کاری خێرخوازیی ئامانجە یان هۆکار بۆ ئامانجی تر؟

09:52 - 2023-04-19
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
570 خوێندراوەتەوە

کاری خێرخوازی بریتییە لەو چالاکییانەی لەلایەن هەندێک کەس یان کۆمەڵەوە دەکرێت بە ئامانجی دابینکردنی کاڵا، خزمەتگوزاری، یان شتی تر کە مرۆڤەکان بەزۆری پێویستیان پێیەتی و ئەم چالاکییە بێ بەرامبەرە و ئەمەش گرنگترین شتە کاری خێرخوازی لە کارەکانی دیکە جیا دەکاتەوە. 
گرنگی کارە خێرخوازییەکان لەوەدایە جیاوازی لە نێوان هیچکام لە خەڵکیدا ناکات، بۆ هەموو چین و توێژەکانە و بەبێ جیاوازی دەستی هاوکاری بۆ درێژ دەکرێت بۆ یارمەتیدانی هەموو هەژار و کەمدەرامەتێک، لە بنەڕەتدا نابێت کارە خێرخوازییەکان جیاکاریی لەنێوان  ئایین و وڵات و رەگەزدا بکەن، نابێت جیاکاریی لەنێوان مرۆڤەکاندا لە رەگەز و رەنگ و شێوەی خۆیاندا بکەن، بەڵکو پێویستە ژیانی مرۆڤەکان جوان بکەن، میهرەبانیی و خۆشەویستی بکەنە بنەمای کارلێکی نێوان مرۆڤەکان.
کارە خێرخوازییەکان جیاوازن، لەم سەردەمەدا زۆرێک لە رێکخراوە جیهانی و ناوچەییەکان پەرۆشی ئەم بابەتە بوون و لەڕووی جێبەجێکردنەوە وەک کارکردن رێکخراو بووە، لە ئاستی هەموو وڵات و کۆمەڵگەکاندا روودەدات نەک تەنها لەسەر ئاستی تاکەکان، ئەمەش هێماگەلێکی زیاتر و جدی تری پێ بەخشیوە، لە گرنگترین کارە خێرخوازییەکان رزگارکردنی ژیانی ملیۆنان کەسە لە جیهاندا، وەستانە لەگەڵ کەسانێک بەدەست شەڕ و کارەساتی سروشتی بەردەوامەوە دەناڵێنن و درێژکردنی دەستی یارمەتییە بۆیان، دابینکردنی خواردن، خواردنەوە، خانووبەرە، جلوبەرگ، هەروەها گرنگیدان بە پەروەردەی هەموو منداڵە بێباوک و دایکەکان، دامەزراندنی قوتابخانە و زانکۆ و دەستپێشخەرییەکانی خوێندەواری لە وڵاتانی هەژاردا، بە تایبەت لەو شوێنانەی تووشی برسێتی و شەڕی ناوخۆ و وشکەساڵی بوون.
کاری خێرخوازی و ئامانجی تر
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە واقیعی ئێستادا جۆرێکی تر لە کاری خێرخوازی بەرچاو دەکەوێت کە ئامانجی بنچینەیی کارە خێرخوازییەکە نییە، بەڵکو کارەخێرخوازییەکان بۆ بەدیهێنانی ئامانجی تر دەستەبەر دەکرێن، وەک رەواجپێدان و ریکلامێکی بازرگانی و سەرنجڕاکێشان و بۆ دروستکردنی هاوسۆزیی لەگەڵ کەس یان رێکخراوێکدا کاری لەسەر دەکرێت، زۆرجار قەبارەی ریکلام بۆکردنەکە چەند هێندەی قەبارەی کارە خێرخوازییەکەیە، بڕی سوود لێوەرگرتنی کەس یان رێکخراوەکەش زۆر لەو بڕە زیاترە بانگەشەی کارەکەی پێدەکرێت. ئەم واقیعە زیاتر لەو جێگە و شوێنانە بەرچاون کەهەست و سۆز و روخسار بینینەکان زاڵترن لەسەر کەسەکان لە عەقڵ و لۆژیک و لێکدانەوە و بیرکردنەوە، قۆستنەوەی هەل و دەرفەت لەم شوێنانە زۆر زیاترە بۆ ئەوەی بەناوی کاری خێرخوازییەوە لەلایەک داهات و سەرمایە کۆبکرێتەوە و لەلایەکی تریشەوە وانیشانبدرێت کاری مرۆڤدۆستی و خێرخوازی دەکرێت.
کاری خێرخوازی و راگەیاندن:
راگەیاندن دەکرێت رۆڵی باش و گونجاوی هەبێت بۆ کاری خێرخوازی، بەڵام بەپێی ستانداردێکی مرۆیی و جیانەکاریی و خستنەڕووی جوانییەکانی کار نەک شێواندن و جەختکردنەوە لەسەر کۆمەڵە خاڵێک کە لەبری خێرخوازی ئەنجام گەلێکی دژ بە مرۆڤ و شکاندنی کەرامەت و سوکایەتیکردن بێت بە کەسێتی و دەروونی ئەو کەس یان کەسانەی کارە خێرخوازییەکانیان لەگەڵ کراوە، بە تێبینی کردنێکی گشتی ئەوەی دەبینرێت کۆمەڵە دەرکەوتەیەکی نەرێنی لە خستنەڕووی کارەخێرخوازییەکاندا دەبینرێن، شایانی لێوردبوونەوە و هەڵوەستەکردنن، بەتایبەت ئەوانەی توێژەری دەروونیی یان کۆمەڵایەتیی و پەروەردەیین لەوانە:
خستنەڕووی کەسە پێویستمەندەکان وەک قوربانیی و شایان بە بەزەیی پێداهاتنەوە، بەداخەوە زۆرجار ئەو پێداویستییەی پێیان دەدرێت هەرگیز شوێنی ئەو برین و رووشاندنە کەسێتییەیان بۆ پڕناکاتەوە کە بەهۆی جۆری خستنەڕووەکەوە دووچاریان دەبێت.
خستنەڕووی تایبەتمەندیی ژیان و گوزەرانی پێویستمەندەکان، گەرچی هەندێکجار کەسەکان خۆشیان هەست بەوە نەکەن، بەڵام ئەوە ئەرکی راگەیاندن و شارەزایی جۆری نمایشکردنیانە بۆ ئەوەی چۆن و چی بخرێتەڕوو.
ناچارکردن بەکڕوزانەوە، بۆ دەستبەری پێگەیشتنی یارمەتی مرۆڤ ناچارکردن بە کڕوزانەوە و زیادەڕەوی لەخۆ بچووکردنەوە و خۆ لاوازکردن کارێکە پێچەوانەی ماف و بەهای مرۆڤایەتییە، وردبینیی و لێکۆڵینەوە بۆ ئەوەی کێ شایانی هاوکارییە کارێکی گرنگە، نەک هاوکاری لەسەر بنەمای ئەوەبێت کێ باشتر نمایشی بوون بەقوربانی دەکات.
مرۆڤ شایانی بەزەیی نییە، بەڵکو شایانی بەخشندەیی و میهرەبانییە، کارکردنی راگەیاندن بە ئاڕاستەی بەزەیی پێداهاتنەوە و مرۆڤ خستنە هەڵوێستێکی فرمێسک رشتن و ناچارکردنی بە سەرکزکردن کارێکی نا مرۆڤانەیە، دەکرێت مرۆڤ پێویست بێت و شکۆمەندیش بێت، رۆحێکی پۆزەتیڤ و بەرزیشی هەبێت.
هۆشیاریی وەرگر لەکاری خێرخوازیدا:
هۆشیاری وەرگر لەکاری خێرخوازیدا گەلێ گرنگ و پێویستە، چونکە ئەنجام سەرجەم کارەکان لەسەر وەرگر دەکرێت، پێویستە کەس یان کەسانی وەرگر لەوە دڵنیابن کارە خێرخوازییەکە مرۆڤ دۆستانەیە یاخود ئامانجی تری هەیە؟، هۆشیاری وەرگر وادەکات مرۆڤ نەکەوێتە داوی ناچارکردن و بڕیاردانی سەپێنراوەوە، چونکە بنەڕەتی کاری خێرخوازی تەنها ئامانجی خێرخوازیی و گەیاندنی پەیامی مرۆڤایەتییە بێ بەرامبەر وەرگرتنەوە لە وەرگر.

هەندێک لە کارە خێرخوازییەکان ئامانجی تریان لەپشتە

وتارەکانی نوسەر