردێت،   ئەو  شوێنەش  پێی  دەڵێن  هەوێز  كە كەوتۆتە  دەشتودەر نەك  ناو ئاوایی و گوندەكان  كاتێك  ئاژەڵەوان  لە وەرزەكانی  بەهارو هاوین و پایزدا   مەڕوماڵات  دەبەنە  دەشتودەر و  شەوین  بەماڵاتەكەیان  دەكەن  یان  هەواری  لەوەڕ  لە گەرمیانەوە  دەگوازنەوە بۆ  كوێستان و بەپێچەوانەشەوە.
لە هەندێك  ناوچە  وشەی  (جێ مەڕ)یش  بەكاردەهێنن  بەڵام  لەڕووی  زمانەوانییەوە  هەڵەیەكی تیا دەردەكەوێ  بەوەی  هەوێز  شوێنی خەوتنی  تەنها  مەڕ  نییە  تا پێی  بڵێن جێ‌ مەڕ  بۆیە  گونجاوترین   وشە  هەوێزە  كە بۆ ئەم  مەبەستە  بەكاردێت.
بۆ دڵنیا بوونم  لە واتای  وشەكە و چۆنییەتی بەكارهێنانی لە شوێن و بۆ مەبەستی خۆی سەردانی  چەند ئاژەڵەوانێكم كرد و ئەوانیشم دواند، گوێم لەپیاوێك بوو  بە ژنەكەی گوت ‌ هەوێزەكە  دەگوازینەوە  بۆ پاوانی  یاسەمین، یەكێكیتر گوتی  تەیمانی  هەوێزەكەمان  كۆن  بووە پێویستی  بەنوێكردنەوە  هەیە، كەسێكی تر  گوتی پێویستە  هەوێزەكە  گەورە  بكەین، هێندەی  تێگەیشتم  هەوێز  بۆ گاگەل و گوێرەكە و گوێدرێژ و ئەسپ و ماین  بەكارنایەت  تەنها بۆ  مەڕو بزن نەبێت
لە زاری  كرمانجی  ژوورودا  لەبری  هەوێز  وشەی  هاوژین  بەكاردەهێنرێت  هەرچی  شوێنی  بەخێوكردنی  ماڵاتە  لەناو گوند دا  پێی دەڵێن  كۆتان،  بەڵام  لە كرمانجی  خواروودا   وشەی  كۆتان  بەو  شوێنە  دەگوترێت  كە لە دەشتودەر بۆ  بەخێوكردنی  مەڕوماڵات سوودی  لێوەردەگیرێت و لە هەوێز  گەورەترو جێگیر ترە،   جیاوازی  نێوان  هەوێزو كۆتان  لە شوێندایە،  بۆ نموونە  كۆتان  شوێنێكی دیارە و  هەموو ساڵێك  هەمان  شوێن  دەكرێتە  پەڕگەی  مەڕو ماڵات  هەرچی  هەوێزە  دەشێت  لە ساڵێكدا چەند شوێنێك  بكرێتە هەوێز بەپێی گونجانی  لەوەرگاكە و نزیكی  لەسەرچاوەی  ئاوەوە.
ئەوەی لە ‌لام جێی سەرنج بوو ئەوەیە لە هەموو شێوەزار و زارۆكەكاندا  جگە لە كرمانجی  ژوور و   وشەی  هەوێز  بۆ  یەك  مەبەستی  دیاریكراو  بەكاردەهێنرێت و بۆ هەموو شێوەزارەكان  یەك  مانا  دەبەخشێت.

وتارەکانی نوسەر