خەرامان

دەنگ و رەنگ

11:12 - 2023-05-21
ستران عەبدوڵڵا
223 خوێندراوەتەوە

-22-

وێنەکە هەر چرکەیەکی مێژووە و هەموو شتێکی لە جێی خۆی راگرتووە. یادی کوردستان و شۆڕشەکەیەتی کە جوانی ئەم نیشتمانە دەهێنێت قوربانی بۆ بکەیت تەنانەت ئەگەر سەروەت و سامانیشی نەبێت. مەمالیک زۆرن لە دونیا نەوت و گاز، سامان و داهاتیان هەیە، بەڵام دیمەنی بیابان و رەنگ و بۆی وەحشەتناکە.  کێ دەتوانێت هەقی ئەم گرتەیە بدا ئەگەر هاژەی روبار و جریوە و قریوەی باڵندە و تەیر وتوری نەهێنێتە گۆ. وێنە چۆن دەکارێت شاخ و داخ، زامدار و ساغی ئەم سوپای رزگارییە و ئەم جوڵە و بزاوتەیان بەرجەستە بکات کە بۆنی بۆنخۆش نا پرژێنێت و پەخش و پەرێشانی ناکات. رەنگ و رازاوەیی شنە و گەشانەوەی گەڵا و گوڵ ناهێنێتە قسە. دارو درەخت ئەگەر زمانی هەبێت یان کۆدی زمانی ئاخاوتنی بۆ بنیادەم ئاسان بێت شەرحی دەکرد ئەم رێبوارانە وا نەهاتوون راگوزەر بن و را گوێزەر بن، وا نەهاتوون دەستبەرداری خاک و خەڵک، خۆر و خۆڵ، رێ و زرێباری ئەم ئاوەدانییە بن. بەڵکو واهاتوون خاوەنی بن و خاوەندارێتیی لێبکەن. وا هاتوون تا سەر بمێننەوە و تاپۆی کوردستانیی لە کوردستان بدەن و ناوێکی لێبنێن کە لەگەڵ حەڵاڵ و زوڵالی مێژووەکەی بگونجێت و لەگەڵ رەوایی و رەوانیی جوگرافیاکەی وێکبێتەوە. سەیری هارمۆنیی روخسار و رەنگ، گەنم رەنگی و نەرم دەنگی ئەم پۆلە ئازادیخوازە بکەن و لەگەڵ دزێوی سوپای ئیحتلال و زەیتونی سەربازی و ئەستێرەی سەرشانی بێ شەوکەتان بکەن،  ئاسمان و رێسمانی فەرقە. ئەم تابلۆیە چەند گونجاو و چەند خۆشناو و خۆش ناوەڕۆکە؟

وتارەکانی نوسەر