ئیسرائیل، لە دەرەوە بەهێز و لە ناوەوە شێواو

11:46 - 2023-03-29
شوان کەریم کابان
482 خوێندراوەتەوە

چەند ساڵێکە ئەمریکای دۆست و پشتگیری ئیسرائیل و دۆستەکانی، کار لەسەر ئەوە دەکەن، بەشێک لە عەرەب و ئیسرائیل ئاشتبکەنەوە و ئەوەی پێیدەوترێ مەترسی دەرەکی لەسەر ئیسرائیل کەمبکەنەوە. 
ئەم هەوڵە بەرهەمی هەبووە و بە نموونە بەشێک لە ولاتانی کەنداو بەرەسمی پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل راگەیاند. 
چەندین ساڵیشە، میدیا جیهانییەکان، ئیسرائیل واپیشان دەدەن کە لە شکست نەهاتووە، چ لەناوەوە و چ لەدەرەوە، بەڵام بەپێی راپۆرتی رۆژنامەوانی و ئەمنی خودی ئیسرائیلییەکان، گومان لەسەر ئەو بۆچوونانە دروستبووە و ئەوان پێیانوایە ئەم ئیسرائیلەی ئێستا، ئیسرائیلەکەی 20 ساڵ لەمەوپێش نییە، بەتایبەتیش لەسەر ئاستی ناوخۆ، کاتێک لە ماوەی دوو ساڵدا چوار هەڵبژاردن کرا تاکو حکومەتێکی هاوپەیمانی پێکهێنرا لە نێوان راستڕەوەکان و راستڕەوە توندڕەوەکان و چەند لیستێکی بچووکی تر کە ئێستا مەترسی هەڵوەشاندنەوەی لەسەرە. 
زیاتر لەهەفتەیەکە سەدان هەزار خۆپیشاندەر «بەپێی میدیای ئیسرائیل خۆی ژمارەی خۆپیشاندەران رۆژی 26-3 گەیشتۆتە نیو ملیۆن کەس و بڕیارە خۆپیشاندانی هەردوو لایەنی دژ زیاتر ببێت بۆ رۆژانی دوایی» دژی یاسای چاکسازی لە بواری دادوەریدا کە بنیامین ناتانیاهو پێشکەشی کنێسێتی کردووە و بەپێی ئەو یاسایە زۆر لە دەسەڵاتەکانی دادگای باڵای ئیسرائیل کەمدەکرێنەوە و کۆمەڵێک دەسەڵات دەداتە سەرۆک وەزیران. 
دەسەڵاتی جێبەجێکردن و نەیاران و دژەکانی ئەم یاسایە پێیانوایە، ناتانیاهو بەبەری خۆی دووریوە.
ئەوەی لەم ناڕەزاییانەی ئیسرائیلدا تازەیە، ئەوەیە کە بۆیەکەمجارە سوپا دەچێتە پاڵ خۆپیشاندەران، بۆ نموونە سەد فڕۆکەوان کە بڕیاربوو بچنە خزمەتی هێزی ئاسمانی، مانیان گرت و هەزار فڕۆکەوانی خانەنشین چوونە پاڵیان و سەرجەم فڕۆکەوانەکانی هێلی ئاسمانی - عال - یش چوونە پاڵیان و گەشتە ئاسمانییەکانیان لە ئیسرائیل پەکخست. 
هیسترۆد، کە گەورە سەندیکای کرێکارانە و لەسەر بەرەی چەپ هەژمار دەکرێت، بڕیاری مانگرتنی سەرتاسەریی راگەیاند و کۆمپانیای کارەبای ئیسرائیلیش بڕیارەکەی پەسەندکرد. نارەزایەتییەکان هەر لەسەر ئاستی جەماوەر و ئۆپۆزسیون نین، بەڵکو گەیشتۆتە نێو خودی حکومەتی ئیسرائیل، کاتێک وەزیری بەرگری ئیسرائیل و هەندێ بەرپرس و سیاسەتمەداری گەورەی تری ئەو وڵاتە داوایان لە ناتانیاهۆ کرد لە بڕیارەکەی پاشگەز بێتەوە، ئەمەش وایکرد ناتانیاهۆ وەزیری بەرگری بەرکەناربکات. 
ئێستا پانتایی ناڕەزایەتییەکان زۆر زیادیان کردووە و چاودێران لەم وڵاتە ئاماژە بە ئەگەری پێکدادان دەکەن لە نێوان هەردوو بەرەدا، بەتایبەتی کە 27-3 ئیتامار بن گفیر وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی، کە راسترەوێکی توندرەوە، داوای لەلایەنگرانی خۆیان کردووە بەشداریی خۆپیشاندان بکەن لەدژی نارازییەکان و رایگەیاندوە کە ئەگەر ناتانیاهۆ یاساکە بکشێنێتەوە، ئەو هاوپەیمانییەی حکومەتی لەسەر پێکهاتووە هەڵدەوەشێنێتەوە. 
هەندێ چاودێری سیاسی بەتایبەتی ئەوانەی ناتانیاهۆ باش دەناسن، پێیانوایە دەشێ ناتانیاهۆ بۆ خۆدەربازکردن لەم قەیرانەی تێیکەوتوە بیر لە کاری سەربازیی لەبەرامبەر، حەماس، حزبوڵا، سوریا و هێزەکانی ئێران لەو وڵاتە بکاتەوە. 
ئێستا کۆمەڵگەی ئیسرائیل و تەنانەت حکومەت و حزبە سیاسییەکانیش، درزی گەورەیان تێکەوتەوە و ئەمریکا مەترسیی خۆی بەئاشکرا لەم بارودۆخە دەربڕیوە. 
ئەمە یەکەم جاریشە لە مێژووی ئیسرائیلدا بارودۆخی ناوخۆ بەم ئاڵۆزییە بێت. بۆیە دەکرێ ئەم پرسیارە بکرێت: ئیسرائیلێک لە دەرەوەی خۆی بەهێز، چ سوودێکی دەبێ کە لەناوخۆدا وا شێواو بێت؟

رووداوەکان لە ئیسرائیل مەترسیی لێکەوتنەوەی شەڕی ناوخۆی لێدەکرێت

وتارەکانی نوسەر