100
شه‌ست و یه‌ك ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له شه‌ست و یه‌ك ساڵیدا، باوكم به رووداوێكی سه‌یر ده‌مرێت. له‌وانه‌یه له‌ناو ملیۆنان كه‌سدا شێوازی مردنه‌كه‌ی ده‌گمه‌ن بێت. زۆر جار ئه‌وه‌م به خه‌یاڵدا دێت، باوكم چه‌ند حه‌ز ده‌كات زیندوو بێته‌وه، له‌م رۆژگاری دیجیتاڵ میدیایه‌دا بژی. من له‌م خه‌یاڵاته‌دام له‌ناكاو له ده‌رگا ده‌درێت، ژنه‌كه‌م سه‌رقاڵی چێشتی نیوه‌ڕۆیه، بۆیه خۆم ده‌چم ده‌یكه‌مه‌وه. له سه‌رسامیدا وشك ده‌بم و هیچم بۆ ناوترێت، ته‌نیا وه‌كو رۆبۆتێك باوه‌شی بۆ ده‌كه‌مه‌وه، توند باوه‌ش به یه‌كدا ده‌كه‌ین، بۆنێكی زۆر خۆشی لێدێت وه‌كو بۆنی ره‌شه‌ڕێحانه. ته‌واو پیربووه، شه‌رواڵ و مراخانییه‌كی شینكی و كراسێكی سپی له‌به‌ردایه، جامانه‌كه‌ی جوان به‌ستۆته‌وه و كڵاوه‌كه‌ی تۆزێك ده‌رچووه، ریشی پاك تاشیوه و به‌رسمێڵی كردووه. لاواز و گورج و گۆڵ، له سه‌د و بیست و دوو ساڵ ناچێت، هیچی ناچێته‌وه سه‌ر پیاوه تێكسمڕاوه‌كه‌ی جاران. ده‌چینه ژووره‌وه، ژنه‌كه‌شم كه ده‌یبینێت هه‌روا سه‌رسام ده‌بێت. له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌كه داده‌نیشێت و پاڵ ده‌داته‌وه، یه‌كه‌م شت ده‌ڵێت: «كوڕم هه‌ر ئه‌مڕۆ لاپتۆپێكم بۆ بكڕه.» ماده‌م ئاوا به رێكی ناوه‌كه‌ی ده‌ڵێت، مانای وایه لێی ده‌زانێت. ده‌ڵێم: «به‌سه‌رچاو باوكه گیان، ئه‌م عه‌سره ده‌چم بۆت ده‌كڕم.» ژنه‌كه‌شم له‌ولاوه هه‌ڵده‌داتێ: «مامه گیان هه‌تا ئه‌و له بازاڕ دێته‌وه، منیش ژووره بچووكه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ت بۆ رێك ده‌خه‌م.» ده‌چمه بازاڕ لاپتۆپێك و مۆبایلێكی بۆ ده‌كڕم.
حه‌فته‌یه‌ك نابات باوكم له فه‌یسبووك، ئه‌نستاگرام، تێلگرام و تیكتۆك ئه‌كاونتی خۆی ده‌كاته‌وه. ده‌ستده‌كات به چالاكی سه‌یروسه‌مه‌ره، حه‌زده‌كات هه‌موو كه‌سێك ئاگای له ورده‌كارییه‌كانی ژیانی بێت. بۆیه هه‌رچی ده‌كات وێنه و ڤیدیۆی ده‌گرێت و پۆستی ده‌كات. باوكم زۆر دڵخۆشه بۆیه من و ژنه‌كه‌شم دڵخۆشین، چونكه دوای سه‌فه‌ری هه‌ردوو كوڕه‌كه‌مان، ئاوه‌دانی خسۆته‌وه ناو ماڵه‌كه‌وه.
چۆله‌كه‌یه‌ك له په‌نجه‌ره‌كه‌وه خۆی ده‌كات به ژووره‌كه‌یدا، باوكم هه‌نگاو به هه‌نگاو به مۆبایله‌كه‌ی ڤیدیۆی ده‌گرێت، ده ده‌قه دوای ئه‌وه یه‌كسه‌ر پۆستی ده‌كات. دوای ده سه‌عات ڤیوی ده‌بێت به حه‌وت سه‌د هه‌زار. هه‌ڵپه‌ڕكێیه‌كی خۆی پۆست ده‌كات، یه‌ك ملیۆن كه‌س ده‌یبینن.
باوكم ده‌بێته‌وه به شه‌ست و یه‌ك ساڵ، رۆژێك له كاتی جۆماڵدا ره‌شمارێك دێته به‌رده‌می، یه‌ك بێڵی لێده‌دات سه‌ری لێده‌كاته‌وه. دوای حه‌فته‌یه‌ك ده‌بینێت، لاشه‌ی ماره‌كه كرم تێیداوه، كه‌چی كه‌لله‌كه‌ی گه‌وره‌تر بووه. ئێواره سه‌ری ماره‌كه ده‌خاته سه‌ر ده‌می بێڵه‌كه‌ی، ده‌یه‌وێت بیباته‌وه، له‌به‌رده‌می مزگه‌وته‌كه‌دا، وه‌كو شتێكی سه‌رسوڕهێنه‌ر پیشانی پیاوانی هاوڕێی بدات. بێڵه‌كه ده‌خاته سه‌رشانی، به‌ده‌م رێوه خه‌یاڵی ده‌ڕوات، سه‌ره‌ماره‌كه قه‌پ ده‌كات به ملیدا و ...
سه‌رنج: كه ده‌ستم به‌م گۆشه‌یه كرد، وتم سه‌د گۆشه ده‌نووسم، كه‌واته ئه‌مه دوا ژماره‌ی ئه‌م گۆشه‌یه‌یه.