کورد لە نێو بەرداشەکانی تورکیادا

10:54 - 2023-05-25
ئارێز عەبدوڵڵا
266 خوێندراوەتەوە

هەرچەندە ئابووریی تورکیا داتەپیوە و باری ژیانی خەڵکەکەی بەتایبەتی کەمدەرامەتەکان زۆر گران و نالەبارە، بەڵام هێشتا لە هەڵمەتی هەڵبژادندا نەک چاکردنی باری ژیانی خەڵک و بوژاندنەوەی ئابووری ئامانجی سەرەکین، بەڵکو دروشمە بریقەدارە نەتەوەیی و نەژادپەرستییەکان هەژموونیان هێندە کارا و کاریگەرە کە تای تەرازووی ململانێی هەڵبژاردن دەگۆڕن. 
لەم هەڵبژاردنەدا کێبڕکێ لەسەر بەرزکردنەوە و  پیشاندانی کێرڤی تورکچێتی و دژایەتیکردنی گەلانی ترە، بەتایبەتی کورد. تەنانەت نەژادپەرست و توندڕەوەکان وەک یەک لە هەردوو بەرەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات بە یەک ئاواز دەخوێنن و  ئاو لە ئاشی دەوڵەتی رەگەزپەرست دەکەن.
 هەرچەندە لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا کورد بەرەیەکی سەربەخۆ بوو، بەڵام سەرکردەکانیان بەئاشکرا پشتیوانی خۆیان بۆ کەمال کلیچدار ئۆغڵو دەربڕی. ئەوەش لەبەر ئەوەنا کە کلیچدار ئۆغڵو ئامانجەکانیان بەدیدەهێنێت یان دەبێتە فریادڕەس، بەڵکو بۆئەوەی لەلایەک مەترسی تاکڕەویی ئەردۆغان نەهێڵن و لەلایەکی دیکەشەوە تۆڵەی سیاسەت و کردەوەکانی لێبکەنەوە. 
سەیر لەوەدایە لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستەی هەدەپەی کورددا، بەشێک لە نەیارە سەرسەختەکانی ئەردۆغان، دەنگیان بە کاندیدی سێیەم دا، یان هەر دەنگیان نەدا، تەنانەت ئاماژە هەیە کە بەشێکیان دەنگیان بە ئەردۆغانیش دابێت!
لایەنە سیاسییەکانی تورکیا کلیچدار ئۆغڵو بە کورد و عەلەوی دادەنێن، بۆیە بەلای شۆفینیست و توندڕەوەکانەوە کە زۆرینەی شەقامی تورکی پێکدەهێنن، نەنگییە دەنگی پێبدەن، بەڵام بەلایانەوە ئاساییە  لە بەرامبەریدا دەست بۆ ئەردۆغانێک بەرزبکەنەوە کە لەڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە تا سەر ئێسقان لێی پەستن.

 

 

 

 

 

مەراڵ ئەکشەنەر بەئاشکرا دژی چارەسەرکردنی کێشەی کوردە و هەر لە سەرەتاشەوە دژی ئەوە بوو کە کلیچدار ئۆغڵو ببێتە کاندیدی شەش لایەنە سەرەکییەکەی ئۆپۆزسیۆن. ئەو هەڵوێستەی ئەکشەنەر و هاودیدەکانی کاریگەریی خراپیان کردە سەر شەقامی ئۆپۆزسیۆن. 
لەلایەکی دیکەشەوە مەرجی سەرەکی مەهەپە بە سەرۆکایەتی دەوڵەت باخچەلی بۆ پشتیوانیکردنی لە ئەردۆغان روبەڕوبوونەوەی کوردە، نەک تەنیا لە تورکیا، بەڵکو لە رۆژئاوا و باشووری کوردستانیش. 
ئێستا کورد لەناو بەرداشی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا دەهاڕرێ و لێدوان و هەڵوێستە گۆڕاوەکانی ئەو دواییەی کلیچدار ئۆغڵو-ش بە مەبەستی راکێشانی سەرنجی نەژادپەرستەکانی تورک بە ئاشکرا دیارە. 
لەسەرەتادا ئەردۆغان بیری لە راکێشانی هەدەپە بەلای خۆیدا کردەوە، بەڵام ئەو لە نێوان هەدەپە و مەهەپەدا دووەمیانی هەڵبژارد.
 کلیچدار ئۆغڵو-ش لە نێوان هەڵبژاردنی هەدەپە و ئیی پارتییەکەی ئەکشەنەردا بە میانڕەوی هەڵسوکەوتی کرد، سەرەنجام دەنگی کوردی بەدەستهێنا، بەڵام رێژەیەکی دیاری دەنگی تورکیشی لەدەستدا. 

 

 

کورد لەناو بەرداشی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا دەهاڕرێ و لێدوان و هەڵوێستە گۆڕاوەکانی ئەو دواییەی کلیچدار ئۆغڵو-ش بۆ راکێشانی سەرنجی نەژادپەرستەکانی تورک بە ئاشکرا دیارە 


ئەو گەمە سیاسییەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات ئاساییە، بەڵام ئەگەر بە لۆجیکی سیاسی سەردەم و پێوەرە مرۆڤایەتییەکان بابەتەکە هەڵبسەنگێنین، دەبینین هاوکێشەیەکی گاڵتەجاڕییە و لەو نێوانەشدا کورد قوربانییە، چونکە بەرداشی هەردوو لایەنەکە بە وزە و هەژموونی تورکچێتی دەگەڕێ. 
28ی ئەم مانگە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنە، ئەوەی دیارە ئەردۆغان لە پێشەوەیە، ئایا ئەگەر بیباتەوە قۆناغی هەڵمەتی هەڵبژاردن تێدەپەڕێنێ و بە بەرپرسیارێتییەوە سەیری کێشەکانی ناو تورکیا بە گشتی و کورد بە تایبەتی دەکات، یان رق ئەستورتر دەبێ و تۆڵە دەکاتەوە؟ 
بەش بە حاڵی خۆم هیچ تروسکاییەکی ئومێد لە ئەردۆغان نابینم، هەرچەندە سەرکردەیەکە دەتوانێت بڕیاری گرنگ بدات و گۆڕانکاریی گەورە بکات. 
باشە ئەگەر کلیچدار ئۆغڵو بیباتەوە، چی بۆ کورد دەکات؟ ئەگەر بشیەوێت کارێک بکات، بەدڵنیاییەوە ناتوانێت یەک هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە باوێ، بەڵام قۆناغێکی نوێ دێتە پێشەوە و سەردەمی هەژموونی ئەردۆغانیزم بەسەر دەچێت، کە ئەوەش لە بەرژەوەندیی گەلانی تورکیا و وڵاتانی دەر و دراوسێشە.

وتارەکانی نوسەر