پیری لە روانگە و باوەڕدا

12:09 - 2023-05-18
مەحمود شێرزاد
519 خوێندراوەتەوە

 پاراماهانسا یۆگاناندا دەڵێ: (گوێ بەو قسەیە مەدە یەکێک پێت دەڵێ تۆ ئیتر تەواو بووی، تۆ پیر بووی و لەکارکەوتووی، تۆ کۆتاییت پێهاتووە. تۆ بۆ دەبێ نائومێد بی؟ بۆ دەبێ خۆت رادەستی پیری و پەککەوتەیی بکەی؟ تۆ بۆ دەبێ باوەڕ بەو قسەیە بێنی کە دەڵێ پیر بووی و کاتی گۆڕان و گەشەکردنت بەسەرچووە. ئەم جۆرە باوەڕ و روانگانە رێگری ناخەکین، بەڵام من هەندێ کەسم بینیوە سەرەڕای ئەوەی بۆیان گرنگ بێ تووشی چی دەبن یان نا، لێورێژبوون لە گەشبینی و بە تەواوی توانایانەوە لە پێناو خەونەکانیاندا هەوڵیان داوە. ئەمە تاکە رێگەی دروستی ژیانە، دەبێ هەمووان وا بین.)
هەموو ئەوانەی لەم سەردەمەشدا نهێنی سەرکەوتنی خۆیان باس دەکەن یان لەبارەی سەرکەوتن و شێوازەکانی سەرکەوتنەوە لێکۆڵینەوەیان کردووە، روانگە و بیروباوەڕ و هەستەکان بە خاڵی سەرەکی دەزانن، بۆ؟ لەبەر ئەوەی روانگە و بیروباوەڕی ئێمە وزە و شەپۆل و لەرەن و رۆژێ دەبن بە راستی، واتە ئێمە لە رێگەی روانگە و بیروباوەڕەوە لە ئاستی کوانتۆمی یان لە رەهەندی ئاگایی و وزە و کوانتۆمیدا شتەکە دروست دەکەین و پاشان ئەو شتە لە دنیای ماددیدا دەردەکەوێ.
پیرەژنێکم دەناسی
یۆگاناندا لە درێژەدا دەڵێ: «پیرەژنێکم دەناسی هاوسەری ئەندام پەرلمانێک بوو، بە بەردەوامی جوڵە و چالاکی و هیوا و ئومێدی لێ دەباری، هەموو رۆژێ وەرزشی دەکرد، دەچوو بە کۆرسی سەما و لە کۆمەڵێک پرۆژەی قازانج نەویست و بەسووددا چالاک بوو. ئەو لەسەر ئەو باوەڕە بوو پیربوون بە هیچ شێوەیەک بە مانای لەدەستدانی حەز و ئارەزوو نیە و بەو مانایە نییە دابنیشی و چاوەڕێی مردن بکەی. هەر کاتێک دەمبینی خۆشی و شادی و وزەی ئەرێنی لێدەچۆڕا، زۆرم بە دڵ بوو، هەمیشە هانم دەدا و ئافەرینم پێدەگوت.)
زۆربەی کەسەکان پێش پیربوون پیر دەبن، تەنیا لەبەر ئەوەی تەمەنیان هەندێ هەڵکشاوە پێیانوایە پیربوون و هەستی پیربوونیان لە هەست و نەستیاندا پەروەردە کردووە، بێ خەبەرن لەوەی کە هەر ئەمە پیریان دەکا. مرۆڤ پێویست ناکا بیر لە پیربوون بکاتەوە، خۆتان ئەوەندە بیر لە تەمەنی خۆتان مەکەنەوە، یان لانیکەم روانگەتان لەبارەی تەمەن و تەمەنی خۆتانەوە بگۆڕن. هەمیشە هەست بە گەنجبوون بکەن و ئەو هەستە لە خۆتاندا بە تازەیی بهێڵنەوە، ئەوە ئەو روانگە و هەستەیە ئێوە بە گەنجی دەهێڵێتەوە، بەمشێوەیە هەمیشە پڕ دەبن لە هیوا و ئومێد، هەمیشە لێوڕێژ دەبن لە گەشبینی، جا لێرەوەیە ئەو هیوا و ئومێد و گەشبینییە لە جەستەتاندا، لە کار و چالاکیی و حەز و ئارەزووەکانتاندا رەنگ دەداتەوە. هەموومان پیری زۆرمان دیون گەنج بوون و گەنجی زۆرمان دیون پیر بوون، پیربوون یان گەنجبوون روانگە و باوەڕن، جەستە و تەمەن نین! ئەوانەی پێیان وایە پیرن هەمیشە بێ هیوا و ئومێدن، هیچ هەوڵێک نادەن، هەمیشە بێ وزە و بێ تاقەتن، بێ خەون و خولیان، قورس و بێ تاقەتن، رەشبین و بە پرتە و بۆڵەن و...هتد. بەڵام ئەوانەی روانگە و باوەڕیان گەنج و گەنجانەیە، هەمیشە هیوا و ئومێدیان هەیە، قەت ناوەستن، بەبەردەوامی وزەیان هەیە و شاد و بەکەیفن، پڕن لە خەون و خولیا، لەشیان سووکەڵە و ساغە، چالاکن، گەشبین و سوپاسگوزارن و...هتد.
تەمەن دەور نابینێ
پێتان وابێ یان نا، تەنیا روانگە و باوەڕی خۆتان لە پەیوەندی لەگەڵ ژیان و بارودۆخی خۆتاندا دەور دەبینێ نەک روانگەکانی خەڵک لەبارەی ئێوەوە و یان هەر شتێکی تر، مەگەر ئەو کاتەی ئێوە باوەڕ بە روانگەی نەرێنی خەڵک بێنن لەبارەی خۆتانەوە یان باوەڕ بە شتێکی تر بێنن کە ئەو ژیانی ئێوە دروست دەکا، دەنا روانگە و باوەڕی ئەوان و ئەو شتانە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئێوە نابێ.
یۆگاناندا دەڵێ: « ئەو کاتەی دەڵێی من هەوڵی خۆم دا، بەڵام سەرکەوتوو نەبووم، کارت تەواوە».  قسەکەی زۆر تەواوە، هەندێ کەس پێیانوایە ئەگەر لە پێش سی ساڵییەوە نەتوانن سەرکەوتوو بن ئەوە ئیتر سەرکەوتوو نابن، ئەوە راست نییە! ئێمە هەر کاتێک بمانەوێ و پێمان وابێ  سەرکەوتوو دەبین و روانگە و باوەڕمان دروست بێ، تەمەنمان هەر چەندێک بێ و خەڵکی هەر شوێنێک بین سەرکەوتوو دەبین، کەواتە تەمەن دەور نابینێ، بەڵکو روانگە و باوەڕ دەور دەبینن. کەواتە بزانە روانگە و باوەڕەکانت چین.   

وتارەکانی نوسەر