وردتر

بەکارهێنانی نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان

10:12 - 2023-05-23
لەشکر حەمە ساڵح
253 خوێندراوەتەوە

خەڵكی كوردستان دڵخۆش بوون كە جۆرێك لە نزیكبوونەوە و لێك تێگەیشتن لە نێوان یەكێتی و پارتیدا هاتبووە ئاراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هەنگاونان بۆ رێكەوتن، بەڵام وەك دەركەوت ئەو دڵخۆشبوونەی خەڵك درێژەی نەکێشا.
كاتێك ئەم وشانە دەنووسم، پارتی دەڵێت: كۆمسیۆنی هەڵبژاردنم كارا كردۆتەوە و یەكێتیش رەتیدەكاتەوە كە كارێكی لەو جۆرە لەناو پەرلەمانی كوردستاندا روویدا بێت، چونكە سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنەكەی كۆتایی پێهێناوە و لە دەسەڵاتی كەسیشدا نییە ئەو دانیشتە دەست پێبكاتەوە تا دواتر كۆمسیۆن كارا بكرێتەوە.
لە راستیدا كێشەكانی ئەمڕۆی كوردستان زۆر و زەوەندن، كێشەی یاسایی و سیاسی و هەروەها كێشەی خەڵك و نەوت و بودجە و دواكەوتنی مووچە و زۆری تر هەن، بەڵام كاتێك باز بەسەر هەموو ئەو كێشانەدا دەدەیت و دەتەوێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كارا بكەیتەوە، خۆی دیارە ئەم مەسەلەیە بۆ ئەوەیە درێژە بەم دۆخە بدەیت؛ واتە كێشەكانی پێشەوە هەر بەردەوام بن و بەهەمان یاسای پێشوو هەڵبژاردن بكەیت كە تا ئەگەرێكی زۆر، هەمان ئەنجامی دەبێت، ئەگەر خراپتریشی لێنەكەوێتەوە!
یەكێك لەو خاڵە گرنگانەی كە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی كوردستان زەقیكردەوە، مەسەلەی پێكهاتەكان و بەكارهێنانیانە لەناو پەرلەمانی كوردستاندا بۆ مەرام و بەرنامەی لایەنێكی دیاریكراو. 
پارتی بە بەكارهێنانی پۆستی سكرتێری پەرلەمان، كە گوایە دراوەتە پێكهاتەی توركمان، راستی و دروستی قسە و لێدوانەكانی ماوەی رابردووی یەكێتیی سەلماند كە دەیوت ئەو كەسانەی لەسەر پشكی پێكهاتەكان لەناو پەرلەماندان، نوێنەرایەتی خودی پێكهاتەكان ناكەن، بەڵكو لەلایەن پارتییەوە بەكاردەهێنرێن، وەك چۆن سكرتێری پەرلەمان بەكارهێنرا بۆ بەپەلە زیادكردنی بڕگەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن لە دانیشتنی دوێنێ دووشەممەدا كە لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە پووچەڵ كرایەوە.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان رۆژی یەكشەممە 2023/5/21 لەبارەی زیادكردنی بڕگەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنەوە ناڕەزایی دەربڕی و رایگەیاند، "فراکسیۆنی پارتی بە بەكارهێنانی نوێنەری بەناو پێكهاتەكان، لە هەنگاوێكی تاكلایەنەی نایاساییدا، بڕگەیەكیان بۆ بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان زیادكردووە و نوێنەری بەناو پێكهاتەكانی لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بەكارهێناوە بۆ ئیمزاكردن لەسەر بابەتێكی ناپەیڕەوی، ئەمەش هەنگاوێكە بە ئاراستەی قووڵكردنەوەی ململانێی سیاسی".
ئەوەی دووشەممە 2023/5/22لە پەرلەمانی كوردستان روویدا، راستییەكی تاڵ و لە هەمان كاتدا روونە لەسەر بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان.
 ئەگەر قەرارە خواستێك هەبێت  بۆ چاکكردنەوەی ئەم دۆخەی هەرێم، نابێت بارودۆخەكە بەو جۆرە بەردەوام بێت. دەریشكەوت، نیشاندانی نیازپاكی لەلایەن یەكێتییەوە بۆ چارەسەركردنی كێشە جۆراوجۆرەكانی كوردستان، بە مەسەلەی یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و نوێنەرایەتی پێكهاتەكانیشەوە، بە نیازخراپی دەقۆزرێتەوە! دڵخۆشبوونی خەڵكیش لە هەمبەر پێشهاتێكی لەو جۆرە، پێناچێت لە جێگەی خۆیدا بێت.

وتارەکانی نوسەر