دوای ئه‌وه‌ی ساڵی1993 رۆمانی (ژاوه‌ژاو و تووندوتیژیی)م خوێنده‌وه، سێ رۆمانی تری فۆكنه‌رم خوێنده‌وه، رووناكییه‌ك له ئابدا ساڵی 1995، كاتێك گیانم ده‌سپارد، دارخورمای كێوی له ده‌فته‌ری ساڵی 1997 دا له باره‌ی رۆمانی (كاتێك گیانم ده‌سپارد) نووسیومه: (فۆكنه‌ر یه‌كێكه له‌و نووسه‌ره بیانیانه‌ی له‌ناو خوێنه‌ری كوردا زۆر باو و ناسراو نییه ره‌نگه له‌به‌ر ئه‌وه‌بێت كه رۆمانه‌كانی ئاسان نین، چونكه چوارچێوه ئاسایی و باوه‌كانی رۆمانی شكاندووه و شێوازی (مه‌نه‌لۆگ)ی زۆر ده‌ستكاری كردووه به‌ڕاده‌یه‌ك جۆرێك له تێكه‌ڵی و ته‌م و مژی لای خوێنه‌ر درووست كردووه، مه‌نه‌لۆگه‌كانی له زه‌مه‌نی ئێستاوه له‌پڕ ده‌گوازێته‌وه بۆ رابردووی نزیك و دوور و دوورتر، مه‌نه‌لۆگه‌كانی ته‌نانه‌ت له مێشكی شێته‌كانیشه‌وه سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن، ئه‌م حاڵه‌ته به‌ئاشكرا به‌م رۆمانه‌یه‌وه دیاره، كه به‌گشتی زه‌مه‌ن تێك ده‌شكێنێ و پابه‌ند نابێت به رێڕه‌وی ئاسایی زه‌مه‌نه‌وه، ئه‌مه واده‌كات تێگه‌یشتن و چێژ وه‌رگرتن له رۆمانه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره وا ئاسان نه‌بن..).
دواتر هه‌ر ئه‌و ساڵه رۆمانی (رووناكیه‌ك له ئابدا)م خوێنده‌وه، له‌باره‌یه‌وه ده‌ڵێم: (ئه‌م رۆمانه‌ی له‌هه‌موو رۆمانه‌كانی تری زیاتر رایكێشام، ره‌نگه له‌به‌رئه‌وه بێت تێگه‌یشتن لێی ئاسانتره له‌وانیتر، یان له‌به‌رئه‌وه‌ی باسی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌كات؟!! ئه‌و شه‌ڕه‌ی كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه له‌سه‌ر تاك و په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگه، ئه‌و شه‌ڕه‌ی به‌ته‌نیا له‌ده‌ستدانی سه‌دان رۆح و به‌ته‌نیا ماڵوێرانی و كاولكاریی نییه، به‌ڵكو تۆ‌و كردنی رق و كینه و بوغزێكه كه بۆ چه‌ندین ساڵ و نه‌وه‌كانی دوارۆژ ده‌مێنێته‌وه، هه‌رچه‌نده فۆكنه‌ر خودی خۆی له‌زه‌مه‌ن و ساته وه‌خته‌كانی شه‌ڕی ناوخۆدا نه‌ژیاوه و رۆمانه‌كانی چه‌ندین ساڵ دوای ئه‌و شه‌ڕه نووسراون، به‌ڵام پێیوایه زۆربه‌ی لادان و چه‌وتییه‌كانی تاك و لێكترازانی توێژه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه و داڕزانی رۆح و ونبوونی به‌ها رۆحییه‌كان بۆ ئه‌و شه‌ڕه ده‌گێڕێته‌وه، شه‌ڕی ناخۆ ده‌كاته فاكته‌رێكی سه‌ره‌كی ئه‌و به‌دحاڵیبوونه‌ی كۆمه‌ڵگا تێیده‌كه‌وێ..).