وردتر

پەرۆشیی هەرێم بۆ هەڵبژاردن لە توركیا

09:55 - 2023-05-16
لەشکر حەمە ساڵح
339 خوێندراوەتەوە

ئەمە یەكەمین جار نییە كە هەڵبژاردنی توركیا مشتومڕی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و تەنانەت ئایینی لە كوردستاندا دەهێنێتە كایەوە. بەشێكی ئەو مشتومڕە پەیوەستە بە هەژموونی توركیاوە لەسەر وڵاتانی ناوچەكە؛ كە ئەوەیان شتێكی رەوایە، بەشێكی تریشی پەیوەستە كاریگەریی ئایینی و زاڵكردنی بەسەر كاریگەریی نەتەوەیی و نیشتمانیی كوردستاندا؛ كە ئەوەیان جێگەی تێڕامان و هەڵوەستەكردنە!
لە راستیدا، ئەو مشتومڕەی لە كوردستان لەبارەی هەڵبژاردن لە توركیا چەند جارێكە دێتە ئاراوە، مشتومڕێكی پرسێكی ناوخۆیی كوردستانە و بێ سوود و بێ كاریگەرە لەسەر توركیا و بۆچوونی كوردەكانی ئەو وڵاتە بەوەی دەنگ بەكێ بدەن و دەنگ بەكێ نەدەن! بەڵام بەڕاستی خەریكە رادەی پەیوەست بوونی هەندێك كەس و لایەن بە بۆچوونە توند و شێلگیرانەكانیان لەبارەی توركیا، دروست لایەن و كەسایەتییەكی دیاریكراوی ئەو وڵاتە؛ دەبێتە مایەی سەرنج و تێڕامان! چی وا دەكات هاووڵاتییەكی سادە لە كوردستانی عیراق، ئەوەندە پەیوەست و توند بێت بە چارەنووسی لایەن یان كەسێكی دیاریكراوەوە لە توركیا، بەوەی لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە یاخود دەچێتە لاپەڕەكانی مێژووەوە!
چەند رۆژی بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی لە توركیا، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە كوردستانی عیراق بوو بووە سەكۆیەكی گونجاو بۆ دەربڕینی مشتومڕ و رای جیاوازی خەڵك و لایەن و گرووپەكان لەبارەی ئەو هەڵبژاردنەی لە توركیا بەڕێوەچوو. هەندێك لە روانگەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانیی كوردستانیانەوە روون و رەوان پشتیوانی خۆیان بۆ گۆڕانكارییەكی چاوەڕوانكراو لە توركیا دەردەبڕی؛ هەندێكی تریش، لە روانگەیەكی ئایینی و تەنانەت مەزهەبی و تائیفیشەوە، بۆچوون و هەندێك جار هیوا و ئومێدی خۆیان دەردەبڕی بە مانەوەی دۆخەكە وەك خۆی ... تەنانەت هەندێك هیواخواز بوون، لایەن و كەسایەتی دەسەڵاتدار لە توركیا، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەماندا هەژموونی زیاتر دەستەبەر بكات وەك ئەوەی شتێكی لەو جۆرە بە سوود و قازانج بەسەر كوردستان و خەڵكەكەیدا بشكێتەوە و خەڵكی ئەم هەرێمە هەر ئەوەندەی كەم بێت كە دۆستە ئاینییەكەیان دەسەڵاتی زیاتری چنگ بكەوێت.
ئەوەشی زیاتر مایەی سەرسوڕمان و هەروەها مەترسیشە، هەندێك كەس و لایەن، تەنانەت دەزگای میدیایی هەرێمیش، لە چەند و هەفتەی رابردوودا هەڵبژاردنەكانی توركیایان وەك مەسەلەیەكی ئایینی دەبینی نەك پرسێكی سیاسی و دیموكراسی. چارەنووسی پارت و بەرە و كەسایەتییەكی توركیایان بە سەركەوتن و بردنەوەی ئایین و مەزهەبەكەیان دەبینی، ناڕاستەوخۆ كەوتبوونە ژێر كاریگەریی لێدوانی كاندیدێكی سەرۆكایەتی توركیاوە كە بۆ رەواجی ناوخۆیی و وروژاندنی دەمار و هەستی ئایینی وتبووی، ئێمە رێگەكەمان لە لایەن خوداوە بۆ دیاریكراوە، هەر ئەویش گرەنتی سەركەوتن و بردنەوەمان بۆ مسۆگەر دەكات!
كەوتنە ژێر كاریگەریی لایەن و هەژموونی ئایینیی پەیوەست بە هەڵبژاردنەكانی توركیا پاساوێكی گونجاو نییە، دەكرا بەشێكی ئەو خەڵكە بیانوویەكی تریان بدۆزیایەتەوە؛ هەرنا بیانوتایە ... ئابووریی هەرێم تا رادەیەكی زۆر پەیوەستە بە ئابووریی توركیا و مانەوەی دۆخی ئەو وڵاتە وەك خۆی!

وتارەکانی نوسەر