یه‌كێتی و قۆناغی ئاینده

09:05 - 2023-10-16
هێڤار محەمەد عومەر*
312 خوێندراوەتەوە

كوردستان و عیراق و كۆی ناوچه‌كه‌ له‌ ململانێی سیاسیی و ئابووری و سەربازیدایە، پێده‌چێت گه‌مه‌كه‌ره‌ گه‌وره‌كان و زلهێزه‌كانی ناوچه‌كه‌ و جیهان چه‌ندین پلان و نه‌خشه‌ی جیاجیایان هه‌بێت‌ بۆ سه‌رله‌نوێ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان و  به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیی ژیانی له‌ كوردستان و عیراق و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش.
‌بێگومان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌ هێزێكی گەورەی كوردستان و عیراقە، لە لایەن‌ سه‌رجه‌م چاودێره‌ سیاسیه‌كانیه‌وه‌ به‌ گرنگیه‌كی زۆر و  بایه‌خیكی گه‌وره‌وه‌ ده‌ڕواننە‌ سیاسه‌ته‌كانی له‌م باره‌یه‌وه‌، چونكه‌ دڵنیان ‌ هیچ له‌و پلان‌ و نه‌خشه‌ و پڕۆژه‌ ئابووری و سیاسییانەی كه‌ له‌ هه‌گبه‌ی وڵاتە زلهێزه‌كان و ناوچه‌كه‌ و جیهانە، بێ یه‌كێتی كه‌ پارێزه‌ری ئه‌جێندای  نیشتمانییه‌ له‌ كوردستان و له‌ عیراق ئه‌سته‌مه‌و جێبه‌جێ ناكرێن، بۆیه‌ سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانی بڕیاری سیاسی له‌ كوردستان و  عیراق و ده‌ره‌وه‌، له‌ چاوه‌ڕوانیدان ‌ یه‌كێتی دوای  پێنجەمین كۆنگه‌ره‌ی چۆن و به‌ كام شێواز مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئەم دۆخه‌ هه‌ستیار و ئاڵۆزه دەکات‌، بۆیه‌  ته‌واوبوونی  كۆنگره و سه‌ركه‌وتن تێیدا، تۆماركردنی ده‌ستكه‌وتێكی تری مێژووییە،‌ یەکێتی‌ توانی گره‌و بباتەوە بەوەی لەو‌ سات و كاتە هه‌ستیاره‌دا كۆنگره‌ی خۆی ببه‌ستێت و سه‌رۆك بافڵ جەلال تاڵه‌بانی وه‌كو سه‌رۆك هەڵبژێرێت.
بەتەواوبوونی کارەکانی کۆنگرە بەسەرکەوتوویی، بروسكه‌كانی پیرۆزبایی دابارین‌ به‌سه‌ر ئاسمانی ده‌باشاندا، لایەن و هێزە دۆستەکان پیرۆزباییان لە یەکێتی کردو یەکێتییەکان و هاووڵاتیانیش پشتیوانیان دووپاتكردەوه‌ بۆ هه‌نگاوه‌كانی سه‌رۆك بافڵ و یه‌كێتی.
راپۆرتە سیاسییەکان پێمان ده‌ڵێن،  سیاسه‌ته‌كه‌ی مام و خزمەتی نیشتمانیی له‌ كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه و‌ سیاسه‌ته‌كانی یه‌كێتی ئەوکات له‌هه‌مبه‌ر پرسه‌ كوردستانیه‌كان ونیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان،  ئێستا سه‌رۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی کاری پێ دەکات و به‌هه‌مان ئاڕاسته‌ پیاده‌ی ده‌كات، چو‌نكه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌ر وەکو چۆن‌ لەسه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی و دامه‌زراندنی، بۆ خزمه‌تی خه‌ڵك و داكۆكیكردن له‌ سه‌روه‌ری یاسا و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و نیشتمان و دیموكراسی هاته‌ دنیای سیاسه‌ته‌وه‌،  ئێستاش به‌هه‌مان شێوازی رابردوو له‌سه‌ر هه‌مان ئامانجه‌كان خه‌بات ده‌كات، بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئازادیی و دیموكراسی و مافه‌ ره‌وا‌كانی گەلی کورد به‌بێ جیاوازی بۆ سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی له‌ كوردستان و عیراق. به‌ڵام دنیای ده‌ره‌وه‌ باوه‌ڕی ته‌واویان هەیە کە یه‌كێتی هەم پارێزەری مافی کوردە لە عیراق و هەم پارێزەری سه‌روه‌ریی عیراقی فیدراڵە، بۆیه‌ دوابه‌دوای كۆتایی كۆنگره‌، ده‌ستبه‌جێ سه‌رۆك بافڵ هه‌نگاوه‌كان و هه‌وڵه‌كانی چڕكردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌و ئامانجه‌ پیرۆزانه‌ی، كه‌ یه‌كێتی كردویه‌تی به‌ نه‌خشه‌ڕێگای نیشتمانی بۆ زیاتر خزمه‌تكردنی خه‌ڵك و زیاتر ئاوه‌دانی و بووژاندنەوه‌ی گوزه‌رانی خه‌ڵك و به‌رگریكردن و داكۆكیكردن له‌ داواكارییه‌كان له‌ كوردستان و عیراق به‌بێ جیاوازی، كه‌ بێگومان ئه‌مه‌ ئه‌ركێكی نیشتمانیی پیرۆزه‌ كه‌ یه‌كێتی خۆی به‌ خاوه‌نی ده‌زانێت و له‌ پێناویدا به‌رده‌وام ده‌بێت.

وتارەکانی نوسەر