خەرامان

زنجیر و تەگبیر

11:15 - 2023-05-21
ستران عەبدوڵڵا
333 خوێندراوەتەوە

-23-
قانع ناوی نا قوتابخانە و گۆران هەڵبەستی دیلی بۆ وت و شۆڕشی نوێش بنمێچی نەعرەتەی بردە ئاسمان.
وایە کە زیندانەکان مەیدانێکی تری خەبات بوون، دیوارەکان بە مەرەکەب و بە خوێن و هەڵکۆڵین شت دەگێڕنەوە. تیری دڵی ئاخ بۆ کوردستان، بژی و بڕوخێت و کەم بژی و کەڵ بژی، یان کوردستان یان نەمان و کرێکارێکی هەژاری کوردم و .. هتد، ئەمانە دەفتەری یادەوەرین لەسەر دیوار و لە پەنا تەعزیب و تەهوین، کێبڵ و کارەبای جەللادەکانی هەیئە و مەنزومە و ئەبو غریبدا. بەس هەر وەک چیرۆکی دەماودەم و راستی تاڵی پەنگخواردوو و بەرجەستەنەکراو مانەوە، نامەی چوکلێتی و راسپاردەی ناواخنی  خواردن و کولیچە و ناو فەقیانە و کەوای رەش و ژێر کەوش و پێڵاو و ناو گۆرەوەی هەندێکی گواستەوە و پەڵەخوێنی ژووری سێدارە و راکێشی ژووری شێداری تەحقیق هەندێکی تریان کردە میمۆری قوژبنی یادەوەری و دەستچنی زیندانییەکان بۆ یار و یاوەر و کەسوکاریش فەسڵێکی تری رۆمانی قارەمانێتیان گێڕایەوە. لێ پەنهان و ئەفسانەی خێوی زیندان و هاواری کپکراو هەروا بە پچڕ پچڕی مانەوە هەتا دیوانی شەهید مەلا عەلی زۆر و زۆری بەرجەستەکردەوە. کۆداک فەوری نەیتوانی بیلاوێنێتەوە و بینوێنێت وێنەی ئاوێنە، فەقەت شیعری برا دوور و ماندووم و هاتەوە یادم شەوێکی قەندیل، وەک ئاگر کڵپەی سەند و دیواری بێدەنگی زیندانی کون کرد.
بەم هەموو شیعر و شیعارەوە، بەم هەموو دیوان و مواجەهەی سجن و تابوتی شەهید و شایەتەوە هێشتا زۆر گۆشەی ئەم تێکۆشانە بە هەقی خۆی لە نەمری و نەبەزی و نەبەردی نەگەیشتووە. سەد کاروانی بێکۆتایی و هەزار لاپەڕەی ئەو رۆژانەی ئەمڕۆیان دروستکرد و ئەلبومی نامەکان  ماون رەشنووسیان بکەونە بەرچاو و بچنە چاپخانە و چایخانەی گێڕانەوەی بەیتی ئازایەتی زیندان. ئەم دەفتەر و ئەم ئەلبوومە چۆڵ و بەتاڵ و حەتاڵە هیمەتی فەرهادانەی هەڵکۆڵینی بێستونی بیرئانینی پێویستە.

وتارەکانی نوسەر