دەر و دراوسێ

ململانێ سیاسییەكان تێپەڕاندنی بودجە دوا دەخات

10:47 - 2023-05-24
بورهان شێخ رەئوف
219 خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی هەواڵەكانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پێ ناچێت لەم هەفتەیەشدا پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی ئیتیحادی عیراق  دەنگی لەسەر بدرێت بەهۆی ناكۆكی و ململانێی نێوان زۆرێك لە لایەنە سیاسییەكان لەسەر زۆر بەند و بڕگەی، بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندیان بە پشكی پارێزگاكانەوە هەیە .
بە تایبەتی هەموو لایەنەكانی ناو ئەنجوومەنەكە بە هەستیارییەكی زۆرەوە هەڵسوكەوت لەگەڵ یاسای بودجەدا دەكەن، كە بۆ ئەمساڵی 2023 و ساڵانی 2024 و 2025 یش دەبێت، لەوەش گرنگتر كە بڕیارە لە مانگی تشرینی داهاتوودا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكرێت، بۆیە هەرلایەنە دەخوازێت خۆی نمایش بكات بۆ بە دەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر بۆ ناوچەو پارێزگانی بۆ ئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێوە بكەن .
لەكاتێكدا ئەنجوومەنی وەزیران لە 13/3/2023  رەشنووسی گەورەترین بودجەی دارایی پەسەندكرد لە مێژووی عیراقداو رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی  كرد، زیاتر لە 197 تریلیۆن 828 ملیار  دیناری عیراقیە، واتە بەرامبەر (152.2) ملیار دۆلاری ئەمریكییە، بە كورتهێنانی خەمڵێنراو بە 73 تریلیۆن دینار .
دەنگۆی ئەوەش هەیە لە نێو پەرلەماندا كە نەتوانرێت لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا یاساكە تێپەڕێنرێت، ئەگەری ئەوەش هەیە پەنا بۆ دەنگدانی بەش بەش و قۆناغ بە قۆناغ پەیڕەو بكرێت، لەسەر ئەو بەندانەی كە ناكۆكیان لەسەر  نییە و خاڵی هاوبەشی نێوان فراكسیۆنەكانن، ئەو بەندانە دوابخرێن تا كاتێك سازان و رێكەوتنی لەسەر دەكرێت .
لەلایەكی ترەوە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران بەردەوامە لەگەنگەشەو تاوتوێكردنی بڕگەو مادەكانی یاسای بودجە، چونكە تێبینی زۆر هەیە لەسەر زۆرێك لەو بڕگانە، بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندیان بەتەرخانكردنی دارایی  بۆ پارێزگاكان و هەندێك لە وەزارەتەكان هەیە، ئەوەش پێویستی بەكاتی زۆر هەیە تاوەكو گەیشتن بە سازان و رێكەوتن لەسەری .
هەروەها لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران كۆبوونەوەیەكی لە7/5/2023 لەگەڵ (15) پارێزگارەكەی عیراق  كرد، جگە لەهەرێمی كوردستان بۆ  قسەوباس لەسەر یاسای بودجە، دواتر لیژنەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە ئەندامەكانی گوێ بیستی داخوازی و پێداویستی‌وە خێرا و لە پێشینەكانی پارێزگاكان و چۆنێتی دابەشكردنی بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر پارێزگاكاندا بەجۆرێك هەموو سەكتەرەكانی خزمەتگوزاری لەبواری تەندروستی و وزە و پەروەردە و نیشتەجێكردن و ئاو و ئاوەڕۆ و پرد و رێگاوبانەكان بگرێتەوە، جگە لەتەرخانكردنی بڕی پارەی پێویست بۆ ئەو پڕۆژانەی كە بە  نیوە ناچڵی و تەواو نەكراوی ماونەتەوە .
لە كۆتاییدا هەرچەند محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران خوازیارە بەزووترین كات یاسای بودجە تێپەڕێنرێت بۆ بەردەوامبوونی  ئەو جۆرە سەقامگیرییە سیاسییەی هاتۆتەئاراوە،  تەواو بوونی ولایەتی حكومەتەكەی  كە زۆرینەی لە  چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكانە، سەرەڕای بوونی كورتهێنانی زۆر تێیدا، ماوەتەوە كێشەی هەرێمی كوردستان كە نەوت فرۆشتنی وەستاوە و تائێستا توركیا قایل نەبووە دەست بە نەوت فرۆشتن لە بۆری هەرێمەوە بۆ  بەندەری  جیهان  بكرێتەوە، ئەمەش قەیرانێكی ترە دەبێت یاسای بودجەی عیراق چارەسەری خێرای بۆ ببینێتەوە.

وتارەکانی نوسەر