ژیریی دەستکرد هاوڕێ نوێیەکەمانە

10:21 - 2023-05-09
فەیسەڵ عەلی
487 خوێندراوەتەوە

پێمان خۆش بێت یان نا، رازی بین یان نا، ژیریی دەستکرد لە تەواوی بوارەکانی ژیانی عەمەلی و کەسیدا هاوڕێ نوێیەکەمانە، چ لە ئارەزوو یان رابواردن یان پەیوەندییە کەسییەکانمان، تەنانەت رۆمانسییەکانیشمان بێت. ئێستا هەندێک بوار پەرەسەندنی بێشومار و بێ پێشینە بەخۆیەوە دەبینێت، وەک چاودێریی تەندروستی، پرۆگرامین، خۆێندن، تەمویل، بیناکردن، گواستنەوە، کات بەسەربردن، یاسا، خانووبەرە، دۆزینەوەی نهێنییەکانی ئاسمان، بازرگانی خورد، خزمەتگوزاریی عەمیلەکان و چەندینی تر.
بەهۆی زیادبوونی رۆڵی ژیریی دەستکرد لە ژیانماندا، خەڵکی چەندین پرسیاری گرنگ سەبارەت بە ئایندەی ژیریی دەستکرد دەوروژێنن، ئاستی تواناکانی مرۆڤ لە کۆنترۆڵ کردنی ئەم ژیرییە؟ ئایا ژیریی دەستکرد مرۆڤایەتی لەناو دەبات؟ بەگشتی ئاستی توانای لە داهێنانی نووسیندا چەندە، بەتایبەتیش نووسینی ئەدەبیات، وەک نووسینی شیعر، پاشان ئایا ئەمە نەمانی هەندێک جۆری کار و زیادکردنی بێکاریی مرۆیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، یان دەبێتە هۆکارێکی کارای زیادبوونی بەرهەمداری و خوێندن و خزمەتگوزاری و هیتر؟
زۆرێک لە شارەزایان لەسەر ئەوە کۆکن ژیریی دەستکرد ئاستی بەرهەمداریی زۆری پیشە و کارەکان بەرزدەکاتەوە، هەروەها یارمەتی پارێزەران و پزیشکان و بەرنامە دانەرەکانی کۆمپیوتەر دەدات، لە بەرانبەریشدا جێی هەندێک کرێکار لە هەندێک پیشەدا دەگرێتەوە، بەتایبەتی ئەو پیشانەی ئەرکی رۆتینی دووبارە بوویان هەیە و پشت بە دووبارە بوونەوە دەبەستێت، زیاد لەوەش لەو ئەرکانەیدا سەرکەوتوو دەبێت، بەوەی دەتوانێ وردتر و بەخێراییش ئەرکەکە بەجێ بهێنێت. بە دڵنیاییەوە ژیریی دەستکرد ئایندەی کار دەگۆڕێت، بەڵام مەرج نییە بەرەو خراپتری ببات، شارەزایانی ئەم بوارە، رایان وایە تا ساڵی 2025، نزیکەی (80) ملیۆن وەزیفە لەدەست دەچێت، لە هەمانکاتیشدا نزیکەی (97) ملیۆن وەزیفەی نوێ دەڕەخسێنێت.
ژیریی دەستکرد بەشدارییەکی بەرچاوی لە چاودێریی تەندروستیدا کردووە، هیچ مشتومڕێک هەڵناگرێت دەتوانێت خێراتر و وردتر دەستنیشانی جۆری نەخۆشی بکات و پلانی چارەسەریش دابنێت و نەخۆش خێراتر چاکبێتەوە، یارمەتی نەشتەرگەری کردن بدات، هەموو ئەمانە رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر فەراهەمکردنی چاودێریی باشتری نەخۆش دەبێت. ژیریی دەستکرد کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پرۆسەی خوێندن دەبێت تا یارمەتی مامۆستایان و خوێندکاران و ئیدارەی خوێندن بدات، بۆ ئەوەی ئاستی کوالێتی خوێندن زیادبکات، پێشبینی دەکرێت پۆلەکانی ژێریی خوێندن بۆ بینای ژیر بگۆڕدرێت، ئەمانەش کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ژینگەی قوتابخانە و زانکۆکان دەبێت.
ئەو رۆبۆتانەی لە مرۆڤ دەچن رۆژانێک مادەیەکی خەیاڵی زانستی بوو، بەڵام ئەمڕۆ بۆتە راستییەکی حاشاهەڵنەگر، ئەوەی جێی سەرنجە هەندێک لەو رۆبۆتانە هێندە بە دیقەت دروستکراون، بە زەحمەت لە مرۆڤ جیا دەکرێنەوە، چ لە رووی قسەکردن و رواڵەتەکانی دەموچاویان. ئەمەش دڵەڕاوکێی لای هەندێک دروستکردووە، چونکە ئیعتباراتی ئەخلاقی دەوروژێنێ وەک خراپ بەکارهێنانیان، بەتایبەتیش کە توانای فێربوون و پەرەدانی بێ ئەندازەی شارەزاییان هەیە و وادەکات ئەگەری بڵاوبوونەوەی زانیاریی نادروست و شێواو هەبێت، یان خەڵکی پشت بەم سیستمانە ببەستێت لە وەرگرتنی راوێژی تەندروستی و سۆزداریی ناڕاست تەنانەت زیانبەخشیش، یان بەرهەمهێنانی توێژینەوەی زانستی. بەڵام هێشتا دوورە لەوەی ژیریی دەستکرد بتوانێ کۆنترۆڵی مرۆڤ بکات، چونکە هێشتا لە ئاگایی مرۆڤ بێبەشە.
لە دواییدا، پێویست بەترس و دڵەڕاوکێ ناکات، دەشێ ژیری دەستکرد شوێنی ئەرکە رۆتینی و دووبارەبووەکانی مرۆڤ بگرێتەوە، ئەمەش وا لە مرۆڤ دەکات بەرەو کارە ئاڵۆز و داهێنەرەکان بڕوات.
بەمانایەکی تر، ژیریی دەستکرد لە فێربوون و وەرگرتنی زانیارییدا پێش ژیریی مرۆڤ کەوتووە، بەڵام ژیریی مرۆڤیش لە بیرکردنەوە بۆ داهێنان و زیادکردنی مەعریفە بەردەوام لە پێش ژیریی دەستکردە.

وتارەکانی نوسەر