رۆژنامه‌ی فاینانشەڵ تایمز ئاشكرایكرد، ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵ رژێمی به‌شار ئه‌سه‌ددا، وانه‌یه‌كه بۆ به‌رپرسانی هه‌ندێ وڵاتی عه‌ره‌بی، له‌وه‌ی پێشنیازی ناوخۆییان نه‌خستۆته‌ڕوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی بارودۆخی ئاڵۆزی وڵاته‌كانیان و هه‌روه‌ها هۆكاری سه‌ره‌كیش بوون بۆ ئاڵۆزكردنی قه‌یرانه‌كان و گه‌یشتنی سوریا به بارودۆخی ئێستای و شه‌ڕ و كوشتاری خوێناویی له سودان.
زۆرێك لەلایه‌نەکان چاویان له ده‌ره‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی عه‌ممانی پایته‌ختی ئو‌رد‌ن بوو كه له‌م دواییه‌دا به‌ڕێوه‌چوو، چاوه‌ڕوانی كاریگه‌ریی كۆبوونه‌وه‌كه بوون، بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی واقعیانه بۆ قه‌یرانی سوریا کە ئاخۆتا چ ئاستێك دیمه‌شق له گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو كۆمه‌ڵه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی نزیك ده‌كاته‌وه.
به پێی ئاژانسی هه‌واڵی بەترا-ی ئوردنی، ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه ئیجابی بووه، ئه‌یمه‌ن سه‌فه‌دی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئو‌رد‌نیش، ئه‌و ده‌ره‌نجامه باشه‌ی به وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی عه‌ره‌ب و توركیا و نێرده نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش له سوریا راگه‌یاندووه، دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی «سوریا و ئو‌رد‌ن و سعودیه و عیراق و میسر له عه‌ممان» بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی سوریا.
ره‌نگه كۆبوونه‌وه‌كه‌ش، ده‌ستوه‌ردانی خراپی هه‌ندێ وڵاتی ناوچه‌كه له سوریا كه‌متر بكاته‌وه و رێگه خۆش بكات، بۆ ره‌وانه‌كردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ گه‌لی سوریا و چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی په‌نابه‌ر و ئاواره و ونبووه‌كان، ئه‌مه چ جای هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری سیاسیی ته‌واو بۆ قه‌یرانی سوریا، به‌پێی بنه‌مای «هه‌نگاو به‌رامبه‌ر به هه‌نگاو» كه گیر بیترسۆنی نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پێشنیازی كردووه، دوای بێ هیوابوون له‌گه‌یشتنی وه‌فدی رژێمی ئه‌سه‌د و ئۆپۆزسیۆنی عه‌ره‌بی به ده‌ره‌نجامێكی ئه‌تۆ، كه له‌گه‌ڵ بڕیاری ژماره 2254 دا بگونجێت، كه تایبه‌ته به ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات له سوریادا:
كۆبوونه‌وه‌ی عه‌ممان تیشكی خستبووه سه‌ر سێ خاڵ كه ئه‌مانه‌ن:
*چه‌سپاندنی چاره‌سه‌ری سیاسی و رۆڵی له فه‌راهه‌مكردنی بارودۆخێكی گونجاو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی په‌نابه‌ران بۆ ناوچه‌كانی خۆیان.
*ده‌رچوونی سه‌رجه‌م هێزه بیانییه ناشه‌رعییه‌كان له خاكی سوریا.
*روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی تیرۆر به‌هه‌موو جۆر و رێكخراوه‌كانی و بنبڕكردنی رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان له سوریا.
كه‌شه ئیجابییه‌كه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی عه‌ممان، ده‌بێت باشبوونی بارودۆخی ناوخۆیی به‌دوادابێت، ئه‌ویش ئیداره‌ی خۆسه‌ری (نوێنه‌رایه‌تی یه‌ك له‌سه‌ر سێی جوگرافیای سوریا ده‌كات له رووی رووبه‌ر و دانیشتوانه‌وه) به پێشنیازێك خستۆتییه‌ڕوو، به‌كرداریش كاری له‌سه‌ر ئه‌و سێ خاڵه‌ی سه‌ره‌وه كردووه كه باسمان كرد، وه‌كو روبەڕوبوونه‌وه‌ی رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان و له‌سه‌رویانه‌وه داعش، هه‌روه‌ها داوای چاره‌سه‌ری سیاسیی له رێگه‌ی دیالۆگی سوری-سوری.
له كۆتاییشدا خودی ئیداره‌ی خۆسه‌ری، سه‌رجه‌م ده‌رگاكانی له سه‌ره‌تاوه به‌ڕووی په‌نابه‌ران و ئاواره‌كانی ناوچه‌كانی تریی سوریادا كردۆته‌وه، تا ئێستاش جێی كردوونه‌ته‌وه و ده‌یانپارێزێت، ئه‌مه چ جای ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی نوێی خستۆته‌ڕوو بۆ پێشوازیكردن له هه‌موو ئه‌و ئاوارانه‌ی سوریا كه حكومه‌تی لوبنان ده‌یه‌وێت له‌خاكی ئه‌و وڵاته ده‌ریان بكات، ئیداره‌ی خۆسه‌ری ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه ناوچه‌كانیان به‌ڕووی هه‌موو هاووڵاتیانی سوریادا به‌بێ جیاوازی كرایه‌وه.
و: گۆران