لە 14 ئەم مانگەدا خەڵكی توركیا سەرۆك و پەرلەمانێكی نوێ هەڵدەبژێرن، لایەنە سیاسییەكانی ئەو وڵاتەش ئێستا لە ململانێیەكی گەرمدان بۆ سەركەوتن لە هەردوو هەڵبژاردنەکەدا، بۆیە ئەم هەڵبژاردنە بە یەكێك لە گرنگترین هەڵبژاردنەكانی توركیا دێتە هەژماردن لەكاتی دامەزراندنی دەوڵەتی توركیای نوێوە لە 100 ساڵی رابردوودا.
ئەم هەڵبژاردنە بڕیاردەدات کە ئاخۆ سەرۆكی ئێستا ئەردۆغان لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە دوای دوو دەیە لە فەرمانڕەوایی یان نا؟ كە جێ پەنجەی بەسەر هەموو سێكتەرەكانی ئەو وڵاتەوە دیارە بە باش و خراپەوە؟!
ئۆپۆزسیۆن هەڵبژاردن دەباتەوە؟
لە بەرامبەردا ئایا هاوپەیمانی شەش قۆڵی بە سەرۆكایەتی (جەهەپە) و كەمال كلیچدار ئۆغڵو دەتوانن دەسەڵات بگرنەدەست؟ هەرچەندە ئەردۆغان بە هاوپەیمانی حەوت قۆڵی ناویان دەبات و دەبێژێت (هەدەپە) شتان لەگەڵدایە، بەڵێنەكانیان بە مەنزڵ بگەیەنن كە دەخوازن گۆڕانكاریی ریشەیی لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەكی توركیادا بخوڵقێنن، بە گەڕاندنەوە بۆ سیستمی فەرمانڕەوایی لە سەرۆكایەتییەوە بۆ پەرلەمانییەكی بەهێز.
هەموو ئەوانەی چاودێریی دۆخی توركیا دەكەن، ئەم زانیارییانە گرنگە بۆ هەر هەڵسەنگاندنێك بۆ پڕۆسەكە:
1- ژمارەی هەموو دەنگدەرانی توركیا لە ناوەوە و دەرەوە كە مافی دەنگدانیان هەیە (64) ملیۆن و (113) هەزار و (941) كەسن، نزیكەی (5) ملیۆن لەمانە گەنجن و بۆ یەكەمجارە دەنگدەدەن، پێدەچێت ئەمانە رۆڵی سەرەكی ببینن لە یەكلاكردنەوەی ئەنجامەكان بۆ سەرۆكایەتی و پەرلەمانیش.
2- هەڵبژاردنەكانی سەرۆك لە نێوان چوار كاندید دایە، بۆ سەركەوتنی هەر كاندیدێك پێویستە (٪50 + 1)ی دەنگەكان بە دەستبهێنێت، ئەگەرنا دەكەوێتە گەڕی دووەمەوە كە بڕیارە لە 28/5/2023 بەڕێوەبچێت لە نێوان براوەی یەكەم و دووەمدا، جا كامیان زۆرتری هێنا دەبێت بە سەرۆك كۆماری ئایندەی توركیا.
3- كاندیدی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن (شەش قۆڵی) كەمال كلیچدار ئۆغڵو پشتیوانی (هەدەپە)ی بەدەستهێناوە، ئەمەش پێگەی ناوبراوی زۆر بەهێز كردووە چونكە (هەدەپە) خاوەنی قەوارەیەكی جەماوەریی بەهێزە لە باكووری كوردستان و تەنانەت بەشێک لە شارەكانی دیکەی ئەو وڵاتەش، بە تایبەتی لە دوای لایەنگریی هەدەپەوە بۆ كاندیدەكانی جەهەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا ساڵی 2018 لە ئیستانبوڵ و ئەنقەرە و شارە گەورەكانی توركیا كە تای تەرازووی ئەنجامەكانی گۆڕی، ئێستا پێدەچێت لەم هەڵبژاردنەشدا و بە تایبەتی ئەگەر بكەوێتە گەڕی دووەمەوە، ئەوا كاندیدی ئۆپۆزسیۆن سەربكەوێت، چونكە بەڵێنی ئەوەی داوە كە گۆڕانكاریی بنەڕەتی لە سیاسەتی وڵاتدا بكات سەبارەت بە دۆسێی كورد لە دەرەوە و ناوەوەدا.
4- كێبڕكێیەكی توندیش هەیە لە نێوان 24 حزب و 151 كەسایەتی سەربەخۆ لەسەر 600 كورسی پەرلەمانی توركیا كە ئەمە خولی 28-ەمینە، بەهێزترینیان هاوپەیمانی حوكمڕان و ئۆپۆزسیۆنن، جگە لە هاوپەیمانیی كار و ئازادی كە هەدەپە سەرۆكایەتی دەكات.
كورسییەكانی پەرلەمانیش گرنگن بۆ ئەو لایەنەی سەرۆك كۆماری دەباتەوە، بۆئەوەی بتوانێت حوكمڕانیی وڵاتەكە بكات بە بێ گرفت، لە هەمانكاتدا بەریەكکەوتن روونەدات لە نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردندا، هەروەها بۆ لایەنی ئۆپۆزسیۆنیش گرنگە بەدەستهێنانی زۆرینەی سێیەكی پەرلەمان بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور لە سەرۆكایەتییەوە بۆ پەرلەمانی، یان (نیوە + 1) بە دەستبهێنن، بۆئەوەی بتوانن پێشنیاز پێشكەش بكەن بۆ ئەوەی دەستوور هەموار بكەنەوە.
هەڵبژاردن لە بارودۆخێكی تەواو جیاوازدا
-5ئەم هەڵبژاردنەی ئەمجارەی توركیا لە بارودۆخێكی جیاوازدا بەڕێوەدەچێت سەبارەت بە ئەردۆغان، چونكە هیچ جارێك ئاوا شپرزە نەبووە و هەڵاوسان 40 ٪ی تێنەپەڕاندووە، كاریگەرییەكانی زەمین لەرزەكەی 6 ی شوبات 2023 كە زیاتر لە (50) هەزار كەس تێیدا بوونە قوربانی، 100 ملیار دۆلاری ئەمریكی زیانی لێكەوتۆتەوە بە گوێرەی خەمڵاندنە ناوخۆیی و نێو دەوڵەتییەكانیش، جگە لە ئاڵۆزی و گرژییە نێودەوڵەتییەكان و كاریگەرییەكانی لەسەر توركیا، بە تایبەتی لێكەوتەكانی جەنگی ئۆكرانیا و روسیا.
-6تایبەت بە سیاسەتی دەرەوە، ئەردۆغان بەڵێنی ئەوە دەدات كە درێژەپێدەری هەمان بەرنامەی پێشووی بێت، كە بەهێزكردنی رۆڵ و پێگەی توركیایە لە ناوچەكە و جیهانیش وەكو هێزی راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان خۆرئاوا و خۆرهەڵاتدا، لە بەرامبەریشدا كاندیدی ئۆپۆزسیۆن بەڵێنی ئەوە دەدات، ناسنامەی جیۆسیاسی توركیا وەكو ئەندامی (ناتۆ) بگێڕێتەوە.
-7لەلایەكی ترەوە، ئاوارە سوریاییەكان ترسی زۆریان لێ نیشتووە ئەگەر ئەردۆغان سەرنەكەوێت، بە زۆر بگەڕێنرێنەوە بۆ وڵاتەكەیان، کە نزیكەی (5) ملیۆن ئاوارە لە دوای ساڵی 2011 و رووداوەكانی سوریا لە توركیادا دەژین، ترسەكە لەوەوە هاتووە كاندیدی ئۆپۆزسیۆن بەڵێنی ئەوەی داوە كە ئەو ئاوارانە بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەكەیان لە ماوەی دوو ساڵدا.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی تورکیا گۆڕانکاریی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت؟