پێگەی هەرێم لە جیهانی فرەجەمسەرییدا

11:15 - 2023-03-30
رەمزی سەعید
435 خوێندراوەتەوە

لەسەر ئاستی جیهان دیموکراسی لە پاشەکشێدایە، وەرگرتنی حوکمڕانیی زۆرێک لە وڵاتانی خۆرئاوا لەلایەن راستڕەوە توندڕەوەکانەوە، جیهان دووچاری کێشەی گەورە دەكاتەوە.
 جەنگی روسیا و ئۆکرانیا بۆتە هۆی گرانبوونی سووتەمەنی و مادە خۆراکییەکان بەگشتی، کاریگەریی خراپی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروستکردووە. 
هەروەها زەمینەی رەخساندووە بۆ گەشەکردنی ئەو حزبە توندڕەوانە.
ئەوان خراپیی باری ئابووریی وڵاتەکانیان دەخەنە ئەستۆی خەڵکی بیانی و ئاوارەکان، خەڵکیش بەهۆی خراپیی گوزەرانیان دەنگیان پێدەدەن و دەگەنە دەسەڵات.
لە سیستمی فرەجەمسەریدا، بەهۆی دابەشبوونەوە پەراوێزی جموجۆڵ بۆ بکەرە نادەوڵەتەکان بەرتەسک دەبێتەوە و جەمسەرەکانی ململانێش چاوپۆشی لە رەوشی ناوخۆیی وڵاتان دەکەن و لەپێناوی پاراستنی ناوچەی نفوز و چڕنەکردنەوەی ململانێکاندا، خۆیان لە مامەڵەی راستەوخۆ دەبوێرن.
ململانێکان ئاڕاستەکان دەگۆڕن
 ململانێ بەهای هێز پەرەپێدەدات و بەرژەوەندی جێگە بە ماف لێژ دەکات. 
لەلایەکی ترەوە، توندبوونەوەی ململانێ و چڕبوونەوەی جەمسەربەندیی نێوان زلهێزەکان، بەهای دەوڵەت و دیدی دەوڵەتسالاری زاڵ دەکات. 
لە جیهانی فرەجەمسەریدا، مەترسیی لەسەر قەوارەی هەرێم دەبێت، چونکە هەرێمی کوردستان سەربەخۆ نییە و هەرێمێکی فیدراڵە لەناو دەوڵەتێکدا.
  لە سەدەی رابردوودا، کە لە نیوەی یەکەمی سەدەکەدا سیستمی نێودەوڵەتی فرەجەمسەری بوو، لە نیوەی دووەمیشیدا تاکو  ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو تاکجەمسەریی بوو،  دەردەکەوێت کە ململانێ لەپێناوی هێز و فراوانکردنی ناوچەی نفوزدا کارێکی کردووە، چاوپۆشی لە رەوشی کورد بکرێت و وەک پرسێکی ناوخۆیی عیراق تەماشا بکرێت. 
ململانێ و جەمسەربەندیی سیستمی نێودەوڵەتی، کە سیستمێکی فرەجەمسەری بوو، یەکێک بووە لە هۆکارەکان بۆ لەبارچوونی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی. 
لە سیستمی نێودەوڵەتی دووجەمسەریدا، توندیی ململانێ و جەمسەربەندییەکان، سەرەڕای هۆکارە ناوخۆیی و هەرێمییەکان، رێگەی دروستبوونی دەوڵەتی لە رووی کورد لەم بەشەی کوردستاندا داخست.

 

لە جیهانی فرەجەمسەریدا، مەترسیی لەسەر قەوارەی هەرێم دەبێت، چونکە هەرێمی کوردستان سەربەخۆ نییە و هەرێمێکی فیدراڵە لەناو دەوڵەتێکدا

 

ئەمەشیان لە زیانی کورد دەبێت
خاڵێکی تر کە لە ئەگەری سیناریۆی  فرەجەمسەریدا مایەی نیگەرانییە، ئەوەیە کە ئەو هێزانەی پاڵێوراون بۆ ئەوەی ببنە هێزی کێبڕکێکار و وەک جەمسەری جیهانی دەربکەون، هێزی دەوڵەتگەران، واتە بڕوایان بە ناوەندێتیی دەوڵەتی خاوەن سەروەریی هەیە و هێزگەلێکن کە مامەڵە و بەرخوردیان لەگەڵ دەوڵەتدایە، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستانیش بکەرێکی نادەوڵەتە، ئەم وەرچەرخانە بە زیانی هەرێم تەواو دەبێت و پەراوێز دەخرێت و وەک کارتێکی گوشار مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. 
 حزبە کوردییەکان چی دەکەن؟
دەرەنجام هەموو گۆڕانکارییەک لە سیستمی نێودەوڵەتیدا، گۆڕانکارییش لە رەفتاری بکەرە نێودەوڵەتییەکان و بەها نێودەوڵەتییەکانیشدا دروستدەکات، ئەمەش کاریگەریی لەسەر رەوش و بارودۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی نێوان یەکیتی و پارتی بەجێدەهێڵت بە هۆی نەوت و غاز لە هەرێم.
 گرژیەکانی نێوان ئەم دوو ‌هێزە زیاتربووە، ململانێی وڵاتە زلهێزەکانی جیهان لەم ناوچەیەدا ئاستی پەیوەندیی نێوان هەردوو هێز دیاریدەکات بە هۆی بوونی نەوت و غازەوە.
لە سیستمی  تاکجەمسەریدا، کاریگەرییەکە ئەرێنییە و پێگەی هەرێم روو لە هەڵکشان دەبێت، بەڵام پێچەوانەی ئەمە، کاریگەرییەکان نەرێنی دەبن و مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروستدەکات. 
دوای ئەوەی وەزارەتی نەوتی عیراق سکاڵای دادگای پاریسیان لەسەر دۆسێی نایاساییبوونی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا بردۆتەوە، ئەمە سەرەتایەکە بۆ زیاتر کەلەپچەکردنی هەرێم.
پێویستە حکومەتی هەرێم بە بەرنامەیەکی پتەو خۆی ئامادەبکات بۆ هەموو ئەو پێشهاتانەی تر کە دەبنە زیاتر لاوازکردنی هەرێم و لەدەستدانی پێگەکەی.

وتارەکانی نوسەر