100
نووسینی وتارێكی هه‌فتانه له گۆشه‌یه‌كی رۆژنامه‌یه‌كدا شتێكی ئاسان نییه، به‌ڵام چێژبه‌خشه. بۆ من كه له چه‌ندین رۆژنامه و بڵاوكراوه‌ی تر وتاری هه‌فتانه و دوو هه‌فته‌جارێكم نووسیوه، هه‌ر به گرانم زانیوه و جگه له‌وه‌ی به‌رپرسیارێتییه، بوارێكیشه بۆ فێربوونی زیاتر و قووڵبوونه‌وه و په‌ره‌سه‌ندن.
نووسه‌ری وتاری هه‌فتانه ده‌بێت چاوێكی هه‌بێت وه‌كو چاوی كامێرا ورد و درشت تۆمار بكات، گوێچكه‌یه‌ك چه‌ند رادارێكی هه‌بێت به‌پێی توانا ئاگای له هه‌موو پێشهات و رووداوه‌كان بێت و له‌باره‌یانه‌وه بنووسێت. چونكه كاتێك خۆت ده‌ته‌وێت بنووسیت، جیاوازه له‌وه‌ی پێویست بكات هه‌فتانه وتارێكت بۆ گۆشه‌كه‌ت له رۆژنامه‌یه‌كدا هه‌بێت. هه‌ر زوو هه‌فته وه‌رده‌گه‌ڕێته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆت بزانیت، كاتێتی وتاره‌كه‌ت بنێریت و تۆش هێشتا بابه‌تێكت به مێشكدا نه‌هاتووه بینووسیت.
جا كه ژن بیت و نووسه‌ری گۆشه‌یه‌كی هه‌فتانه‌ش بیت جارێكی تر سه‌خته، چونكه وتار له‌گه‌ڵ به‌رپرسیارێتییه‌كانی تری رۆژانه‌تدا ده‌نووسیت و زۆربه‌یجار بابه‌تی په‌یوه‌ست به پرسی ژنه‌وه سه‌رنجت راده‌كێشێت و به‌بیرتا دێت بینووسیت، ره‌نگه له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌میشه ئه‌وانی تر چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ت لێده‌كه‌ن. كه‌چی جارێكی تر ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ت لێده‌گیرێت كه ئاسانترین بابه‌ت ده‌ستی بۆ به‌ریت ئه‌مڕۆ پرسی ژنه. له‌كاتێكدا به‌لای منه‌وه نه‌ك هه‌ر ئاسان نییه به‌ڵكو ئاڵۆزترین و سه‌ختترین بابه‌ته و پێویسته قسه‌ی جدیی تازه‌ی له‌باره‌وه بكرێ. جا بۆیه هه‌ندێجار ده‌ڵێم كه ژن بیت و بۆ ئه‌وه‌ی ببیته نووسه‌ری وتاری گۆشه، پێویستت به كه‌مێك بێڕێزی هه‌یه. هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستم له بێڕێزی لێره‌دا جۆرێك له بوێرییه، ئه‌و بوێرییه‌ی كه زۆر كه‌س به بێڕێزی پێناسه‌ی ده‌كه‌ن.
بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر نووسینی وتارێكی هه‌فتانه بۆ گۆشه‌یه‌كی رۆژنامه‌یه‌ك، له‌و كاته‌ی كه ئه‌مه دوا وتاری هه‌فتانه‌م ده‌بێت بۆ گۆشه‌ی «په‌شمه‌ك» له رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ بینووسم و ئیتر ئه‌و گۆشه‌یه به ناوه‌كه‌یه‌وه داده‌خه‌م. به‌مدواییه پرسیارێكم چه‌ندیجار له‌گه‌ڵ خۆم دووباره‌ده‌كرده‌وه: هه‌ر به‌ڕاست ئێمه بۆچی وتار ده‌نووسین؟ كه‌س نه‌ڵێت بۆ ئه‌وه‌ی جیهان له‌ده‌وروبه‌رمان بگۆڕین! چونكه ئه‌وه ئیشی هیچ تاكه‌كه‌سێك نییه، ئیشی ئێمه گۆڕینی خۆمانه پێش ئه‌وه‌ی بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه ئه‌وانیتر بگۆڕین. ئیتر چۆن به‌چه‌ند دێڕێك جیهان ده‌گۆڕین ئه‌گه‌ر نووسه‌ری وتارمان هه‌بێت شتێك ده‌ڵێت وجۆرێك بیرده‌كاته‌وه و شتێكی ته‌واو جیاواز ده‌نووسێت.
«رۆجه‌ر ئێبێرت»ی ئه‌مریكی «1942-2013» كه له رۆژنامه‌ی «شیكاگۆ سه‌ن تایمز» وتارێكی هه‌فتانه‌ی له‌باره‌ی ره‌خنه‌ی سینه‌ماییه‌وه هه‌بوو، به‌هۆی شێرپه‌نجه‌ی غوده‌ی ده‌ره‌قییه‌وه تووشی كه‌ڕی ده‌بێت و 2006 به‌شێكیش له چه‌ناگه‌ی لاده‌برێت، به هزری ده‌گاته جێگه‌یه‌ك كه زۆر كه‌س به ئاسانی نایگاتێ. هه‌تا ئه‌و رۆژه‌ی كۆچی دوایی كرد وازی له نووسین نه‌هێنا، تێگه‌یشتبوو له‌وه‌ی بۆ نووسینی وتارێك پێویستیی به چه‌ناگه وگوێچكه‌ی نییه، به‌ڵكو پێویستی به چاو و ئه‌قڵ و گه‌نجینه‌كه‌ی ناو مێشكی وده‌ستوپه‌نجه‌كانێتی.
دواجار ئه‌وه‌ی له نووسین وازت پێده‌هێنێت نه‌خۆشی و په‌ككه‌وته‌یی جه‌سته‌یی نییه. به‌ڵكو مایه‌پووچبوونی ئه‌قڵی، ده‌روونی و مۆراڵه، مایه‌پوچبوونی رۆشنبیری و نه‌به‌زاندنی ئه‌و سنووره باوانه‌ی كه پێمان گوتراوه نابێت بیانبه‌زێنین، نه‌گوتنی نه‌گوتراوه‌كانه، ده‌ستنه‌بردن بۆ تابوه‌كان و ئه‌پده‌یتكردنه‌وه‌ی لایه‌نی مه‌عریفیمان.
ئه‌مه دوا وتاری گۆشه‌ی په‌شمه‌كه، هیوادارم ئه‌گه‌ر له‌ناو یه‌ك رسته‌شدا بووبێت توانیبێتم شتێك بڵێم لانیكه‌می سوودی بۆ خوێنه‌رێك هه‌بووبێت.