راپەڕین بۆ ئەوە نەبوو ئاوای لێبت

12:01 - 2023-03-22
ئازاد جۆڵا
415 خوێندراوەتەوە

راپەڕین بە گرینگترین و پڕ بەهاترین و مەزنترین دەستکەوتی مێژوویی گەلەکەمان دادەنرێت، لەبەر ئەم هۆیانە:

* ئەم ئازادی و خۆبەڕێوەبەرییەی ئێستا دەرەنجامی ئەوێ رۆژێی راپەڕین بوو.
 * یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی سەرجەم هێز و لایەنەکان هۆکارێکی گرنگ بوو کە ئەوکات لە چوارچێوەی بەرەی کوردستانیدا رێکخرابوو.
*  تا ئەوپەڕی متمانە لە نێوان خەڵک و شۆڕش بەهێز و پڕ بوو لە فیداکاری و خۆنەویستی. 
٭ رزگاریی نەتەوە و نیشتمان ئامانج بوو.
* بەرژەوەندی گشتی لەسەرووی هەموو شتێکەوە بوو.
٭ راپەڕین رەتکردنەوەی توندڕەوترین دیکتاتۆر و هەڵمژینی هەناسەی ئازادی گەل بوو. 
٭ ناساندنی پرسی کورد و کێشە رەواکەی بە جیهانی دەرەوە و بەهێزبوونی پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسی سەرکردایەتی کورد بوو بە دەرەوە. 
٭ راپەڕین بوو بەهۆی پێکهێنان و دروستکردنی دامەزراوە یاسایی و رەسمییەکانی ئەمڕۆ و دواتریش چەسپاندنی بەشێکی باش لە مافەکانی گەلەکەمان لە دەستووری هەمیشەیی عیراقی نوێدا، ئەمانە و دەیان دەستکەوت و سەروەریی تر هەر بەهۆی راپەڕینەوە بەرهەمهات، بەڵام پێویستە ئەم راستییەش بزانین، ئەگەر هەڵە زۆر و بەردەوامەکانی سەرکردایەتی سیاسی کورد نەبوایە، ئەگەر بەرژەوەندی کەسی و حزبی پێش بەرژەوەندی گەل و وڵات نەخرایە، ئەگەر شەڕی یەکترکوژی و تاڵانی و وێرانکاری نەبوایە، ئەگەر هێندە کاریگەریی دەرەکی بەسەر هەرێم و حزبەکانەوە نەبوایە، ئەگەر لەپێناوی باڵادەستی دەسەڵات و خۆسەپێنی سیاسی پەنامان بۆ داگیرکەر نەبردایە، ئەگەر لە رووی سیاسییەوە باوەڕمان بە دیموکراسی و دەستاوەستی دەسەڵات هەبوایە، ئەگەر پارێزەری مافی مرۆڤ و باوەڕی تەواومان بە ئازادی رادەربڕین هەبوایە، ئەگەر خاوەنی حکومەتێکی مەدەنی و شەفاف و خزمەتگوزار بووینایە، ئەگەر تووشی لێکترازان و چەقبەستوویی سیاسی نێوخۆ نەبووینایە، ئەوا بێگومان ئەمڕۆ دەستکەوتەکان گەلێک زیاتر و ئەزموونەکەمان پارێزراوتر و شەهیدانیش لە گۆڕدا رۆحیان شادتر دەبوو.

وتارەکانی نوسەر