بۆچی پشکنینی (مەلیکە) دەبرێتەوە هەولێر؟

09:54 - 2023-04-11
جەمال ئارێز
436 خوێندراوەتەوە

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی وەک چۆن لە دروشمبازیدا بەناوی چاکسازییەوە هیچ هێزێک شان لە شانی نادات، لە تۆخکردنەوەی دیاردەی رۆتین و دروستکردنی بێ متمانەیی بە ئیدارەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە) و ئیدارەی سەربەخۆکانی (زاخۆ، سۆران، راپەڕین، گەرمیان) و تۆخکردنەوەی سیستمی مەرکەزیشدا کەس ناتوانێت پێی بگاتەوە.
سەرەڕای ئەو هەموو تیر و توانج و رەخنەیەی لە ئەدای ئەم کابینەیە دەگیرێت سەبارەت بە پشتگوێخستنی داخوازییەکانی خەڵک و لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بە جێبەجێ نەکردنی بەڵێنەکانی ئەم کابینەیە بۆ چەسپاندنی لامەرکەزیی کارگێڕیی و دارایی، بەڵام وادیارە ئەم کابینەیە تەنها ئەوەی جێبەجێکردووە کە لە قازانجی خۆی و زیانی هاووڵاتیان و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانە و تەنها مەسەلەی لامەرکەزیی داراییەکەی جێبەجێکردووە ئەویش لە خەرجکردنی پارە بۆ پارێزگاکان، نەک کۆکردنەوەی باج و خەراج و ئەوپەڕی هەوڵی خۆی خستۆتەگەڕ کە سەرچاوەکانی داهاتی هەموو ناوچەکان جگە لە پایتەخت بە شێواز و بەرنامە بۆ داڕێژراو وشک بکات تا گرفت و کێشەی دارایی بۆ داهاتی ناوخۆیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بخوڵقێنێت و دواجار پێمان بڵێت ئەوە ئەو لامەرکەزییە ئیداری و کارگێڕییەیە کە داوای دەکەن، بەڵام لەو سەریشەوە دەست و پێی هەموو دامەزراوەکانی بە بڕیارو رێنماییە داراییەکان بەستووە تا لەو پارە و داهاتەی دەستیان دەکەوێت رێژەیەکی کەمی بۆ خزمەتگوزاریی و پێداویستییەکانیان خەرج بکەن و باقییەکەی بدەنەوە بە گەنجینەی وەزارەتی دارایی.
لە نوێترین هەنگاویشدا لەوبارەیەوە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بڕیارێکی بۆ خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەرکردووە کە بە (مەلیکە ناسراون) و پێشتر پشکنینیان بۆ کراوە و (ئۆ کەی) یان وەرگرتووە لە سنووری پارێزگا و ئیدارەکانی خۆیاندا،  دەبێت  جارێکی تر ئۆتۆمبێلەکانیان ببەنە هەولێری پایتەخت بۆ پشکنینەوەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمەوە تا پسوڵەی (غوفران) لەوان وەربگرن.
ئەم  بڕیار و رێنماییە جگەلەوەی قووڵکردنەوەی بێ متمانەییە بە دامودەزگای خۆجێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و تۆخکردنەوەی سیستمی مەرکەزیی ئیدارییە، سەغڵەتکردن و گێچەڵکردنێکە بەو هاووڵاتییانەی پێشتر پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان کراوە و رۆتینێکی ترە بۆ پارە کێشانەوە لە هاووڵاتیان و وڕسکردنیان، دەنا دەکرا لەڕێی (ئۆنلاین)ەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم داوای ئەوەلیاتی پشکنینەکانی پیشتر لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان  بکات و تەنها ئەوانەی داوا بکردایە بۆ پشکنینەوە کە گومانیان لێی هەیە، یان چەند لیژنەیەکیان لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆوە بناردایە بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و ئەوانەی لە وردبینی دەردەچن پەسەند بکرانایە و ئەوانەشی لە وردبینییەکە دەرناچن، رێوشوێنی یاساییان لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر. نەک ئەم هەموو ئۆتۆمبێلە راپێچی هەولێر بکرێن و دووبارە بە بڕێک پارە پشکنینیان بۆ بکرێتەوە و کۆڵێک رسوماتی تر لە هاووڵاتییان بسەنرێت.

وتارەکانی نوسەر