جەنگی زانیاری

10:06 - 2023-03-27
فەیسەڵ عەلی
304 خوێندراوەتەوە

کارل مارکس، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا، لە راڤەکردنی بۆ سیستمی سەرمایەداریدا، ئەو دەرئەنجامە گەورانەی شۆڕشی پیشەسازی بەرهەمهێنا، تێبینی کرد، سامان لە کەلوپەل یان کاڵا بەرجەستە دەبێت، چونکە لای مارکس، سامان لە کەڵەکەبوونی بەرهەم و کاڵادایە، رەوتی بەرهەمهێنانی و فراوانبوونی نیشانەی دیاری کۆمەڵگەیە، کە لەڕێی بەرهەمهێنانەوە سامان بەرهەم دەهێنێت. بەریتانیای ئەوکاتی بە گەورەترین هێزی ئابووری دانا، کە بەهۆی پیشەسازییەکەیەوە سامانی بەرهەمهێنا، بەوەی ئەوکات سەرکەوتوترین سەرمایەداریی ئەوروپا بوو، توانی بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانی سامان لە پیشەسازییەکەیەوە دەستەبەر بکات. رەنگە ئەو پێشکەوتنە گەورەیەی هێزی بەرهەمهێنانی بەریتانیا، وای لە مارکس کردبێت، رای وابێت، بەریتانیا یەکەم دەوڵەتی سەرمایەدارییە گۆڕانکاریی گەورەی کۆمەڵایەتی تێدا روو دەدات.
پیشەسازی ئەو قورساییەی نەما
ئەمڕۆ، دوای یەک سەدە و نیو لە چەمکی مارکس بۆ سامان، کە ماناکەی لە کاڵا و کەلوپەلدا بەرجەستە بوو، جیهان گۆڕانکارییەکی گەورەی لە قورسایی ستراتیجیی بەها مادی و غەیرە مادییەکان بەخۆیەوە دیوە، کە دامەزراوە و پیشەسازییەکان بەرهەمی دەهێنن، بەمجۆرەش چیتر سامان لە فەراهەمبوونی کاڵادا بەرجەستە نابێت، بەڵکو پێوەرەکانی کێشانی بەهاکەشی گۆڕاوە، سامان لەمڕۆدا، لانیکەم لەم سی چل ساڵەی دواییدا، خۆی لە فەراهەمبوونی زانیارییدا بەرجەستە دەکات، چیتر پیشەسازی ئەو قورساییەی نەما، کە لە رەوتی ئەم پێشکەوتنەی جیهان بەخۆیەوە دەیبینێت، وەک ئەوەی لە سەردەمی هەردوو شۆڕشی یەکەم و دووەمی پیشەسازیدا هەیبوو، هەر کە شۆڕشی سێیەمی تەکنۆلۆجیا، شۆڕشی زانیاری و دیجیتاڵی و ئینتەرنێت دەستی پێکرد، کۆمپیوتەرەکان جێی کارگەکانیان لە بەرهەمهێنانی ئەم سامانە نوێیە گرتەوە و بوونەتە دڵی ئەو گۆڕانکارییەی کە لە سەرەتاکانی ئەم سەدەیەوە بەرەو شۆڕشی چوارەمی تەکنۆلۆجیای برد.
زانیاریی ورد و دروست
رەنگبێ پێویست بەوە نەکات بوترێ، شۆڕشی زانیاری لە میانی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی بەیەکەوە گرێدراوی مەیدانەکانی مەعریفە و تەکنۆلۆجیا و بەکارهێنانەکانیان هاتووە، کە لە کۆتایی جەنگی دووەمی جیهان و بەشبوونی جیهان بۆ دوو بەرە، هاوکاتی ئەمەش پێشبڕکێی پیشەسازی و زانستی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جیهان، ئەو کۆنتڕۆڵکردنەش پێویستییەکی نوێی دەخواست، ئەویش زانیاریی ورد و دروست بوو لەسەر رکابەرەکان، بە هێز و دەرامەتەکانیشیانەوە، بۆ ئەوەی خاڵە بەهێز و لاوازەکان بدۆزێتەوە، گوشاری ئەم پێویستییە وای لە دەوڵەتە گەورەکان کرد، ئاستی کێبڕکێی ئەم دوو مەیدانە واتە مەعریفە و تەکنۆلۆجیا، خەرجییەکانیان بەرزبکەنەوە، لەگەڵیشیدا، لە پاڵ سوپا و چەک و کەشتیگەلەکانیاندا، بەرنامەی ئاسایش و هەواڵگریی وەک بەشێکیتری گرنگیی هێزی دەوڵەت تەماشا بکرێت.
سەرەتای جەمسەربەندیی جیهان
کەواتە رێکەوت نییە گەورەترین دەزگاکانی ئاسایش و هەواڵگری لە جیهان لە ماوەی نێوان چل و پەنجاکانی سەدەی رابردوودا دامەزراون، دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا ساڵی 1947 و لیژنەی ئاسایشی دەوڵەتی سۆڤێت ساڵی 1954 دامەزران، واتە لە سەرەتای جەمسەربەندیی جیهان و بەرەی خۆرئاوا و خۆرهەڵات دامەزران، ئەمە لە گەرمەی هەوڵەکانی ئەو دوو دەوڵەتەدا بوو، کە دەیانویست نهێنی سەرچاوەکانی هێز و دەرامەتەکانی یەکتر و هاوپەیمانەکانی یەکتر بزانن. لەو کاتەوە زانیاری بۆتە هێز و خواستی هەر هێزیکی ئەم جیهانە، مەیدانێکی کێبڕکێی توند کە لە ئاستی روبەڕوبوونە سەربازییەکان کەمتر نییە، کە بە وەکالەت لەڕێی هێزێکی سەر بە خۆیانەوە ئەنجامیان دەدا.
سوپاکان و دەزگاکانی هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی بەر لە هەمووان دەستیان بە توێژینەوەی زانستی لە بواری زانیارییدا کرد، بەرلەوەی زانکۆ و دامەزراوە مەدەنییەکان، لە رووی ئابووری و کۆمەڵایەتی ..هتد دەست پێبکەن، هەروەها لە دیزاین و پاشان دروستکردنی ئامێری تایبەت بۆ بەکارهێنانی ئەو زانیارییانە، بۆ نموونە کۆمپیوتەر یەکەمجار لە پەنجاکانی سەدەی رابردوودا لە ژینگەی هەواڵگری و ئاسایشدا کاری پێکرا، بەرلەوەی لە کۆتایی هەشتاکاندا لە بواری کاروباری مەدەنی بەگەڕ بخرێت، ئەمە بە مانایە دێت کە مەرجەکانی شۆڕشی سێیەمی تەکنۆلۆجیا بەرلەوەی لە کەرتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دەربکەوێت، لەو بوارانەدا 
گەشەی کرد. 
بۆ سەربازی بەکاردەهات
ئەمە رێک ئەوەیە کە لە رابردوو روویدا، سەرەتا پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی سەربازی دەستی پێکرد و بەکارهێنرا، بەدوایدا پیشەسازیی ئوتومبیلی مەدەنی هات، وەک چۆن فرۆکەی سەربازی بەر لە فرۆکەی مەدەنی دەستی پێکرد، هەروەها موشەکی بالیستی سەربازی و دواتر بۆ ئەو موشەکانەی مانگە دەستکردەکانیان هەڵدەدا یان بەرەو قوڵایی ئاسمان زاناکانیان هەڵگرتبوو، لە بواری تەندروستیشدا بە هەمان شێوە.
رێساکانی جەنگی سارد رێگەی بە روبەڕوبوونەوەی سەربازی نێوان هەردوو بەرەکە نەدەدا، چونکە جەنگی ئەتۆمی وێرانکارانەی لێدەکەوتەوە، هەروەها مەیدانەکەشی ئەوروپا دەبوو، لەبەرئەوە بۆ بەتاڵبوونەوەی خۆیان لە دەوڵەتانی تر جەنگی بچووک و دوور لە خۆیان بەرپا دەکرد و قەرەبووی جەنگی قورسی نێوان خۆیان دەکردەوە، لە هەمان کاتیشدا، دوور لە مەیدانەکانی جەنگی سەربازی، جۆرێکی تری جەنگ بەردەوامی هەبوو، ئەویش جەنگی زانیاری بوو، نەک ئەو جەنگەی چەند دەیەیەک بوو بەردەوامی هەبوو، لە نێوان جاسوسەکانیاندا (جەنگی جاسوسەکان)، کە شێوەیەک لە شێوەکانی ئەو جەنگی زانیارییە بوو، کاریگەرییەکانی ئەم جەنگە لە کاریگەریی هەر جەنگێکی سەربازی قورستر و گەورەتر بوو، چونکە دزەی دەکردە نێو بەرەی رکابەرەکان و بە زانیاریی هەڵە سەری لێدەشێواند و دووچاری ناسەقامگیریی دەکرد، رەنگە بە جەنگی سەربازی نەتوانرێ ئامانجێکی لەو جۆرە بپێکرێت. 
تاقیگە زانستییەکان
هەر کە رۆڵی کاریگەریی ئەم جۆرە جەنگە سەلمێندرا، پێویستییەکانی دەوڵەتان زیاتر بوو، وەک چەکێک، نەک لە بواری چالاکییەکانی تایبەت بە بەرگری و هەواڵگری و ئاسایش، بەڵکو تەنانەت لە بواری کێبڕکێی زانستی و ئابووری و بازرگانی و تەکنۆلۆجیادا، لەبەرئەوە زانیارییەکان بەردەوام بە نهێنی دەهێڵرێنەوە و دەپارێزرێن، رکابەرەکانیش بەردەوام هەوڵی دزەکردن و دەست پێڕاگەیشتنی دەدەن، ئەمەش ئەوەیە کە تاقیگە زانستییەکان و کۆمپانیا گەورەکانی پیشەسازی هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن و لە هەمان کاتیشدا هەوڵی پاراستنی زانیارییەکانی خۆیان دەدەن.
ئەمڕۆ، جەنگی زانیاری هەنگاوی بێپێشینەی لەم سەردەمە نوێیەی شۆڕشی زانیارییدا ناوە، توانای دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، دزەکردنە نێو ئاسایشی زانیارییەکان، یاریکردن پێیان، پەکخستنی و شێواندنی سیستمەکانی کارکردنیان ...هتد. 
سوپای ئەلیکترۆنی
ئەمڕۆ زانیارییەکان دەیان هێندەی بەر لە چەند دەیەیەکن، هۆکارەکەش خودی ئەو شۆڕشەیە، کە لە مەیدانی دیجیتاڵییدا هەیە، ئەمڕۆ زانیاری گرانترین کاڵای ستراتیجیی جیهانە، دامەزراوە گەورەکانی ئاسایشی نیشتمانی، بەرگری و هەواڵگری ..هتد، بە پشتیوانی کۆمپانیا تایبەتەکان و سەکۆکانی سۆشیال میدیا، کە بە هەزاران داو بە ناوەندەکانی بڕیای ئاسایشی دەوڵەتە گەورەکانەوە گرێدراون. ئەوەتا چەندین جۆری سوپای ئەلیکترۆنی هەیە بە رەسمی و تایبەتیشەوە، بۆ ئەنجامدانی ئەرکی ئەمنی بەگەڕخراون و دەخرێن، رۆژانە دەیان جار هەوڵی دزەکردنە نێو سیستمی زانیاری دەوڵەتانی تر دەدەن، دواتر هەوڵی پەکخستنی دەدەن، بەتایبەتی لە کەرتە هەستیارەکانی وەک: وزە، وێستگەی ئەتۆمی و ئەوانی تر، بەپێی ئەولەویەتی دەوڵەتی دزەپێکەر. 
دەیان جەنگ هەیە، دەوڵەتانی وەک ئەمریکا، روسیا، چین، ئیسرائیل و بەریتانیا و ئەوانی تر بەشداری تێدا دەکەن، بەدەستهێنانی زانیاری و هەندێک جار پەکخستن یان شێواندن، بەپێی ئەو ئەرکەی پێیان دەسپێردرێت، ئەنجام دەدرێن، ئەم ئەرکانە بە سوپا ناکرێن، لەبەرئەوەی پێیان ناکرێت و تێچوون و دەرهاویشتەکانیشی زۆر قورس دەکەونەوە.

وتارەکانی نوسەر