به گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ره‌تاكانی ناساندنی پێناسه‌ی ده‌وڵه‌ت به چەمکی یاسایی و سیاسی، له سه‌ره‌تای دروستبوونی ئه‌م قەوارە سیاسییه‌وه ده‌گەڕیته‌وه بۆ ناوە‌ڕاستی سه‌ده‌ی 16 و به تابیه‌تی دوای كۆنگره‌ی ویستڤالیا له ساڵی (1648) كه ئه‌مه وه‌كو پێشه‌كییه‌كی سیاسی به مانای ئه‌مڕۆ دێت، هه‌رچه‌نده به درێژایی مێژووی مرۆڤایه‌تی زۆر له شێوازه‌كانی میرنشین و شانشین و ئیمپراتۆرییه‌تەکان و چه‌ندین جۆری دیكه‌ی ده‌وڵه‌ت به‌خۆیه‌وه بینیووه، به‌ڵام تا ئه‌و مێژووەش ده‌وڵه‌ت به‌و چه‌مكه سیاسییه پێناسەی بۆ نه‌كراوه، بۆیه له‌دوای ئه‌و مێژووەوە بۆ یه‌كه‌مجار ده‌وڵه‌ت به فۆڕمی سیاسیی هاتۆته دونیای سیاسه‌ته‌وه و دواتر دروستبوونی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان (عصبه اڵ‌مم)ی له ساڵی 1945دا لێ پێکهاتووە كه ژماره‌ی ئه‌و وڵاتانە لەو کاتەدا له (40) وڵات تێنه‌ده‌په‌ڕی لە سەرتاسەری جیهاندا، به‌ڵام ئێستا ده‌بینین ژماره‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پێكده‌هێنن، (193) وڵاتن و دوو وڵاتیش وەک چاو‌دێر ئەندامن کە بریتین لە فەلەستین و ڤاتیکان.
گۆڕانی پێناسەی چەمکی دەوڵەت
ئێستا پێناسه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌چه‌ڵه‌ك نه‌ماوه، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌شبێت، ئەوا سیستمی سیاسی ئه‌و ده‌وڵه‌ته به سیستمێكی شۆڤێنی له قه‌ڵه‌م ده‌درێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌لانی پێشكه‌وتنخواز دوای سه‌دان ساڵ له ململانێ و خه‌باتی كۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تی و شۆڕشگێڕی و سیاسی توانیویانه ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه بهێنێته ئاراوه، دواتر چه‌ندین گۆڕانكاری و چاكسازی له سیستمی سیاسی و ده‌ستووریی ئەو وڵاتانەدا کراوە تا چه‌مكی ئینتیمای نیشتمانی دروست بكه‌ن، بەجۆرێک سه‌رجه‌م پێكهاته جیاوازە نەتەوەیی و ئایینی و كەلتورییە ئینتیمای نیشتمانیی خۆیان لە سنووری یەک نیشتماندا بهێننەدی له چوارچێوه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ده‌ستووریی و حكومڕانیدا بە پشتبه‌ستن به چه‌مكه‌كانی ئازادی و یه‌كسانی و دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری، بەجۆرێک ببێتە شوناسی قەوارە سیاسییەکە كه لە چوارچێوەی نه‌خشه‌یه‌كی جوگرافی و یاسایی و سیاسی‌دا ئه‌م پێکهاتە جیاجیایانە كۆده‌كاته‌وه.
سه‌ڕه‌رای دروستبوونی وڵاتانی گه‌وره و یه‌كگرتنی نێوان چەند وڵاتێک له دوای جه‌نگەکانی یەکەم و دووەمی جیهان لە شێوەی فیدراسیۆندا وەک (یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران و یۆگۆسلاڤیای جاران و یه‌كێتیی نێوان عیراق و میسر و سوریا) و ...هتد، به‌ڵام دواجار به‌هۆی لێكه‌وته و رووداوه گه‌وره‌كانی دواترەوە، زۆر له‌و وڵاته گه‌ورانه هه‌ڵوه‌شانەوە و بوون به وڵاتی سه‌ربه‌خۆ.
ئەگەرچی هەندێکیان دوای پەرەسەندنی شۆڕشی ته‌كنۆ‌لۆژیا و بەجیهانیبوون و سه‌رهه‌ڵدانی سیستمی ئابووری و سیاسی نوێی جیهانه، ئێستا ده‌وڵه‌ت له ئه‌ركه كلاسیكییه‌كانی خۆی تێپه‌ڕبووه و بووه به ئه‌ندام له كۆمه‌ڵی نیوده‌وڵه‌تیدا و رۆژانه جموجۆڵی ئابووری و سیاسیی هه‌میشه‌یی له‌ژێر كاریگه‌یی وڵاتانی زلهێزدا جێبەجێ دەکات.
یەکێتیی ئەوروپا و جامیعەی عەرەبی
بۆ سوودوه‌رگرتن له دنیابینیی ئابووری سیاسیی جیهان و به‌رنگاربوونه‌وه‌ی هه‌ر پێشهاتێك كه ببێته مه‌ترسی بۆ سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسیی وڵاتەکەیان، بۆیه ئێستا رووخسار و دیمه‌نه‌كانی ده‌وڵه‌ت له گۆڕانكاریی بەردەوامدان، سه‌ڕه‌رای بوونی هاوپه‌یمانیی ئابووری و سیاسیی به‌هێز له‌نێوان ژماره‌یه‌ك له وڵاتاندا وه‌ك یه‌كێتیی ئه‌وروپا و ناتۆ و جامیعەی عه‌ره‌بی و...هتد.
ئه‌م قەوارە سیاسییانە كه خاوه‌نی گه‌ل و خاك و ده‌سه‌ڵاتن، حكومڕانیی خۆیان ده‌كەن و ناکەونە ژێر هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی تره‌وه، به‌و مانایه‌ی ده‌بێت بۆ پاراستنی خۆی به‌رگریی له سه‌روه‌ریی خۆی بكات، به پێچه‌وانه‌شەوه سه‌روه‌ریی له‌ده‌ستده‌دات. بۆیه ئێستا جیهان بەو جۆرەی جاران ناڕواننه ده‌وڵه‌ت، چونكه ده‌وڵه‌تی مۆدیرن و شارستانی له سه‌روبه‌ندی له‌دایكبووندایه كه چه‌مكی ئابووری و ته‌كنۆ‌لۆژیا و شارستانی سیمای سه‌ره‌كییەتی، چونکە لەڕووی زانستی سیاسییه‌وه جاڕی ده‌وڵه‌ت له سه‌ركێشییه‌كی مه‌زن دەچێت ئەگەر هه‌لومه‌رجی خۆیی و بابه‌تی و فاكته‌رە ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییەکان و زه‌مینه‌یه‌كی گونجاوی بۆ ئامادە نەکرێت، لەبەرئەوەی جگه له روانگه‌ی فه‌لسه‌فی، قەوارەیەکی كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆیی و سیاسییه و خاوه‌نی چوارچێوه و سەنتەری یاسایی خۆیه‌تی و گەرەنتیی نێودەوڵەتی ئەو رێپێدانەی پێ دەبەخشێت، بۆیە دەبینین هه‌رێمی باشووری کوردستان سه‌ڕه‌رای ئه‌وه‌ی له ساڵی 1991دا رزگاركرا، به‌ڵام تا له ده‌ستووری هەمیشەیی عیراقدا نه‌چه‌سپێنرا، هیچ دانپێدانانێكی نه‌بوو به ناوی (دانپێدانانی نیوده‌وڵه‌تی)، به‌ڵام دوای ئه‌وه ئێستا هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی سەنتەری یاسایی و ده‌ستووری نێوده‌وڵه‌تییه وەک هەرێمێک لە چوارچێوەی عیراقی فیدراڵ‌دا. ئەگەرنا پێشتریش گەل و خاک و سەرخان و ژێرخانی ئابووریی هەبووە.
پلانی هەرێمی کوردستان چییە؟
ئێستا خۆشبه‌ختانه هه‌رێمی كوردستان لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە به گرنگیه‌وه سەیری پێگه ئابووری و سیاسیییەکەی دەکرێت، بۆیه پێویسته حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌سه‌ڵاتەکەی له‌م هه‌رێمه‌دا بەپلان و نه‌خشه‌ی ئابووری و سیاسیی مۆدێرن و سه‌رده‌میانه دابڕێژێتەوە بۆ چوونه ناو هاوكێشه ئابووری سیاسییه‌كانی جیهانەوە بەمەبەستی دابینكردنی خۆشگوزه‌رانی و ژیانێكی شایسته و چه‌سپاندنی فه‌لسه‌فه‌ی یاسایی و دیموكراسی و هێنانه‌دیی ئاشته‌وایی و دادپه‌وه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و رێزگرتن له ده‌نگ و ئیراده‌ی هاووڵاتیان لە هەموو پێکهاتەکان.
* شرۆڤەکار و یاساناس