لە رۆژئاڤاوە

وڵاتانی عەرەبی چی بە سوریا دەبەخشن؟

09:53 - 2023-05-22
فەتحوڵڵا حوسێنی
265 خوێندراوەتەوە

دوای 11 ساڵ لە غیابی سوریا، وەزیرانی دەرەوەی عەرەب لە كۆبوونەوەی قاهیرەدا، بڕیاریاندا سوریا بگەڕێتەوە بۆ جامیعەی عەرەبی و وەفدەكانی حكومەتی دیمەشق بەشداری لە دانیشتنەكانیدا بكاتەوە.
رەنگە بڕیاری گێڕانەوەی سوریا، دوای چەند هەنگاوێكی كرداری و كارا بووبێت بۆ چارسەركردنی قەیرانی ئەو وڵاتە، بەجۆرێك كە لەگەڵ بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە (2254)دا بگونجێت، هەروەها بۆئەوەی عەرەب رۆڵ بگێڕێت لە چارەسەرکردنی دەرهاویشتەكانی قەیرانەكە، لەڕووی مرۆیی و ئەمنی و سیاسییەوە و یارمەتیدانی سوریا لە روبەڕوبوونەوەی تەحەداكانی قۆناغەكە، دوای ساڵانێك لە جەنگ و دەستوەردانی هەرێمی لە كاروباری ناوخۆیی سوریا.
رۆژنامەی ۆل ستریت جۆرناڵی ئەمریكایی، رێكەوتنی عەرەبی بۆ گێڕانەوەی سوریا بۆ رێکخراوەکەیان، دوای دەیەیەك لە پەراوێزخستن، بە بەڵگەی كەمبوونەوەی هەژموونی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەسف دەكات، ئاماژە بەوەش دەكات، بڕیاری وەرگرتنەوەی سوریا لە جامیعەی عەرەبی، رەتكردنەوەی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكایە لە ناوچەكە و وادیارە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، سیاسەتی سەربەخۆی دوور لە ترس لە خۆرئاوایان گرتۆتەبەر، بەڵام ئەوە بۆ سوریای دابەشبوو دیار نییە، چونكە لەو وڵاتەدا چەند پڕۆژەیەكی سیاسیی هەیە، كە واشنتۆن پاڵپشتی دەكات و جامیعەی عەرەبی رازی بێـت پێی یان نا، پێویستە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەوێ لەبەرچاو بگیرێت.
رەنگە هەندێك گێڕانەوەی دیمەشق بۆ نێو ئامێزی عەرەبی و دەركردنی لەو پەراوێزخستنە بە سەركەوتنی دیپلۆماسی بۆ ئەسەد وەسف بكەن،  كە واشنتۆن رەخنەی لەو هەنگاوە گرتووە و دیمەشقی بەوە وەسفكردووە كە شایەنی ئەوە نییە، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە كە واشنتۆن تا ئێستاش گومانی لە نیازەكانی ئەسەدە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی ئەو وڵاتە بە شێوەی سیاسیی، بە هۆی نەبوونی هیچ پێشنیازێكی پێشتری ئەسەد و دیمەشق لەو رووەوە. ئەوەش جێی ناڕەزایی كۆمەڵی نێودەوڵەتییە، كە پێیوایە، دەبێت سوریا سەرەتا چارەسەری ناوخۆیی تێیدا بكرێت.
پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە، جامیعەی عەرەبی چی بە دیمەشق دەبەخشێت؟
وڵاتانی عەرەبی بایكۆتی دیمەشقیان كرد، لەبەر خۆلادانی لە پێشكەشكردنی هیچ چارەسەرێك بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی تایفی لەو وڵاتە و لە بری ئەوە پشتی بە مۆسكۆ بەست و پەرەی زیاتری بە جەنگی ناوخۆ دا، دەركەوتنی ئۆپۆزسیۆنێكی عەرەبیش كە كاری بۆ ئەجێنداكانی توركیا كرد لەو وڵاتە، شۆڕشی سوریای لە شێوازی ئاشتییەوە گۆڕی بۆ چەكداری و چەك بوو بە داوەر لەنێوان لایەنە ركابەرەكاندا، دیمەشق و گروپە چەكدارەكانی سەربە ئەنقەرە، كە هەردوولا شەڕیان لە پێناوی دەسەڵاتدایە، نەك ئازادی و كەرامەت بۆ گەلی سوریا.
جامیعەی عەرەبیش داری ئەفسوناوی پێ نییە بۆ دیمەشق، چارەسەری خێرای كێشەكان بكات، هەرچەندە ئەوەی دەیكات خراپ نییە و لەوەش باشترە دیمەشق خۆی بهاوێتە ئامێزی ئەنقەرەوە، كە رۆڵی سەرەكی گێڕاوە لە ئاڵۆزكردنی قەیرانی سوریا و بەردەوام بوونی ئەو ئاڵۆزییە.

و: گۆران

وتارەکانی نوسەر