مسۆگەرکردنی مانەوە چاکسازیی و یەکڕیزیی دەوێ

10:09 - 2023-04-04
‎‎سۆزان حەمە تاتە
351 خوێندراوەتەوە

راپۆرتەکەی گۆڤاری فۆرن پۆلیسی ئەمریکی، بەدوای ئەویشدا بڕیاری دادگای نێودەوڵەتیی پاریس سەبارەت بە راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، دوو بابەتی گەرم و وروژێنەر بوون بۆ هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی.
رای گشتی و کێڵگەی سیاسی بۆ چەند ئاڕاستەیەک دابەشکرد، بەشێوەیەک دەتووت لە چەند هەرێمێکی جیاوازدا دەژین و چارەنووسی هاوبەشمان نییە، یان لە رابردوودا هاوبەشی یەک نەبووبین لە رووداوەکاندا.
 دوژمنەکانمان لە ستەم لێکردندا جیاوازییان لە نێوانماندا نەکردووە، بۆیە هەر دەبێ لە کڵاورۆژنەی بەرژەوەندیی کوردستانییەوە و لەدەرەوەی بەرژەوەندی تەسکی خودییەوە رووبەڕووی مەترسییەکان ببینەوە.
یەکڕیزیی دەمانپارێزێ 
راپۆرتەکەی فۆرن پۆلیسیی ئەمریکی، ئەگەر راستەوخۆ بۆچوونی ئیدارەی ئەمریکی نەبێت لەسەر شێوازی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان، ئەوا ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ و زەنگی ئاگادارکردنەوەیە، چونکە بەشی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئاگاداری ورد و درشتی حوکمڕانین لە هەرێم، بۆیە سەرەتا لە وێنەی راپۆرت و دواتریش ئاگادارکردنەوە تا دەگاتە ئەوەی کارتی سوور بۆ بەرپرسانی لە بەڕێوەبردنی ئەم جۆرە حوکمڕانییە دەردەکەن. 
لە سوودی هەرێم نییە، ئەمریکا بە کردار لە هەرێمی کوردستان نیگەران بێت، چونکە لە هەر چوار لاوە مەترسییەکان دەوری کوردستانیان داوە. راستە لەسەر پێی خۆ وەستان گرنگە نەک تا کۆتایی پشتبەستن بە دۆستانی زلهێز، بەڵام بارودۆخی هەرێمی کوردستان هی ئەوە نییە گوێ لە ئەمریکا و هاوپەیمانانی تر نەگیرێت.
 دەبێت راپۆرتی ئەم گۆڤارە بە هەند وەربگیرێت کاری لەسەر بکرێت بە ئاڕاستەی چاکسازی.
ناکرێت پێمان وابێت هەرێمی کوردستان خۆی توانای هەڵسەنگاندنی حکومڕانیی خۆی هەیە و ئەوەی ئەمریکا بە دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆی کوردستان بزانین، ئەمە دوورە لە سیاسەتی ژیرانە و پراگماتیکی کە لە هەر کات زیاتر هەرێمی کوردستان پێویستیی پێیەتی.
بڕیارەکەی دادگاش گرنگە
بەدوای ئەوەشدا بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتیی پاریس کە مافی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان وەردەگرێتەوە، ئاماژەیەکی دیکەی ترسناکە بە ئاڕاستەی چوارچێوەدارکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری کەرتی وزەدا، لەمەشدا ئەگەر هەرێمی کوردستان ژیرانە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ نەکات، ئەوا هیچ دۆسێیەکی ئابووری و دارایی، دەرەوە و بەرگری لە بەرژەوەندیی ئەو یەکلانابێتەوە، تەنانەت ئەگەر لەسەر ئاستی ناوخۆش بێت، ئەوا دادگای فیدراڵی عیراق هەر بڕیارەکانی لە بەرژەوەندیی عیراق دەبێت لەو بوارانەدا.
هەڵبەت ئەمە مانای داکۆکیکردن نییە لە حکومەتی فیدراڵ، بەڵکو خەمخۆرییە لەوەی هەرێمی کوردستان پێویستیی بە سیاسەتی ژیرانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانە سیاسی و یاساییەکاندا هەیە، نە دەتوانێ ببێتە دەوڵەتی سەربەخۆ نە دەشتوانێ لە بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵ و دادگاکانی هەڵبێت، بەڵکو گرتنەبەری سیاسەتی ژیرانە و تەوافوقی سیاسی دەبێتە بژاردەی باش بۆ مانەوەی هەرێمی کوردستان، بۆ قۆناغی داهاتووش پلانی دیکەی پێویستە.
رەخنە لە رەوشی مافی مرۆڤ 
خاڵی رەخنەلێگیراو لە راپۆرتەکەی فۆرن پۆلیسی سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤ و ئازادیی بیروڕا و زیندانیکردنی چالاکوانانە، راستە بەراورد بە زۆر شوێن رەوشی مافی مرۆڤ لە کوردستان باشە، بەڵام خەوشی زۆریشی هەیە، چەندین پێشێلکاریی روون بەرامبەر بە هاووڵاتییانی کوردستان هەیە، ئەمە نیگەرانیی ناوێت کە هەیە و دەبینرێت و مایەی نیگەرانیی دۆستانی وەکو ئەمریکایە، رێگەی راست ئەوەیە چاک بکرێت نەک رەتبکرێتەوە و سەرنجی دۆستان وەلاوە بنرێت.
چەندین کەیس و دۆسێ هەن سەبارەت بە گرتنی چالاکوانان، لەناویاندا ئەوانەی بادینان، هەروەها پێشێلکردنی ئازادیی رۆژنامەوانی و دەستگیرکردنی رۆژنامەوانان. 
ئەمانە بۆ شاردنەوە نابن و لای هەموو کەس روونن، بەڵام خۆ دەکرێت بارودۆخەکە چاک بکرێت و وای لێبکرێت بۆ راپۆرتی داهاتووی هەر دەزگایەکی نێودەوڵەتی کوردستان نەک رەخنەی لێ نەگیرێ، بەڵکو وەکو نموونەیەکی حکومڕانیی تەندروست و ستایشکراو ناوی بهێنرێت.
دەبێت هەرێم چیبکات؟
هاوتەریب لەگەڵ ئەوانەدا بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان سێ هەنگاوی گرنگ هەن:
یەکەم: چاکسازیی بنەڕەتی و خێرا، دوور لە مەرامی حزبی و بە ئامانجگرتنی کەس و هێزی سیاسیی دیاریکراو.
دووەم: یەکگرتوویی هێزە کوردستانییەکان لەسەر بەرنامەیەکی کاری هاوبەش، هەرێمی کوردستان هێزی سیاسیی کاریگەری تێدایە، بە تەنها لایەن و بڕیاری تاکەکەسی بەڕێوەنابرێت، بۆیە کۆدەنگی و یەکگرتوویی بۆ پاراستنی پێویستە.
سێیەم: مامەڵەی تەندروست و ژیرانە لەگەڵ ئەمریکا و دۆستەکانی دیکە پێویستە، ئەوان لەدوای ساڵی 1991ەوە رۆڵی گرنگ و سەرەکییان هەیە لە پاراستنی هەرێمی کوردستان، هەروەها بنیاتنانی پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و وڵاتانی دراوسێ لەسەر بناغەی بەرژەوەندیی هاوبەش، سیاسەتێکی دروستدەبێت و خزمەت بە خەڵک و هەرێمی کوردستان دەکات.

ئەمریکا و هاوپەیمانانی جێمانبێڵن تووشی کارەسات دەبین، چونکە یەکڕیز نین

وتارەکانی نوسەر