شکاندنی شکۆی راپەڕین بە مەبەست

10:22 - 2023-03-26
شوان کەریم کابان
311 خوێندراوەتەوە

راپەڕین پڕۆسەیەکی بەرنامە بۆ  داڕێژراو بوو، یەکەم جار بوو لە مێژووی شۆرشەکانی کوردستاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان هێزی پێشمەرگە و رێکخستنەکان و جەماوەر لە نزیکەوە و پێکەوە کاربکەن.
یەکەم جاریش بوو حزبە کوردستانییەکان لە بەرەیەکی هاوبەشدا هەریەکە و بە هەموو تواناکانی خۆیانەوە بەشداربن. 
لەباربوونی هەلومەرجی سیاسی و سەربازیی عیراق و ناوچەکەش بوو، کە بەهۆی داگیرکردنی کوێتەوە کەوتە بەر هێرشی سەربازیی هاوپەیمانان.

ھیچ پڕۆسە و کارێک چەندە وردەکاریشی تێدا بکرێ بێ کەموکورتی نابێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە پێی بزانرێ و دیاریبکرێ و چارەسەربکرێ

بە هەموو نەهامەتییەکانییەوە سەرکەوتن بوو
راپەڕین ئەگەرچی رەوی خەڵکی کوردستانیشی بەدوادا هات، بەڵام بەهۆی دەستپێکردنی گفتوگۆی بەرەی کوردستانی لەگەڵ رژێمی عیراق، هەلێکی لەبار هاتە ئاراوە تاکو بەرەی کوردستانی بیر لە داهاتووی کوردستانی رزگارکراو بکاتەوە، ئەمەش هەڵبژاردنی لێکەوتەوە بۆ پەرلەمان و دواتر دامەزراندنی حکومەتی هەرێم کە لە پاڵ رزگارییدا، گرنگترین دوو دەستکەوتی راپەرینن. 
شاراوەش نییە هیچ پڕۆسە و کارێک چەندە وردەکاریشی تێدا بکرێ بێ کەموکورتی نابێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە پێی بزانرێ و دیاریبکرێ و چارەسەربکرێ.
 گازندە و رەخنە لە ئێستای دوای راپەڕین
چەند رۆژێک تێپەڕیوە بەسەر یادی راپەڕیندا، دەکرێ بە هێمنی و لەسەرخۆ قسەیەک  لەسەر ئەو گلەییانە بکەین کە لە راپەڕین و دەرەنجامەکەی لە بەشێک لە میدیاکاندا، بە میدیای ئەو حزبانەشەوە کە بەشداری راپەڕین بوون، لە نێویشیاندا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بەشداری سەرەکی پڕۆسەکە بوو. 
ئاساییە خەڵک رەخنە و گلەیی لە حکومەت و حزبەکان هەبێ، کەموکورتییەکانیان دەربخات و سەرزەنشتیان بکات، داوای باشتر بکات، بەڵام ئەگەر بە میتۆدی هیچ نەکراوە و خۆزگە راپەرین نەکرایە قسە بکەین، ناهەقییەکی گەورەیە دەرهەق بە خوێنی شەهیدان و خەباتی جەماوەری راپەڕیو و هێزی پێشمەرگە و رێکخستنەکان.
چۆن دەکرێ و بە چ شێوەیەک دەرەنجامەکانی راپەڕین هەلسەنگێنین بێ ئەوەی تەڕ و وشک پێکەوە بسوتێنین؟ 
ئەگەر مەبەستمان هەلسەنگاندنێکی بابەتیانە بێ، نەک شکاندن و جنێودان کە بەداخەوە بۆتە نەریتێکی باو لای بەشێک لە میدیا و زۆربەی سۆشیال میدیاکان، ئەوا دەکرێت بپرسین ئایا حزبەکان، لەکاتی راپەڕیندا تەبا و یەک دەنگتر بوون یا ئێستا؟ ئایا حکومەتی هەرێم کە بەرهەمی راپەڕینە، دەیتوانی لەمەی ئێستا باشتر بێ و زۆرتر بە تەنگ ژیانی خەڵکەوە بێ؟ 
کە راپەڕین بوو، چەند کیلۆمەتر شەقام و جادەی قیرتاو هەبوو؟ چەند گەڕەک لە شارێکدا هەبوو؟ کارەبا لە چەند شار و گوند هەبوو؟ ئاو گەیشتبووە چەند شارۆچکە و گوند؟ چەند قوتابخانە و زانکۆ هەبوو؟ چەند کەس مووچە خۆر بوو؟ چەند رۆژنامە و گۆڤار و تیڤی و سەتەلایت هەبوو؟ چەند خەستەخانە و مزگەوت هەبوو؟ چەند حزب و بزووتنەوەی سیاسی و رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەنتەری رووناکبیری و داکۆکیکار لە مافی ژنان هەبوو؟

بواری پیشەسازی و کشتوکاڵ لە چ ئاستێکدا بوو؟
بژێوی ژیانی خەڵک، رێکخراوەیی پێشمەرگە، مەودای ئازادییەکان چۆن بوون؟ چەند هاووڵاتی خاوەنی شوێنی نیشتەجێی خۆی بوو؟ چەند شوێنی کار و مۆڵ  و قەیسەری کار و کاسبی هەبوو؟ چەند کەس دەوڵەمەندبوون؟ ئەوسا گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات چۆن بوو؟ چەند یانەی وەرزشی و رووناکبیری و کۆمەڵایەتی هەبوو؟
دەکرێ بڵێین: هەموو ئەمانە کە بە ژمارەی زۆر گەورە گەشەیان کردووە، دەکرا باشتر و زیاتر بوونایە؟ بەڵێ دەکرا و پێویستە بیر لە پەرەپێدان و زیاتر کردنیان بکرێتەوە، بەتایبەتی ئەو بوارانەی پەیوەندییان بە بژێو و خۆشگوزەرانی خەڵکەوە هەیە.
ئێمە دەبوو قسە لەسەر ئەوە بکەین کە چی دەبوو بکرێت و بۆ نەکراوە؟ 
پەیوەندیی حزبەکان ئێستا پێچەوانەی سەردەمی راپەرینە و لە ئاستی خراپدایە، بەشێوەیەک کاری کردۆتە سەر بارودۆخی کوردستان و یەکڕیزیی کورد بۆتە گرفتێکی گەورە.
لەراستیدا راستە و رەواشە گلەیی و رەخنە لە کەموکورتی حکومەت، گەندەڵی، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، خزمەت نەکردنی خەڵک، نادادی، بگیرێت، بەڵام ناشیرینکردنی مێژووی خەباتی گەلەکەمان بە بیانووی رەخنە و گلەیی، ناهەقییەکی گەورەیە دەرهەق بە قوربانیدانی گەلێک دەکرێ.
راپەڕین وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگە لە رەوتی تێکۆشانی نەتەوەیی و کوردستانیماندا، هەقە هەموو شکۆی بپارێزین نەک
بیشکێنین .

وتارەکانی نوسەر