پەشمەک

پێگەی وەرگێڕ

11:07 - 2023-05-14
ڤینۆس فایەق
480 خوێندراوەتەوە

«جیاوازیی نێوان وشەیەکی راست و وشەیەکی تاڕادەیەک راست، بابەتێکی گەلێک گەورەیە، وەکو جیاوازیی نێوان هەورەتریشقە و تیشکی ئەو مێرووەی کە تیشک دەدات وایە». 
مارک توەین 

92

هەزار ساڵ زیاترە وەرگێڕان سەریهەڵداوە، ئەی ئەگەر وەرگێڕان نەبوایە هەرگیز شارەزای هەر بۆ نموونە گەورەترین شاکاری وەکو گەلگامیش نەدەبووین کە دووەم دەقی دینیی سەردەمی خۆیەتی لە دوای دەقەکانی ئەهرامی دینی. ئەوەی وەرگێڕ دەیکات هیچی لەوە کەمتر نییە کە نووسەر دەیکات، بگرە خزمەتێکی گەورەتر بە ئەدەب دەکات، شاعیر بۆ خۆشی خۆی شیعر دەنووسێت کاتێک ئیلهامی دەقێکی بۆ دێت، بەڵام وەرگێڕ لە سۆنگەی بەرپرسیارێتییەکەوە دەست دەداتە دەقێک وەریگێڕێت، جگەلەوەی بە دەقێک ئاشنامان دەکات، یاریدەشمان دەدات زیاتر لە جیهانی دەوروبەرمان تێبگەین. 
وەرگێڕ تەنها وشە بە وشە ناگۆڕێت، بەڵکو هەست بۆ خوێنەر دەگوێزێتەوە، ئەمەش ئەرکی کۆمەڵێ وەرگێڕ سەخت دەکات، دەیخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی هەستەوەرەوە، لە نێوان ئەمانەتی وەرگێڕان و لانەدان لە دەقە ئەسڵییەکە، کە لە توانایدا بێت مێشک و هەستی خوێنەر بە دەقەکەوە گرێبدات. 
ئەم ماوەیە کە سەرقاڵی وەرگێڕانی رۆمانێکی رۆماننووسی جەزائیری واسینی ئەلئەعرەج-م بۆ زمانی کوردی، وا بیردەکەمەوە کە وەرگێڕ هێندەی نووسەری رۆمان لەناو رۆمانەکەدا ون دەبێت، لەناو رووداوەکاندا دەژی و بگرە خۆی لێدەبێتە یەکێک لە کارەکتەرەکان، لەگەڵیان دەژی هەتا کۆتایی رۆمانەکە. 
کرۆکی وەرگێڕان ئەوەیە وەرگێڕ بتوانێت مانا شاراوەکانی ناو دەقەکان بۆ خوێنەر بگوێزێتەوە، چونکە هەموو وشەیەک بۆ خۆی مێژوو و رووداوێکی تایبەتە و لە سیاقە مێژووییەکەیدا ماناکەی چڕ دەبێتەوە. لەبەر ئەوە وەرگێڕ دەبێت ئەوەندە لەو دەقە تێگەیشتبێت کە وەریدەگێڕێت بتوانێت وای داڕێژێتەوە وەکو دەقێکی ئەسڵی بیخاتە بەردەستی خوێنەر. 
بێگومان وەرگێڕانی ئەدەبی، چ شیعر یان رۆمان یان هەر دەقێکی ئیبداعی بەتایبەت کارێکی سەخت و ماندووکەرە، لە هەمانکاتیشدا چێژبەخشە. بەڵام سەیرم لێدێت کە وەرگێڕ هەیە لە ساڵێکدا چوار بۆ پێنج کتێب و زیاتر وەردەگێڕێت. ئاخر ئەمە لە کوالێتی ئیشەکە کەمدەکاتەوە، چونکە بەلای منەوە چۆن شیعر ئیلهامە، بەهەمان شێوەش تەرجەمەکردنی شیعر یان دەقی رۆمانێک ئیلهامە، ئەگەر چێژت لێ نەبینیبێت و دڵتی نەگرتبێت مومکین نییە بتوانیت وا بەئاسانی وشە بە وشە بگۆڕیتەوە و هەموو ئەو بارگە هەست و هەڵچوونانە بۆ خوێنەر بگوێزیتەوە لە ئاستی دەقە ئەسڵییەکەدا. 
هەندێ دەقم بە وەرگێڕدراوی خوێندۆتەوە پەشیمان بوومەتەوە لەوەی خوێندوومەتەوە، بەجۆرێک چێژی تێکداوم کە جارێکی تر هیچ وەرگێڕانێکی ئەو وەرگێڕەم نەخوێندۆتەوە، تەنانەت زۆر متمانە بە وەرگێڕێک ناکەم وەکو مەکینە بە درێژایی ساڵ خەریکی وەرگێڕان بێت. 
گۆنتەر گراس دەڵێ: «وەرگێڕان ئەوەیە، هەموو شتێک وەرگێڕیت بەڵام هیچ نەگۆڕیت». ئاخر کفرە وەرگێڕ بە ئەقڵ و ئارەزووی خۆی بە ناوی «زەرورەتی زمانەوانی»ەوە واتای دەقەکێک سەرتاپا بگۆڕێت، بە بەهانەی گونجاندنی حاڵەتێک لەناو زمانەکەدا. 
دواجار من وای دەبینم ئەرکی وەرگێڕ لە خودی نووسەرەکە گەورەترە، چونکە کە شاعیرێک دەقێک بە زمانی دایک دەنووسێت، ئەوە وەرگێڕە ئەو دەقە لە رێگەی زمانێکی ترەوە بە خوێنەرێکی دەرەوەی وڵاتەکەی دەناسێنێت، ئەوە وەرگێڕە خوێنەرێکی بیانی دەخاتە ناو کەشوهەوای رۆمانێکەوە کە بۆ نموونە بە زمانی کوردی نووسراوە.

وتارەکانی نوسەر