دۆخی سوریا و پیلانی داڕێژراوی پێشوەختە

09:59 - 2024-12-08
ئازاد جۆڵا
110 خوێندراوەتەوە



ئەگەر بە وردی سەیری نەخشە و پیلان و هێرشەکانی گروپە چەکدارەکانی دەستەی رزگاریخوازی شام و گروپەکانی تر بکەین،  لەبەرامبەریشدا سەیری بەرگری نەکردن و پاشەکشەی سوپای سوریا و هێزە هاوپەیمانەکانی بکەین، ئامانجی ئەم هێرشە سەربازییانەی چەند رۆژی رابردوومان بۆ روون دەبێتەوە کە ئەم بارودۆخە دەرەنجامی نەخشە و پیلانێکی داڕێژراوە.
خوێدنەوەکان ئەوە دەخەنەڕوو ئەم دۆخە گرێدراوی ململانێ و ناکۆکییە باڵاکانی جیهان و بەریەککەوتنی چەندین بەرژەوەندیی دژ بەیەکن، لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەردەوامیی و مانەوە و چارەسەرنەکردنی کێشە لە مێژینەکان و سەپاندنی هەژموون و هەیمەنەی زیاتر بەسەر ناوچەکەدا بەگشتی، ئەوە دەگەیەنێت کە جۆرێک لە رێککەوتنی نێوان هەندێک لە وڵاتەکان هەبێت بۆ گۆڕینی دیزاینی ناوچەکە لە کەمکردنەوە و لە قاڵبدانی دەسەڵاتی هەندێک و هاتنە پێش و ناساندنی هەندێک لایەن.
دیار نییە لە بەرژەوەندیی کێ دەبێت
بێگومان مەرج نییە ئەم گۆڕانکاری و نەخشە تازەیە بەتەواوی لەبەرژەوەندیی هیچ گروپ و لایەنێک بێت، ئەوەی دەردەکەوێت دۆخی ئێستای سوریا لەسەر ئاستی وڵاتانی زلهێز، پەیوەستە بە شەڕی نێوان روسیا و ئۆکڕانیاوە و لەلایەکی دیکەشەوە ئیسرائیل و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
لەسەر ئاستی ناوچەکە پەیوەستە بە بچووک کردنەوە و لاوازکردنی زیاتری ئەسەد و دەسەڵاتەکەی، لایەنەکەی تر پەیوەستە بە خواست و داوای لە مێژینەی ئەردۆگان بۆ ئەسەد بۆ لەناوبردنی بەرێوەبەریی خۆسەر و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە. 
هەبوونی کورد و رۆڵی هەسەدە، لە بەشێکی باکوور و خۆرهەڵاتی سوریا، بۆ خۆی گرفتێکی تری هەموو لایەنە نێودەوڵەتی و هەرێمی و نێوخۆییەکانیشە، ئێستا لەقۆناغی یەکەم هەموو هەوڵ و ئامانجەکان، بە ئاڕاستەی ئەوەن کورد و دەستی کورد بەتەواوی لە خۆرئاوای فورات ببڕن، رەنگە پیلانەکە ئەوەبێ خۆرهەڵاتی فورات کە ئەمریکا و کورد تێیدا باڵادەستن، وەکو خۆی بمێنێتەوە، بەڵام ئەمەش درێژخایەن نابێت و پەیوەست دەبێت بە مانەوەی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی فورات و گۆڕانکاریی ناوچەکە، پێدەچێت بە پشتیوانیی راستەوخۆی سەربازیی تورکیا و ماددی و مەعنەوی بەشێک لە وڵاتە عەرەبیەکان و سەرجەم گروپە توندڕەوە سوننیەکان و تا ئاستێک ئیسرائیل، هەوڵی ئەوە هەبێت لە قۆناغی یەکەم رووبەرێکی بەرفراوان لە ناوچە سونییەکانی سوریا وەک هەرێمێک و ناوچەیەکی دیفاکتۆ بۆ عەرەبی سوننە دابین بکەن و پشتیوانیی لێبکەن.
رەنگە دیمەشق و بەشێکی کەم لە چەند شار و شارۆچکەیەک بۆ ئەسەد و خواستی ئێران و روسیا مسۆگەر بکەن، ئەوەی چارەنووسی وەک نەتەوە، نادیار و نامسۆگەر و ناسەقامگیر و بێ پشتیوان و تەنهایە، کورد و ئەزموونە خۆ بەڕێوەبەرییەکەیانە، لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا لە خۆرهەڵاتی فورات ئەمریکا هاوکار و پشتیوانیانە، بەڵام ئەمە نە مسۆگەرە نە بەردەوامیش دەبێت و  نە ئەوەشە پشتی پێ ببەستن.
ئەمە جگە لەوەی لە رێگای ئەم بەرنامە و پلانەوە، بەشی هەرە زۆری خاکی خۆرئاوای کوردستان بە درێژایی سنووری تورکیا، لەدەست کورد نامێنێ بە عەرەب و بەتورکمان دەکرێت، ئامانجیش لێی، سڕینەوەی مێژووی کورد و کەلتورەکەیەتی لەم ناوچانە. بۆ راستیی ئەم بۆچوونەش، ئەگەر سەیر بکەین هێزەکانی هەسەدە ناتوانن یان نایانەوێت هیچ بەرگری لە خۆرئاوای فورات بکەن، تەنها لە هەوڵی ئەوەدان زۆرترین هاووڵاتیانی کوردی سڤیل دەرباز بکەن و ئینجا خۆشیان لە ناوچەکە نەمێنن، بۆیە ئێستا پشتیوانیی لە گەلەکەمان لە رۆژئاوا گرنگە.

شەڕەکان لە سوریا لە چەندین قۆڵەوە بەگەرمی بەردەوامە

وتارەکانی نوسەر