خۆشەویستی سمبولی خێزانە

09:59 - 2023-05-17
چنار عەزیز
410 خوێندراوەتەوە

ئامانجی پەروەردەی خێزان ئەوەیە منداڵ بۆ ژیانی گشتی ئامادە بکات، ئەمەش لە رێگای پەروەردەیەکی باشی خێزانییەوە دەبێت. کەواتە چەقی پەروەردە خێزانە، چونکە خێزان بەرپرسی یەکەمی ژیان و کەسایەتی منداڵە و پەروەردەی خێزانیش بەردەوامە لەگەڵ رێڕەوی ژیان، واتا لە کات و تەمەنێکی دیاریکراودا دەست پێناکات و کۆتایی نایەت. کەواتە خێزان واتا دایک و باوک هەرچی لە توانایاندا هەبێت دەیکەن بۆ ئەوەی کەسێکی بیرکەرەوە و متمانه بەخۆبوو لەناو کۆمەڵگەدا دروست بکەن.
کەواتە خەمی خێزان ئەوەیە، خەمی برەودان بێت بە کەسێتییەکی رۆشنبیر و بیرکەرەوە.
منداڵ لای رۆسۆ بیرفراوانە، فێرخوازێکی ئامادە و بە پەرۆشە، رۆسۆ سەرنجی دابوو منداڵ لە ئەزموونەوە فێردەبێت نەک بەوەی راستییەکانی بە زۆر پێبدرێت، منداڵان زانای بچووکن، بە ئەزموون فێردەبن لە هەوڵدان و هەڵەکردن لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ دنیادا فێردەبن، ئەو مێشکە کراوە و وەرگرەی منداڵان بە تایبەتی لواوە بۆ فێربوون لە ئەزموونەوە، بەزۆری مێشکی گەورەکان ئاوا نییە. لە کاتێکدا مێشکی گەورە بە رەقی شێوەی گرتووه و نایەوێ بگۆڕێت. 
سیفاتی بیرکردنەوەی منداڵ شلییە، بیرکردنەوەی منداڵ دەق بەو ئەزموونانەوە دەگرێت کە رووبەڕوویان دەبێتەوە. لەبەرئەوە پەروەردەی خێزان بۆ منداڵ ئەزموونە واتا چۆن فێر بکرێت، چی ببینێت، سەرکەوتن یان شکست ببینێت لەناو خێزاندا، روخۆشی و دڵتەنگی پەیڕەو بکرێت لەناو خێزاندا، ئەمە لە مێشکیدا دەچەسپێت و لە گەورەبوونیدا لە ژیانیدا لەگەڵ دەوروبەر و هاوڕێکانیدا پەیڕەوی دەکات.
منداڵ جەوهەری پەروەردەیە، شوێنی منداڵ لە دەروونی  پەروەردە دایە بەبێ خۆشەویستی و رێز بۆ منداڵ، نە هێزی جەستەیی، نە هێزی بیرکردنەوە پێناگەن، چونکە پەروەردە پڕۆسەی گەشەپێدانی بیرکردنەوە و کەسایەتی منداڵە نەک تەنیا گواستنەوەی پەروەردە بۆ منداڵ.
پەروەردە لە پەیوەندییەکی بەهێزی خێزانیدا گەورە دەبێت، لەو پەیوەندییەشدا خۆشەویستی و رێز باڵا دەست دەبێت.
واتا رێز و خۆشەویستی ناکەوێتە دەرەوەی خێزان، چونکە رێز و خۆشەویستی خێزانە کە کەسایەتی و هێزی دەروونی و زیرەکی  تاک بینا دەکات، کەواتە خۆشەویستی سمبولێکی ئەبەدی خێزانە.

وتارەکانی نوسەر