‎مام و ئارامی له‌ عیراقدا

10:12 - 2023-10-09
هێڤار محەمەد عومەر*
282 خوێندراوەتەوە

‎به‌درێژایی مێژووی خه‌باتی بوێریی له‌ سه‌ره‌تای لاوێتییه‌وه، ‌هه‌تا ئەو ساتانەی پێی نایه‌ كۆشكی سه‌لام، وه‌كو یه‌كه‌م سه‌رۆك كۆماری عیراقی فیدڕاڵی هه‌ڵبژێراو، نه‌خشه‌ڕێی مام و دید‌ و سیاسه‌ته‌كانی بوون كه‌شتیی كوردستان و عیراقییه‌كانی گه‌یانده‌ كه‌ناری ئارام و به‌جۆرێك  رێگری ‌كرد له‌ ترازانی نیشتمان و و پارچه‌ پارچه‌ بوونی نه‌خشه‌ی سیاسی كوردستان و عیراق.
‎به‌لێ مام بوو كه‌ توانی سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌ كوردستان له‌ شاخ و دواتر له‌ پڕۆسە‌ی رزگاركردنی عیراق كۆبكاته‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌م هێزه‌ كوردستانییه‌كان و عیراقییه‌كان له‌ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ له‌ ژێر چه‌تری نیشتمانیی بۆ گه‌لانی عیراق به‌ كورد و عه‌ره‌ب و پێكهاته‌كانی تر و به‌ سه‌رجه‌م بیر و باوه‌ڕه ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌، چونكه‌ له‌ قووڵیی هێز و فكری مامدا، پێكه‌وەژیان و ئاشتی و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌روه‌ریی یاسا و دیموكراسی و ئازادیی و یه‌كسانی له‌ به‌ها و پرەنسیپه‌ نیشتمانییه‌ چه‌سپاوه‌كان بوو، هه‌ر بۆیه‌ مام له‌ كورسی سه‌رۆكایه‌تی گه‌وره‌تر بوو و له‌ كوردستانیش گه‌وره‌تر بوو ، له‌ نێو شانۆ راڕه‌وی ناوه‌ندكانی ئاماده‌كردنی بڕیاری سیاسی له‌سه‌ر ئاشتی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌ و جیهان، هه‌ر كات مام به‌خۆیی و گۆچانه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وت، نه‌خشه‌ سیاسیه‌كان ڕێڕه‌وه‌ سیاسیه‌كان به‌ ئاڕاسته‌یه‌كی تردا  داده‌ڕێژران كه‌ ئه‌ویش بێگومان به‌ ئاڕاسته‌ی زیاتر خزمه‌تكردنی خه‌ڵك و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك له‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ عیراق و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نیشتمانییه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتانی ئیقلیمی و وڵاته‌ زلهێزه‌كانی جیهان و ناوچه‌كه،‌ بەڕاستی مام ئه‌ندازیاری راسته‌قینه‌ی دروستكردن و گه‌ڕانه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسیه‌كانی گه‌لانی كوردستان و عیراق بوو له‌ ئاستی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ هه‌ر كاتێك وێرای گرژی و ئالۆزییه‌كان و ململانێ سیاسی و به‌ریه‌ككه‌وتنی هێزه‌ سیاسییه‌كان، چ له‌ رووی چه‌كدارییە‌وه‌ یان له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ و یان ئایین و مه‌زهه‌ب....ھتد مام ئاوی بە ئاگردا ده‌كرد و به‌ریه‌كه‌وتنەکانی کۆتایی پێدەھێنا، هه‌ر بۆیه‌ ئێستاش سه‌رجه‌م ناوچه‌كه‌ و جیهان، به‌ گه‌ڕانه‌وه بۆ سیاسه‌ته‌كانی ی.ن.ك  و رێبازی مام و شیكار و روئیای ی.ن.ك به ‌رابه‌رایه‌تی سه‌رۆك بافڵ جەلال تاڵه‌بانی به‌ گرنگییه‌كی زۆرەوە لێی‌ ده‌ڕوانن و چاوه‌ڕێی هه‌مان ده‌ستکه‌وته‌كانی سه‌رده‌می مامی لێده‌کەن.
‎ چه‌ند رۆژێكه كوردستان و عیراق به‌ به‌شداری ژماره‌یه‌كی زۆر‌ له‌ كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌ نیشتمانی و ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییەکان، بەشدارن له‌ یادكردنه‌وه‌ و به‌رز راگرتنی ساڵیادی كۆچکردنی ئه‌و كارەکتەر و كاریزما مێژوویی و نیشتمانی و جیھانییەوە كه‌ بێگومان زۆر له‌وه‌ی شایسته‌تره‌ له‌ ئاستی خه‌باتی مێژوویی بێوچانی ئەم کەسایەتییە مه‌زنەدا، چونكه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ویژدان و دڵسۆزی و ده‌م و ده‌ست و داوێنپاكی و په‌خشنده‌یی و لێبورده‌یی، سیاسه‌تی ده‌كرد. 
لە سۆنگه‌ی خزمه‌تكردنه‌وه‌ رابه‌رایه‌تی و خزمه‌تی ئه‌م میلله‌ته‌ی ده‌كرد چ له‌ كوردستان چ له‌ عیراقدا، بۆیه‌ ئێستاش له‌ هه‌ر شوێنێك له‌ دوورترین گوند و شاره‌كانی عیراق و ناوچه‌كه‌ و هه‌ر دیدارێكی سیاسی له‌ ئاستی جیهاندا كه‌ ناوی مام دێت هه‌موان سه‌ری رێز و حورمه‌تی بۆ دادەنه‌وێنن و باس له‌ كۆشش و تێكۆشانەکانی ده‌كه‌ن بە ویژدانەوە دەیگێڕنەوە.
‎  ئه‌مان ئەم مێژووه‌ زیندووه‌ی مام بە ویژدانەوە باس دەکەن، نه‌ك وه‌ك ئه‌و سته‌مكار‌ و دیكتاتۆرانه‌ی كه‌ به‌ درێژایی مێژوو له‌ هه‌وڵی نووسینه‌وه‌ی مێژوویه‌كی چه‌واشە و ناڕاستدان، ده‌یانه‌وێت له‌ رێگەی ساخته‌كاریی مێژوییه‌وه‌ میلله‌ت بگه‌وجێنن.

وتارەکانی نوسەر