زانیار جەوهەر
بۆ کپکردن و سەرکوتکردنی کۆمەڵگەی زیندوو، دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان هەموو رێگایەک تاقیدەکەنەوە تا مانەوەی خۆیان و بەردەوامی بە پیادەکردنی سیاسەتەکانیان بدەن.
مرۆڤ لە سەردەمی مۆدیرنە و کرانەوەدا پێویستە بەشێوەیەکی تەندروست مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و خواستە یاساییەکانی بەگوێرەی ئەرک و ماف بۆ دەستەبەر بکرێت و زەمینەیەکی دیموکراتیانەی بۆ سازبکرێت تا بە ئازادانە رای خۆی دەرببڕێت.
لەم سەردەمی جیهانگیرییەدا، تەکنۆلۆژیا لەوپەری پێشکەوتندایە، ئەستەمە بتوانرێت دەنگی ئازادی لەلایەن دەسەڵاتی عەسکەرتارییەوە کپ بکرێتەوە، ئەوەی پێشتر دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەرامبەر بە مرۆڤایەتی دەیانکرد، بینیمان تا کۆتایی بۆ هیچیان نەچووەسەر و ناو و ناونیشانیان چووە زبڵدانی مێژووەوە و بۆ تاهەتایە جارێکی تر بەشێوەی قێزەون لەنێو کۆمەڵگەدا باس دەکرێن و مێژوویەکی رەشیان بۆ خۆیان و سیاسەتی چەوتیان تۆمارکرد.
ئەوانە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە عیراقدا ئەشکەنجە و ئازاری خەڵکیان دەدا، هەر لە لێکردنەوەی بەشێکی جەستەی مرۆڤ و هەتککردن و شکاندنی شکۆوە تا ئاستی لە سێدارەدان و کوشتن و بڕینی ئەوانەی ناڕازی بوون لە ئەدایان، بەڵام لە کاتی کەوتنی دەسەڵاتەکانیاندا هیچ شتێک دادی نەدان بۆ مانەوەیان و لەلایەن خەڵک و کۆمەڵگەوە کەوتنە بەر رەحمەتی رووخاندن و تێکشاندن لە نموونەی سەدام حسێن.
ئەوەی ئێستا لە هەولێر و بەرامبەر بە خەڵکی رەسەنی ئەو شارە پیادە دەکرێت و دەگوزەرێت، جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەو تیۆرە تۆتالیتارییەی کە پێشتر بەعس و دیکتاتۆرەکانی دیکە تاقیان کردۆتەوە بۆ ترساندن و تۆقاندن و شکاندنی شکۆی ئینسانەکان تەنها بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکانی خۆیان.
ئێستا بەداخەوە ئاماژەکان پێمان دەڵێن کە دەسەڵاتێکی تا رادەیەک پۆلیسی لە سنووری هەولێردا پیادەدەکرێت، کە ئەگەر تەنها ئەم ماوەیەی رابردوو بە نموونە وەربگرین دەبینین لە ماوەیەکی کەمدا شکۆی چەندین کەسایەتی شکێنراوە هەرلە پارێزەرەوە بۆ هونەرمەند و رۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی و رێکخراوەیی و...هتد.
هەندێک جار مرۆڤەکان دەڵێن بمرین باشترە تەنها تووشی ئابڕووچوونمان نەکەن، خەڵکانێکی دیموکراتخواز و کۆمەڵگەیەکی زیندوو، لایان روون و ئاشکرایە کە ئەم رەفتارانە بۆ کپکردنەوە و بێدەنگکردن و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و لەناوبردنی هەستی مرۆڤانەیە. ئاخر خەڵکی هەولێری پایتەخت شیاوی رێزلێگرتن و ستایش و ژیانێکن لە زەمینەیەکی دیموکرات و تەندروستدا هاوشێوەی پارێزگاکانی تری کوردستان، نەک شکاندنی شکۆی مرۆڤە سەربەرزەکانی و ترساندن و تۆقاندن و رووخاندنی کەسایەتییان و ناچارکردنیان بە پاشەکشە لە هەڵوێستە مرۆڤانە و نیشتمانییەکانیان.
بەشێک لە دەسەڵاتدارانی ئەو شارە، بە رەفتارە بێ مۆراڵ و سەرکێشییەکانیان ئەو پەیامەیان داوە بەگوێی خەڵکی ئەو شارەدا کە ئەگەر هاتوو هەرکەسێک بە جۆرێک لە جۆرەکان بیرکردنەوەی جیاوازی هەبێت، ئەوا دڵنیا نەبێت لە پاراستنی ژیانی خۆی و خێزانەکەی، لە هەرکات و ساتێکدا بێت تووشی گرفتی خۆی دەبێت و لەبەردەم هەڵمەتی دڵڕەقانە و بێ مۆراڵانەی سۆشیالمیدیای کرێگرتەدا خۆی دەبینێتەوە. ئەم جۆرە سیاسەتەی دەسەڵاتداران لە هەولێر بۆ مانەوەی خۆیان و بەردەوامیدان بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکەیان بەو شێوە ناتەندروستە لە رێگەی شکاندنی شکۆی دانیشتوانی ئەو شارە و بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و تۆقاندن لە ناو کۆمەڵگەدا، بۆ بەردەوامی دانە بە کارەکانی ئەو کابینە شکستخواردووە و ئەم رەفتارانەش کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر نەوەی داهاتوو و دەبێتە چاولێکەری و کۆمەڵگە تووشی داڕووخان و توندڕەویی دەکات و کارەساتی نەپاراستنی گیان و ژیان و شکۆی تاکەکانی لێ دەکەوێتەوە.