یەکێتی و رۆحی دیموکراسی

10:20 - 2023-05-07
بێستون عەلی
333 خوێندراوەتەوە

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی شۆڕش و تێکۆشانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەوا رێک دەبێت دەست بخەینە سەر یەکەم هەنگاوی بەڕێوەردنی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان کە لە گوندەکانەوە یەکێتی بە هەڵبژاردن ئەنجومەنی گوندەکانی هەڵبژارد، دواتر یەکێتی حزبی شاخ و شار و شەهیدانە، بە ئەندازەیەکی قووڵ رەگی داکوتاوە لەناو خەڵکی هەرێمی کوردستاندا.
 لە پڕۆسەی حزبایەتیدا چەند جارێک لق  و تەنانەت بەشێک لە قەدی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانیان  بڕیوە، بەڵام وەک داری بەڕوو زیاتر گەشەی کرد، باڵای بەرز و سەوزتربوو .
 خەسڵەتی یەکێتی وایە، چەند هەوڵی شکاندنی لق و چڵەکانی بدەن، ئەو زیاتر قەدی بەهێز و باڵای بەرزتر و گەڵای سەوزتر دەگرێت.
 ئیتر حزبێک بە  هەوای لادێ و بە خوێنی شەهیدان و شەمەندەفەری دیموکراسی پێشکەوێت و گەورەببێت، چ باکی بە تۆز و خۆڵ و مشار و چەکوشی کۆنە دۆستە؟  
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هیچ کات لە هەڵبژاردن نەترساوە، چونکە ئیرادە و متمانەی جەماوەری هەیە، خاوەنی خەڵکانی شۆڕشگێڕ و لەخۆبوردووی نیشتمانییە، ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی رابردووشی ئەو راستییەیان سەلماندووە، کە حوکمڕانی و رابەرایەتیکردنی هەرێمی کوردستان و تەنانەت عیراقیش بەبێ یەکێتی ناکرێت، بەردەوامبوونی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەش ئەستەمە.
یەکێتی ئەوەی دەرخستووە کە لە هەڵبژاردندا سڵ ناکاتەوە، بەڵام ناچێتە یارییەکەوە کە بزانێت پێش یەکەم فیکەی یاریکردن 11 گۆڵ بۆ تیپی بەرامبەری نووسراوە.
حوکمڕانی و هەڵبژاردن و بەڕێوەبردنی خەڵک و خاک وەک بەڕێوەبردن و یاریکردنی ناو یاریگایە، دەبێت راهێنەری ژیر و سەرکەوتوو بزانێت کە چۆن ئیدارەی یاریزان و یاریگا دەدات، چۆن دەنگ و چەپڵەی متمانەی خەڵک بۆ یاریزانەکانی مسۆگەر دەکات. 
یەکێتیش و بەشێک لە حزبەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش هەر ئەوە دەکەن کە لە قازانجی خەڵک و خاک و هەڵبژاردنی پاک و بێگەردە لە هەرێمی کوردستاندا.

وتارەکانی نوسەر