(7)
هه‌رچه‌نده ده‌بوایه گۆشه‌ی ئه‌مجاره‌م له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندێك بوایه، چونكه راستییه‌كه‌ی نووسیومه و ویستم ئه‌وه دابنێم، به‌ڵام له‌م رۆژانه‌ی رابردوو، به‌ختیاری مه‌لا عززه‌ت وه‌كو هه‌میشه به خۆی و به كتێبێك یان گۆڤارێكی دانسقه‌وه سه‌ردانم ده‌كات، بۆیه ئه‌مجاره‌ش هه‌ر وایكرد كاتێك له رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه نوێترین ژماره‌ی گۆڤاری(مه‌هاباد)ی بۆ هێنام.
من لام سه‌یر نییه، كه گۆڤاره‌كه به‌رده‌وامی هه‌یه و زیاتر له 22 ساڵه مانگانه ده‌رده‌چێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لام سه‌یره، سه‌ره‌ڕای ئه‌و ره‌وشه خراپه‌ی به‌سه‌ر میدیای كاغه‌زیی به شێوه‌یه‌كی گشتیی‌دا هاتووه، له‌وانه‌ش خراپتر ئه‌و ره‌وشه ئابورییه سه‌خته‌ی هاووڵاتیانی ئێران پێیدا تێده‌په‌ڕن به‌تایبه‌ت له ناوچه كوردییه‌كان، كه‌چی ئه‌م گۆڤاره نازداره هه‌ر به‌رده‌وامه له ده‌رچوون و تیراژه‌كه‌شی ته‌نیا بۆ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان (3500) نوسخه‌یه، كه ئه‌مه‌ش دڵخۆشییه‌كی ئێجگار زۆری پێبه‌خشیم.
دوا ژماره‌ی گۆڤاری مه‌هاباد كه ژماره (224)ه، وه‌كو ده‌ڵێن فه‌قیرانه ده‌رچووه، چونكه لاپه‌ڕه‌ی گۆڤاره‌كه وه‌ره‌قه‌ی بۆری جه‌ریده‌ی تێدا به‌كارهاتووه، كه ئه‌مه‌ش بێگومان ته‌مه‌نی مانه‌وه‌ی گۆڤاره‌كه كورتتر ده‌كاته‌وه له رووی ئه‌رشیفییه‌وه، به‌ڵام دیاره مدیری مه‌سئولی گۆڤاره‌كه، ده‌رچوونی پێباشتر بووه، نه‌ك چاوه‌ڕوانی بودجه و تێچووی زه‌به‌لاح.
خاڵێكی تری ئیجابی گۆڤاره‌كه له‌وه‌دایه كه چه‌ند كۆمپانیایه‌كی پیشه‌سازی شاره‌كه، ریكلامیان داوه به گۆڤاره‌كه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێك له تێچووی گۆڤاره‌كه‌ش بكه‌وێته سه‌ر شانی ئه‌وان.
گۆڤاره‌كه، ده‌یه‌وێت به خوێنه‌رانی بڵێت، من هه‌ر به‌رده‌وامم له ده‌رچوون، چونكه له به‌رگی یه‌كه‌می گۆڤاره‌كه، وێنه‌یه‌كی جوانی هونه‌رمه‌ند عه‌زیز شارۆخ-ی داناوه، كه له راستیدا ئه‌وه‌ی شاره‌زای مه‌هاباد بێت، ده‌زانێت ئه‌م زاته ره‌مزی مه‌هاباده، مه‌به‌ستی گۆڤاره‌كه‌ش له دانانی ئه‌م وێنه‌یه هه‌ر ئه‌وه‌یه بڵێت گۆڤاره‌كه‌ی شاره‌كه‌ی شارۆخی هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت، چونكه له راستیدا هیچ بابه‌تێكی ئه‌م ژماره‌یه له‌سه‌ر عه‌زیز شارۆخی نییه، به‌ڵكو 64 لاپه‌ڕه‌ی به پێزی نووسینی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و فه‌رهه‌نگی له خۆده‌گرێت كه به زمانێكی خۆشی موكریانی نووسراون.
دیاره ده‌مێكه، من بۆچوونم له‌سه‌ر هونه‌ر و رۆشنبیریی وایه كه له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له ئاستێكی باڵادایه، بۆیه لام ئاساییه كه گۆڤارێك به‌م حه‌ماسه‌ته‌وه ده‌ربچێت.
بێگومان، گۆڤاری مه‌هاباد و ئه‌وانه‌ی تریش بۆنی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیان لێدێت، به هیوام وه‌كو هه‌میشه به‌رده‌وام بێت له ده‌رچوون و ئه‌و ماڵه هه‌ر ئاوه‌دان بێت كه به زمانێكی ره‌وانی كوردی ده‌رده‌چێت و خزمه‌ت به فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌كه‌ن.