هەڵبژاردنی پەرلەمانی سویسرا 2023

09:56 - 2023-04-03
ئاری مەحمود قەرەداغی
244 خوێندراوەتەوە

 لە مانگی تشرینی یەکەمدا سویسرا پەرلەمان هەڵدەبژێرێتەوە. لایەنە گەورەکان ئامادەکاری دەکەن و تێڕوانینێکی گشتی بۆ ئامانج و دەرفەتەکانیان، لەگەڵ ساڵی نوێی هەڵبژاردندا، پێگەی خۆیان دادەنێن. ئەوان بڕیار دەدەن کە دەیانەوێت لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بانگەشە بکەن، بۆ کام پرس  و بەرژەوەندیی دەنگدەران. لە تێڕوانینێکی گشتییدا ئەوە دەردەخات کە لایەنەکان کام ئامانجیان بۆ خۆیان داناوە و تا چەند واقیعبینن.

حزبی گەلی سویسرا  SVP
لە دوایین هەڵبژاردنی ساڵی 2019 دا، حزبی گەلی سویسرا دۆڕاوی گەورە بوو. لەڕووی پشکی دەنگدەرانەوە 3.5 خاڵی لە دەستدا، بەڵام وەک بەهێزترین هێز لە پەرلەمانی سویسرا مایەوە. ئەم حزبە ئامانجییەتی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ئەو دۆڕانە قەرەبوو بکاتەوە. جێگری سەرۆکی حزبەکەش مارسێل دیتلینگ دەڵێت: دەمانەوێت لەم هەڵبژاردنەدا  سەدان هەزار دەنگدەری زیاتر بهێنینە سەر سندوقی دەنگدانەکان  بە بەراورد بە ساڵی 2019».
لە بانگەشەی هەڵبژاردندا حزبی گەلی کۆنزەرڤاتیڤ بە پلەی یەکەم سەرنجی لەسەر بێگانەیە. بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە سویسرا بێگانەی زۆر هەیە کە هیچ کارێکیان لە سویسرا نییە و پێویستە بچنەوە بۆ ئەو شوێنەی لێوەی هاتوون. دەتلینگ ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانی لە سویسرا سەر بەم حزبە بەردەوام لە میدیاکانەوە دەڵێت: جگە لە بابەتی کۆچیش دەیانەوێت پاراستنی کەشوهەوا بکەنە پرسێک. حزبی گەلی سویسرا لەم دواییانەدا رایگەیاند، کە ریفراندۆم دژی یاسای پاراستنی کەشوهەوا کردووەو ئێمە ئامادەنین لەسەر گیرفانی هاونیشتمانیان رێگەبدرێت کێشەکانی  ژینگە بە ئابووری بکرێت . 
بەپێی بارۆمەتری هەڵبژاردنی میدیاکانی سویسرا لە تشرینی یەکەمی 2022ەوە، بە پێچەوانەی ئەو ئامانجانەی کە دانراون، پێدەچێت رێژەی دەنگدەرانی ئەم حزبە تەنها کەمێک زیاد بکات. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا تا پایز بابەتێک دەبێت کە خەڵک کۆبکاتەوە؟ لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی  2015 دا کۆچکردن لەگەڵ شەپۆلی پەنابەران لەوکاتەدا پرسێکی گرنگ بوو، بەردەوام حزبی گەلی سویسرا  بابەتی کۆچی بە ئابووری کردووە. ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن، ئێستا لە سەردەمێکی جیاوازدا جیهان و سویسرا  دەژین، لەگەڵ جەنگی ئۆکرانیا، کۆچەری کارەکتەری جیاوازی وەرگرتووە. ئەگەر بابەتەکە کۆببێتەوە یان بڵێین ریکلامی باشی بۆ بکرێت، سەرکەوتنی هەڵبژاردن ئەگەری زۆری  هەیە بۆ حزبە راستەکان.  
حزبی سۆشیال دیموکراتی سویسرا
پێش چوار ساڵ حزبی سۆشیال دیموکراتی سویسرا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی سویسرا دۆڕا. پشکی ئەوان لە دەنگەکاندا بەرێژەی دوو خاڵ دابەزیی و  گەیشتە 16.8 %.  لەگەڵ  ئەوەشدا ئەم حزبە، وەک دووەم هێزی بەهێز مایەوە لە سەر ئاستی سویسرادا. ماتیا مایەر هاوسەرۆکی حزبی سۆشیال دیموکراتەکانی  سویسرا دەڵێت: دەمانەوێت پشکی دەنگدەران بەدەستبهێنین و خەڵکی زیاتر قەناعەت پێبکەین. 
یەکێک لە گرنگییەکانی ئەم ساڵی  هەڵبژاردنی پەرلەمانی سویسرا بۆ سۆشیال دیموکراتەکان  هێزی کڕینە، ئەم حزبە بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە: ئێستا زۆر کەس لە کێشەدان لەگەڵ رزبوونەوەی نرخی  بیمەی تەندروستی و بەرزبوونەوەی کرێی خانوو. حزب دەیەوێت لێرەدا خەڵک لە بارگرانییەکە رزگار بکات، بۆ نموونە بە چەندەها دەستپێشخەریی بۆ کەمی نرخی  بیمەی تەندروستی بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان . بەگوێرەی راگەیاندنەکانی سۆشیال دیموکراتەکان  دوو بابەتی سەرەکی دیکە بریتین لە پاراستنی کەشوهەوا و ژینگەی باشتر،  هەروەها  یەکسانی باشتر بۆ هەموان بە هەموو رەنگەکانەوە. لەم رووەوە ئەمان  کار لەسەر دەستپێشخەرییە جەماوەرییەکان زیاتر دەکەن.
لەسەر هەموو پرسەکان  حزبی سۆشیال دیموکراتی سویسرا لە راستیدا بەردەوام لە دانیشتووان نزیک بۆتەوە. سەرەڕای ئەوەش،  لە هەڵبژاردنەکاندا ئاسان نابێت بۆی. ئەم حزبە کێشەی وێنەی لەنێو خەڵکی گشتیدا هەیە. ئەمان بۆ زۆر کەس تاڕادەیەک رادیکاڵ و زۆر حزبێکی  ئایدیۆلۆژیکن. هەربۆیە زۆرێک لە دەنگدەرانی، ئەگەری هەیە  سۆشیال دیموکراتەکان  هەڵنەبژێرن.  «حزبی سۆشیال دیموکراتی سویسرا بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت، بەردەوام رواڵەت و شێوازی خۆی باشترکردووە بۆ ئەوەی زیاتر لە خەڵک نزیک بێتەوە.

لیبراڵەکانی سویسراFDP   
پێش چوار ساڵ لیبراڵەکان یەکێک بوون لە دۆڕاوەکان. رێژەی دەنگدەران بەڕێژەی 1.3 خاڵ کەمیکردووە. ئێستا حزبەکە سەرەتایەکی باشی دەستپێکردووە. بەپێی بارۆمەتری هەڵبژاردنەکانی  کەناڵی رەسمی سویسرا ئەم حزبە لەسەدا یەک خاڵ  بەدەست دەهێنێت.
کاتێک باس لە پرسەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن دەکرێت، حزبی لیبڕڵەکانی سویسرا پشت بە پرسە کلاسییکەکان دەبەستێت: سیاسەتی ئابووری، دابینکردنی خانەنشینی و سیاسەتی ئەمنی. بە گوتەی تیری بورکارت سەرۆکی حزبەکە، ئەم دووەمیانی هەڵبژاردووە، ئاسایشی دابینکردن و بەم پێیەش سیاسەتی وزەش لەخۆدەگرێت. ئەمان دەیانەوێت لە هەڵبژاردنەکاندا جێگەی خۆیان بەدەستبهێنن و ببنە دووەم هێزی گەورەی ناو پەرلەمانی سویسرا . لیبراڵەکان هەموو هەوڵێک دەدەن وەک دووەم بەهێزترین حزب پێش سۆشیال دیموکراتەکان بکەون. 
ئێستا راپرسییەکانی هەڵبژاردنەکان دەریدەخەن کە حزبی لیبڕاڵی سویسرا دەتوانێت بە شێوەیەکی مەترسیدار لە حزبی سۆشیال دیموکراتی سویسرا نزیک بێتەوە. چاودێرانی سیاسی سویسرا دەڵێن: لیبڕاڵەکان بارودۆخێکی  باشیان هەیە، بە مەرجێک پرسە ئابوورییەکان گرنگتر بن. 
حزبی سەوزەکانی سویسرا
ساڵی 2019 «هەڵبژاردنێکی کەشوهەوا» بوو. سیاسەتی ژینگە بوو بە بابەتی هەموو تاکێکی سویسری، بۆیە حزبی سەوزی سویسرا سوودی لەو دۆخە وەرگرت. پشکی خۆی لە دەنگەکان لە 7.1 % بۆ 13.2 % بەرزکردەوە و 17 کورسی نوێی ئەنجومەنی نیشتمانی بەدەستهێنا.ئەم ساڵ دۆخەکە جیاوازە: هەرچەندە گۆڕانی کەشوهەوا هێشتا پرسێکە، بەڵام بابەتەکە شانبەشانی جەنگی ئۆکرانیا و دابینکردنی وزە و هەڵاوسان باڵادەست نییە. سەرەڕای ئەوەش سیاسەتی کەشوهەوا بۆ سەوزەکان گرنگە. سەوزەکانی سویسرا دەیانەوێت ببنە سێیەم بەهێزترین حزب لە سویسرا. چاودێرانی سیاسی سویسرا بە دووری دەزانن  سەوزەکان بتوانن ببنە هێزی سێیەم، چونکە ئەمڕۆ داینامیکی سیاسی جیاوازە بەراورد بە ساڵی 2019. 

حزبی ناوەند
حزبێکی سیاسی ناوەندگەرایە لە سویسرا کە لە 1ی کانوونی دووەمی 2021 لە رێگەی یەکگرتنی حزبی دیموکراتی گەلانی مەسیحی (CVP)و حزبی دیموکراتی مەدەنی (BDP) پێکهێنرا. ئامانجی ئەوەیە سویسرا لەگەڵ سیاسەتەکانیدا پێکەوە رابگرێت، سازش بدۆزێتەوە و کێشەکان چارەسەر بکات لەبری ئابوورییکردنی . هەروەها حزبی ناوەند خۆی لە نێوان لایەنی چەپ و راستدا دەبینێت.
ئەم حزبە  چاوەڕوانی یەکەم هەڵبژاردنی نیشتمانی دەکات.  لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، حزبی ناوەند دەیەوێت بە تەواوی پشت بە چینی ناوەڕاست ببەستێت. 
لیبڕاڵە سەوزەکانی سویسرا  GLP
لیبڕاڵە سەوزەکان دەیانەوێت سیاسەتێکی ئابووریی و کۆمەڵایەتی لیبڕاڵ لەگەڵ سیاسەتێکی ژینگەیی بەردەوام تێکەڵ بکەن. لیبراڵە سەوزەکان هاوشێوەی سەوزەکان، چوار ساڵ لەمەوبەر سوودیان لە «هەڵبژاردنی کەشوهەوا» وەرگرت. توانیان ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمان لە دوو هێندە زیاد بکەن. رێژەی دەنگدەران لە 4.6 بۆ 7.8 % زیاد بکەن. بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا پرسێکی سەرەکییە لای ئەمان. بەڵام کاتێک باس لە جێبەجێکردنی دەکرێت، حزبەکە دەیەوێت خۆی لە سەوزەکان جیابکاتەوە. 

دیموکراسی سویسرا
فۆڕمی حکومەت لە سویسرا، هاوتایە لەگەڵ دیموکراسییەکی نیمچە راستەوخۆ. ئەمەش بەو مانایەیە کە سویسرا لە یەک کاتدا توخمەکانی هەردوو نوێنەری (ناڕاستەوخۆ) و دیموکراسی راستەوخۆی تێدایە. بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکە، سویسرا توخمگەلێکی زۆر بەهێزی دیموکراسی ڕاستەوخۆی هەیە.
زۆرینەی پرسە سیاسییەکان گەل لەڕێگەی ریفراندۆمەوە یەکلایی دەکاتەوە، ئەمە واتە هیچ دەورێکی وا نابینرێت چ حزبێک باڵا دەستە لە پەرلەمان . لە وڵاتی سویسرا بەردەوام لە ساڵێکدا چوار جار دەنگدانە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی سیاسیی و یاساکان، لە ئاستی شارەوانییەکان، کانتۆنەکان و نیشتیمانیدا .
* سویسرا / زویرخ

سەرچاوەکان:
//www.srf.ch/news/schweiz
://www.tagesanzeiger.ch/schweiz

پەرلەمانی سویسرا

وتارەکانی نوسەر