کێشەکان لە کاتی خۆیاندا چارەسەر بکرێن

09:19 - 2023-05-11
پ.د. وەلی‌ مەحمود حەمەد
279 خوێندراوەتەوە

دوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و ئیدارەی سلێمانی و تێکەڵکردنەوەی لەگەڵ حکومەت و ئیدارەی هەولێردا. لە ماوەی نزیکەی (15) ساڵی رابردوو، چەندین کێشەی ئیداریی و تەکنیکی لەو یەکگرتنەوەیەدا دروستبووە کە دەکرا هەر لە یەکگرتنەوە و یەکخستنەوەکە و پێبەپیی رووداو و پێشهاتەکان ئەو کێشە و گرفتە سیاسی و تەکنیکییانە چارەسەر بکرێن، یان لانیکەم لەگەڵ گۆڕانی کابینەکاندا مشتوماڵی گرفتەکانی کابینەی پێشتر بکرایە.
هەر لە سەروبەندی یەکگرتنەوەکەدا دەبوو هەردوولا هێزی سەربازیی و هێزی ئابوورییان بکردایەتە دوو سیستمی نیشتمانیی سەرتاسەری بۆ هەرێم چونکە بە ئێستاشەوە تەواوی بابەتی چەک و پارە وەکو پێویست نیشتمانی و کوردستانی نەبووە.
 لە سەرجەم کابینەکاندا دەبوو پێداچوونەوە بە داڕشتنی ستوونی پۆست و پلەکاندا بکرێت لەڕووی هاوسەنگیی حزبیش و ناوچەییشەوە و ئەوانەی کە بەگرێبەست وەک راوێژکار و هاوکاری سەرۆکی کابینەکان دادەنران یان لەدوای کۆتایی تەمەنی کابینەکە مووچەی گرێبەستەکانیان ببڕایە، یاخود لەگەڵ سەرۆکی کابینەی داهاتووشدا بماناتەوە ئەگەر هۆکاری گرێبەستەکانیان لە زەروورەتەوە سەرچاوەی گرتبوو بۆ سوودوەرگرتن کە شارەزایی و پسپۆڕییان. 
مادام ئەو دوو حزبە هێزی بێ ئەڵتەرناتیڤ و تەواوکەری یەکتریی بوون لە دەسەڵاتی سیاسی و ئیداریدا، دەبوو رەچاوی رۆڵی یەکترییان بکردایە لە هەموو کایەکانی (سەربازیی، ئەمنی، پەیوەندییەکان، دارایی و نوێنەرایەتی و...هتد).

 

کاتی ئەوەیە گرفتەکان و گازاندەکان بۆ یەکتریی بسەلمێنین و بە یەکترییشی بسەلمێنین، هەموو دەستکەوتەکانچاک یان خراپ زادەی ئەم حوکمڕانییەن کە تائێستا  هێناومانە و لە بیری  نەکەین  هێشتا دەستکەوتەکان  دەڵەمەن

 

خوێنەرانی خۆشەویست و هەواداران و کادرانی یەکێتی ، من ناڵێم با هەرچی بینامان کردووە تێکی بدەین، بەڵام ناشبێت شەراکەت لە حکومڕانیدا بەمشێوەیە بێت، راستە ئەگەر کاتی خۆی ئەو کێشانە پێ بەپێی سەرهەڵدان و دروستبوونیان چارەسەر بکرانایە،  نەدەگەیشتین بەم رۆژە، بەڵام هیچ کاتێک درەنگ نییە بۆ فێربوونی حوکمڕانی باشتر و سەقامگیرتر و ئەوەی ئێستاش کە دواجار دیالۆگ و دیداری راستەوخۆ جێگەی دابڕان و شەڕی میدیایی دەگرێتەوە، دەشێت رێگە دروستەکە بێت لە ناردنی پەیام و وەفدی لایەنی سێیەم، بەتایبەتی کە تەبایی ئەم دوو لایەنە سەرەکییە ئاشتی و ئارامیی و سەقامگیریی سیاسی و ئیداریی و دارایی و بازاڕ دەچەسپێنێت و پێچەوانەکەشی سپاردنی چارەنووسی  هەرێمەکەمانە بە ئایندەیەکی نادیار و ناڕۆشن.
ئێستا دەکرێت هەردوولا گرفتەکان و گازاندەکان بۆ یەکتریی بسەلمێنین و بە یەکترییشی بسەلمێنین، باشترە لەوەی کە هەرلایەکمان وابزانین هەموو راستییەکان لای خۆمانە و هەموو دەستکەوتەکانمان چاک یان خراپ زادەی ئەم حوکمڕانییەن کە تائێستا هێناومانە و لە بیری نەکەین هێشتا دەستکەوتەکانمان (دەڵەمەن) و نەیاریان زۆرە و بۆمان لە بۆسەدان.
با پێمان وانەبێت کە بە تێکچوونی زیاتری دۆخەکە، تەنیا یەک لامان زیان دەکەین، نەخێر بەڵکو کۆی کایەی حوکمڕانی و خەڵکی کوردستانیش زیانیان پێدەگات.
 بە راشکاوی دەیڵێم هەریەکە لە سەرکردەکان و کادران و نوێنەران لە پەرلەمانتاران  و حکومەت  لە هەردوولا بەپێی قەبارە و دەسەڵات و پایەیان ئۆباڵی بەشێک لە گرفتەکانیان دەکەوێتە ئەستۆ، دەنا خەڵک و جەماوەری ئاسایی بێ تاوانن، تەنها تاوانیان ئەوەیە کە بەرگەی دۆخەکەیان گرتووە و ئارامیان هەبووە. 

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەبێت هەر بە ماڵی شەراکەتی حکومڕانی بمێنێتەوە

وتارەکانی نوسەر