زووم

پاچینکۆ

10:51 - 2023-05-22
رۆزا دڵشاد مەریوانی
316 خوێندراوەتەوە

یەکێک لە ئەستێرەکانی کۆریای باشوور کە خاوەن ناوبانگێکی زۆرە و رەنگە هەندێکمان لە رێی ئەو درامایانەی دۆبلاژی کوردی یان عەرەبی کراون بیناسین، ئەویش ئەکتەری کۆری «لی مین هو» ە ئەم ئەکتەرە جگە لەوەی خاوەن روخسارێکی جوان و سەرنجڕاکێشە ئەکتەرێکی بەتوانایە و چەندین زنجیرە دراما و فیلمی سەرکەوتووی هەیە، ئەستێرەی ئەم هونەرمەندە گەشایەوە کاتێک لە درامای Boys Over FLOWERS  واتا کوڕان لەسەر گوڵ-ی ساڵی 2009 دا دەرکەوت. تێیدا رۆڵی گەنجێکی دەوڵەمەند و لووتبەرزی قوتابخانەیەکی تایبەتی دەگێڕا، بۆیە زۆرجار رەخنەی لێدەگیرێت بەوەی زیاتر ئەو رۆڵانە دەگێڕێت و تانەی ئەوەی لێدەدەن خۆی دووبارە دەکاتەوە، ئەگەر ئەو قسەیە تا رادەیەکیش راست بێت، بەڵام ئەوە ئەو راستییە ناشارێتەوە ئەکتەرێکی بەتوانایە و دەتوانێت سەرنجی بینەر رابکێشێت، من بۆخۆم چەند کارێکی ئەم ئەستێرەیەم بینیوە دوا زنجیرە دراماشی لەم ماوەیەدا تەماشام کرد ئەویش درامای پاچینکۆ-ی 2022ە لێرەدا لی مین هو بەشداری پاڵەوانێتی کردووە و رۆڵی کەسایەتییەکی تا راددەیەک خراپ دەگێڕێت، بەڵام جوانی ئەم درامایە لەوەدایە یەکێک لە پاڵەوانە سەرەکییەکان ژنێکی بەتەمەنە، هاوکات زیاتر لە فیلمێکی دۆکیومێنتاری دەچێت و پشتی بە رۆمانی نووسەر «مین جین لی» بەستووە کە باس لە چوار نەوە دەکات لە ساڵی 1910ەوە کە سەردەمی داگیرکاری ژاپۆنە بۆ کۆریا تا ساڵی 1989، دراماکە بە پشت بەستن بەو رۆمانە کۆمەڵێک رووداوی مێژوویی پێشکەش دەکات بریتییە لە زوڵم و زۆری داگیرکاریی ژاپۆنیی بۆ کۆریا، هەروەها ئەو رەگەز پەرستییەی بەرامبەر پەنابەرانی کۆریا لە ژاپۆن کراوە، دەرهێنەر بەشێوازێکی درامیی لێهاتوو زەمەن و کاراکتەرەکان تێکەڵ دەکات، لە گرتەیەکی ساڵی 1989 دا ژنێکی کۆری نایەوێت ئەرزەکەی بە کۆمپانیایەکی ئەمریکی-ژاپۆنی بفرۆشێت و دەڵێت «کاتێک باوک براکانمانیان هێنا بۆ کارکردن لە کانە خەڵوزەکان و پاشان ئێمەش هاتین کەس ئامادەنەبوو خانوومان بەکرێ بداتێ بێزیان لێمان دەهاتەوە و وەکو قالۆنچە تەماشایان دەکردین..» دراماکە کۆمەڵێک زانیاری مێژوویی دەخاتەڕوو من بۆخۆم پێشتر ئاگاداری نەبووم، بۆیە لە هەندێ گرتەدا تووشی شۆک دەبیت کاتێک دەزانیت ئەو ژاپۆنەی بە بەهەشت دێتە پێشچاو چ مێژوویەکی هەبووە، بەڵام دواجار لە کۆتایی دراماکەدا چەند چاوپێکەوتنی راستەقینەی تێدایە لەگەڵ کۆمەڵێک ژنی کۆری دوای ئەوەی چوار نەوەیە لە ژاپۆن دەژین باس لەو نەهامەتی و برسێتییە دەکەن کە بینیویانە، بەڵام ئێستا هەموو ئەوێیان پێ باشترە و تازە ئەوێ وڵاتی ئەوانە، چونکە نەوەکانیان لەوێ لەدایکبوون و گەورە بوون، وەکو لە دراماکەدا دەڵێت ژمارەی کۆرییەکان لە ژاپۆن ئەوەندە زۆربووە تا بوونەتە نەتەوەیەکی بێ وڵات.

وتارەکانی نوسەر